زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
رۆژنامەی مەدا
مقاوەمەی عێراق: ئەمریکا و ئیسرائیلمان لە وەڵامی یەکگرتوو لەگەڵ ئێران ئاگادارکردووەتەوە
گوتەبێژی بزوتنەوەی نوجەبای عێراقی دەڵێت، ئەگەر جارێکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا رۆڵەکانی عێراق بکەنە ئامانج و بواری ئاسمانی وڵاتەکە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بقۆزنەوە، ئەو کاتە وەڵامیان هیچ سنوورێکی نابێت و بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئێران وەڵامدانەوەیان دەبێت.
شەرقلئەوسەت
ئێران بەرپەرچدانەوەکەى پەیوەست دەکات بە چارەنووسی ئاگربەستى غەزەوە
ئێران بەرپەرچدانەوەکەى پەیوەستدەکات بە چارەنووسی ئاگربەستى غەزەوە و ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاش سەردانەکەى بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دوادەخات.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانى باڵای سەربازیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، تاکە رێگەى بەرپەرچدانەوەى ئێران لەدوای کوژرانى ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکى مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەى حەماس لەنێو خاکى وڵاتەکەى، پەیوەستە بەو گفتوگۆ و دانوستانە چاوەڕوانکراوەى سبەى بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتى غەزە
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکیش لە دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنى بلینکن، بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک سەردانەکەى دواخستووە، کە بڕیار بوو شەوی رابردوو سەردانى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەراست بکات.
عەرەب
پاشەکشەى رۆژنامەى کاغەز لە عێراق زیانى بە خوێنەر و فرۆشیارانى رۆژنامە گەیاندووە
پشتبەستن بە دروستکردنى هەواڵ بەشێوەى دیجیتاڵی و تەکنەلۆژییای نوێ لە سەرتاسەری جیهان، کارێکى وایکردووە فرۆشیارانى رۆژنامە کاغەزییەکان دووچاری چەندین ئاستەنگى بژێوی ببنەوە و پەناببەنە بەر رێگاکانى دیکەى ئەو کار و بژێوییە.
یەکێک لە رۆژنامەفرۆشە کاغەزییەکان لە پارێزگای نەجەفی باشووری عێراق دەڵێت، پێش چەند ساڵێک نزیکەى 250 کەس بژێوییان لەسەر فرۆشتنى رۆژنامەی کاغەزی بووە، بەڵام ئێستا لەو ژمارەیە تەنها سێ کەس بەدیدەکرێت کە یەکێک لەوانە منم.
دەڵێت ئەوان بۆ قوتى رۆژانەی خۆیان وازیان لەو پیشەیە نەهێناوە، رۆژانێک شتەکان ئێجگار جوان بوون، بەڵام ئێستا مۆبایل رۆژنامە کاغەزییەکانى تەفروتوناکرد و لەناوی برد.
قودسی عەرەبی
هیومان رایتس ۆچ داوا لە عێراق دەکات گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانییانى کۆمەڵکوژیی هەڵبداتەوە
رێکخراوى هیومان رایتس وۆچی تایبەت بە مافەکانى مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا لە حکومەتى عێراق دەکات گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانییانى کۆمەڵکوژییەکان هەڵبداتەوە، کە لە سەروەختى حکومەتى بەعسدا ئەنجامدراون و هەندێکی دیکەشیان رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 ئەنجامیداون کە رووبەرێکی فراوانی عێراقیان کۆنتڕۆڵکرد.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات، هێشتا لاشەى چەندین سەدان هەزار قوربانى لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا لەسەرتاسەرى عێراق هەن کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانەى سەدام حسێن لە ساڵی 1988 دا بەسەر کوردەکانى هێنا، هەندێکی دیکەشیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵکوژییەکانى رێکخراوى داعش لەنێوان ساڵانى 2014 و 2017.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
بە ستامەر گوترا هەندێک خەڵکی ئیشکەرى بەریتانیمان بۆ پەیدابکە
شەوی رابردوو پارتی کرێکاران کەوتە ژێر فشارەوە، داوای لێکرا رووبەڕووی قەیرانی بێکاری ببێتەوە. نزیکەی نۆ ملیۆن و 400 هەزار کەس لە بەریتانیا هەن، کە لە تەمەنی کارکردندان، بەڵام نە کاریان هەیە و نە بۆشی دەگەڕێن.
ئەم ژمارەیە واتە لە هەر پێنج کەسێک کە لە تەمەنی کارکردندان یەکێكیان بێ کار دانیشتووە. ژمارەیەکی زۆر لەم خەڵکە لە شوێنی کارکردنی خۆیاندا بەڵگەیان پێشكەشکردووە، کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و ناتوانن کار بکەن. ئەمە گرفتێكە سەرئێشەی بۆ راشێڵ ریڤز، وەزیرى خەزێنەى بەریتانیا دروستکردووە، لەبەرئەوەی خاوەنکارەکان ناتوانن ئەو دەستی کارانەیان دەستبکەوێت کە پێویستیان پێیەتی. بۆیە راشێل بڕیاریداوە، لە کاتی بڕیاردان لە بودجەی وەرزی پایزدا کارێک لەسەر ئەو کێشەیە بکات.
