زووم..
رێکخراوی یونسکۆی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لەدوای گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆسەر دەسەڵات لە ئەفغانستان یەک ملیۆن و 400 هەزار کچ لە خوێندنی ناوەندیی بێبەشبوون.
یونسکۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان دۆخی خوێندن و گەیشتن بە فێربوونی بنەڕەتی لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ژمارەی ئەو کچ و کوڕانەی پەیوەندییان بە قوتابخانەکانەوە کردووە بەڕێژەی یەک ملیۆن و 100 هەزار کەمیان کردووە.
رێکخراوەکە هۆشداری لە دابەزینی ئاستی خوێندن لە ئەفغانستان داوە و نیگەرانە لەوەی رەنگە ئەم دۆخە ببێتەهۆی ئەوەی منداڵان لەبری خوێندن کاربکەن و هاوسەرگیری پێشوەختەیان پێبکرێت.
دەشڵێت، لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا دەسەڵات هەموو ئەو پێشکەوتنانەی لەناوبرد کە لە دوو دەیەی رابردوو ئەفغانستان بەخۆیەوە بینیبوو، بۆیە داهاتووی نەوەیەک بەتەواوەتی لە مەترسیدایە.