زووم..
رێکخراوی چاودێرى مافەکانى مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەجووڵێنێت؛ داوا لە حکومەتى عێراق دەکات پەلە بکات بۆ هەڵدانەوەیان و دەڵێت، رووفاتى هەزاران ئەنفالکراو و قوربانیانى دیکە هێشتا لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمى حکومەتى بەعسدان.
رۆژى سێشەممە، 13ـى ئابى 2024 عێراق، رێکخراوی چاودێرى مافەکانى مرۆڤ راپۆرتێکى لەبارەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى عێراق بڵاوکردەوە، زیاتر باس لە گۆڕى ئەنفالکراوان دەکات و دەڵێت، رووفاتى هەزاران کەس لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەرتاسەری عێراقدا ماونەتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ هەڵدانەوەیان.
رێکخراوەکە داوا لە حکومەتى عێراق دەکات پەلە بکات لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکان.
رێکخراوەکە داواش دەکات حکومەتی عێراق وادەی کارکردنی تیمەکانی یونیتاد کە سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکانە و هاوکاری فەرمانگە پەیوەندیارەکانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان درێژبکاتەوە.
سارە سەنبەر توێژەی عێراقی لە رێکخراوەکە دەڵێت، گۆڕە بەکۆمەڵەکان بیرهێنانەوەیەکی پڕ ئازارە بۆ سەردەمی توندوتیژترین مێژووی عێراق، مافی کەسوکاریانە هەڵبدرێنەوە و چارەنووسی خۆشەویستانیان بزانن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گۆڕە بەکۆمەڵەکانى عێراق، رووفاتی 400,000 هەزار کەسی تیدایە و یەکێکیشە لەو وڵاتانەی جیهان، کە زۆرترین ژمارەی بێسەروشوێنبووانی هەیە، کە لەنێوان 250,000 هەزار بۆ ملیۆنێک دەخەمڵێندرێت و زۆرینەیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان.
لەگەڵ ناوهێنانى گۆڕە بە کۆمەڵەکان کەسوکارى ئەنفالکراوان مووچڕکە بە گیانیاندا دێت؛ حکومەتى بەعس پرۆسەى ئەنفالى بە هەشت قۆناغ ئەنجامدا، لە 22ـى شوباتى ساڵى 1988 لە دۆڵى جافایەتى پارێزگاى سلێمانى دەستیپێکرد و لە 6ـى ئەیلولى هەمان ساڵ لە بادینان سەرکەوتنى پرۆسەکەى راگەیاند.
لە پرۆسەى ئەنفالدا حکومەتى بەعس لە 250 شوێن چەکى کمیایی بەکارهێنا، زیاتر لە 20 ناحیە و پێنج قەزا رووخێندران 4,500 گوند تەختى زەویی کران. 182 هەزار هاووڵاتى کورد ئەنفالکران.
زیا کەریم توعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2003 بەدواوە 288 گۆڕی بەکۆمەڵمان هەڵداوەتەوە، بەڵام تاوەکو خاوەنی تۆمارێکی نیشتمانی یەکگرتوو نەبین، ناتوانین ژمارەی رووفاتى گۆڕە بەکۆمەڵەکان بزانین، عێراقیش خاوەنی تەنها یەک تاقیگەیە بۆ ناسینەوەی رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەڕێی پشکنینى DNAـەوە، کە لە شارى بەغدادەیە.
ئەو دەڵێت، لە حاڵەتی جێهێشتنى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، رووبەڕووی بۆشاییەکی فراوان دەبینەوە، چونکە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ماوەی کارکردنیان کۆتایی بێت.
لەلایەکی دیکەوە خەبات عەبدوڵا، راوێژکار لە وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان یەک تاقیگە هەیە بۆ ناسینەوەی رووفات لەڕێی DNAـەوە، کە سەر بەوەزارەتی ناوخۆیە و رۆژانە دەتوانێت ناسنامەی پێنج بۆ حەوت تەرم دیاری بکات، بەڵام ئەوەی بەغداد تایبەتە بە دیاریکردنی ناسنامەی رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەى هیومەن رایتس وۆچ لەبارەى تاوانەکانى داعشە؛ لە ساڵی 2017 بۆ 2023 نەتەوەیەکگرتووەکان هاوکاری حکومەتی عێراقی کردووە بۆ دەرهێنانەوەی رووفاتی 1,237 قوربانی رووداوەکەی سپیاکەر، کە لە 14 گۆڕی بەکۆمەڵدا بوون و تاوانەکەش لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا.