زووم..
سەرەڕای زیادبوونی کوشتارییەکان و لێدوانەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگی 10 مانگەی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەزە، ئەمریکا رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەک بە بەهاى 20 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل دەربڕی.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندە بە بەهاى 20 ملیار دۆلار چەک بە ئیسرائیل بفرۆشێت، لەوانە دەیان فڕۆکەی جەنگی و موشەکی پێشکەوتووی ئاسمانی.
لەو بارەیەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، ئاگادارکراونەتەوە رێککەوتنی فرۆشتنی چەک لەگەڵ ئیسرائیل بە جۆرێکە، زیاتر لە 50 فڕۆکەی ئێف 15، موشەکی مامناوەندی ئاسمانی، هاوەن و ئۆتۆمبێلی تاکتیکی لەخۆدەگرێت.
فرۆشتنی ئەو چەکانە بە ئیسرائیل لە کاتێکدایە، جۆ بایدن چەند جارێک بە میدیاکانی گوتووە، وەک سەرۆکی ئەمریکا فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل و حەماس بۆ ئەوەی دوای 10 مانگ لە “خوێنڕشتن”، ئاگربەست رابگەیەنن.
لەدوای دەستپێکی جەنگی غەزەوە، گرژییەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە، لەوانە هێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری، هێرشکردنە سەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە.