زووم..
پاش چەند رۆژێک لە بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، کە لەلایەن ئێرانەوە “هاککران”، کەمپەینی بانگەشەی کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، لە لایەن هاککەرە بیانییەکانەوە کراونەتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسی کەمپەینی کامالا هاریس رایگەیاندووە، لە مانگی تەمموزدا تیمە یاسایی و ئەمنییەکانی کەمپەینەکە FBI ـیان ئاگادار کردەوە کە ” بووینەتە ئامانجی هاککەرە بیانییەکان.”
ئەو بەرپرسەی کەمپەینەکە گوتوویەتی، “ئێمە رێکاری بەهێزی ئاسایشی ئەلیکترۆنیمان هەیە. لە ئێستادا ئاگاداری هیچ پێشێلکارییەکی پاراستنی سیستەمەکانمان نین.”
هەرچەندە تائێستا کەمپەینەکە هیچ زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بەوەی لە چی لایەنێکەوە هەوڵی هێرشانە دراون؛ ئاشکرا نەکردووە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی، “هێشتا لە پەیوەندیدان لەگەڵ دەسەڵاتداران پەیوەست بەو بابەتەوە.”
ئەمە لە کاتێکدایە، دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “هۆشداری دەدەینە ئێران لە دەرئەنجامەکانی هەر دەستوەردانێک لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەمان”. ئەو هۆشدارییەش دوای راگەیاندنی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ هات کە باسیان لەوەکردبوو هاککراون.
شەممەی رابردوو، بەرپرسی کەمپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشتی هاککردنەکانی کەمپەینەکە بوون و چەند بەڵگەنامەیەکیان دزە پێکردووە.
کەمپەینەکە هۆشداری دایە میدیاکان لە بەکارهێنانی ئەو بەڵگەنامانە و رایگەیاندووە، کە ئەم جۆرە کارانە خزمەت بە “دوژمنانی ئەمریکا” دەکەن.