تایمز
دوودڵ مەبە هاوڕێ مل بنێ بەرەو ئوسترالیا بۆئەوەی دووساڵ زیاتر بژیت
دەیان ساڵ بوو خەڵکی بەریتانیا گلۆر دەبوونەوە و ملیان دەنا بەرەو ئوسترالیا دەچوون بۆئەوەی ساڵێک لەوێ بمێننەوە و چێژ لە بوونی خۆر و ژیان لەسەر کەناری دەریاکان ببینن. بەڵام ئێستا بەهانەیەکی دیکەشیان بۆ دروستبووە، بۆئەوەی لە ئوسترالیا بەرەو خوارتر بڕۆن. دەڵێن لە ئوسترالیا چانس و هەلی ئەوەیان هەیە زۆرتر بژین.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە لەنێو ئەو وڵاتە دەوڵەمەندانەدا، کە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە نموونەی بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا، ئێرلەندە و نیوزیلەندە، ئوسترالییەکان لە هەموویان زۆرتر دەژین. تێکڕای تەمەن بۆ مرۆڤێکی ئاسایی لە ئوسترالیا دوو ساڵی زیاترە لە تێکڕاکەی بەریتانیا و پێنج ساڵیشی زیاترە لە هی ئەمریکا، کەواتە خەڵکی ئوسترالیا لە هاووڵاتیانی هەموو ئەو وڵاتانە زیاتر دەژین، کە بە ئینگلیزی قسە دەکەن.
زانایان دەڵێن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە، کە ژیان لە ئوسترالیادا تەندروستترە، ئاسوودەترە، تێکڕای بەکارهێنانی جگەرە و مادەی هۆشبەر بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکەدا کەمترە.
عەرەب نیوز
شەڕەکەی غەزە رابگرە، ئەگەر راینەگریت پەلامارت دەدەین، ئێران ئەم پەیامەی بۆ ئیسرائیل ناردووە
راگرتنی شەڕی غەزە تاکە ئەگەرە وا لە تاران بکات هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل رابگرێت، لەبەرئەوەی ئیسرائیل لەنێو تاراندا ئیسماعیل هەنیەی سەرکردەی حەماسی کوشتووە. بەرپرسانی ئێرانی رۆژی سێشەممە ئەم مەرجەی خۆیانیان راگەیاند.
بەرپرسێکی فەرمیی بواری ئەمنی گوتی، ئێران و حزبوڵای هاوپەیمانی چاوەڕوانی ئەوەن گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی ئاشتی لەم هەفتەیەدا ئەنجامێکیان هەبێت. ئێران هەڕەشە دەکات، دەڵێت، ئەگەر ئەو گفتوگۆیانە شکست بهێنن، ئەوانیش ئیسرائیل رادەماڵن.
باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا گوتی، واشنتن داوای لە دۆستانی کردووە پەستان بخەنە سەر تاران بۆئەوەی چاوەڕوانی بە ئەنجامگەیشتنی گفتوگۆکانی ئاگربەست بکەن، تا دەرکەوتنی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە هیچ کردەیەکی سەربازی ئەنجام نەدەن.
دەیلی تەلەگراف
بە خوێندکاران گوتراوە حەزتان لە چییە ئەوە بخوێنن، خۆتان مەدەنە دەستی گریمانەکان
مەبەستی رۆژنامەکە لە خوێندکارانی بەریتانیایە، دەڵێت، لەسەر پێشنیازی سەرۆکی زانکۆکان بە ئەو خوێندکارە زیرەکانەی کە نمرەکانیان بەرزە گوتراوە، خۆیان خواستی هەر پسپۆرییەکیان هەیە بچن ئەوە بخوێنن.
ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی ناوچەکانی ئینگلەند، وێڵز، ئێرلەندەی باکوور لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا نمرەی زۆر بەرزیان هێناوە، سبەینێش کاتی ئەوەیە کە ئەمانە بڕیاری خۆیان بدەن، داخۆ لە کوێ چی دەخوێنن.
چاودێران دەڵێن، زۆربەی زانکۆکان لە ئێستادا قەیرانی داراییان هەیە، بۆیە هانی خوێندکارە دەرچووەکان دەدەن، کە ئەمساڵ بچنە ناو زانکۆکان و بەگوێرەى خواستی خۆیان خوێندن هەڵبژێرن، چونکە بۆ ئەمساڵ ژمارەی ئەو خوێندکارانە زۆر کەمبونەتەوە، کە لە دەرەوەی بەریتانیاوە روو لەو زانکۆیانە دەکەن بۆ تەواوکردنی خوێندن.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
رێکاری نوێ بەرامبەر پەنابەرە سورییەکان دەگیرێتەبەر
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە حوزەیرانی 2022ـەوە هیچ پەنابەرێکی سوری نەهاتووەتە نێو خاکی تورکیاوە.
دەڵێت، لە تورکیا چوار ملیۆن و 437 هەزار و 329 پەنابەری بیانی هەن، کە ناویان تۆمارە لامان، لەو ژمارەیەش سێ ملیۆن و 103 هەزاریان پەنابەری سوریین.
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، ئیدى ئەو منداڵە سوریانەی لە تورکیا لەدایکدەبن پێناسی هاووڵاتیبونی تورکیایان پێنادرێت.
حوڕییەت
مەحسون کرمزگول دەستی بە وێنەگرتنى زنجیرە نوێیەکەی کرد
هونەرمەندی ناوداری تورکیا مەحسون کرمزگول، سەرقاڵی بەرهەمهێنانى زنجیرەیەکی تەلەفیزیۆنییە، یەکەم کاری وێنەگرتنى لە شارۆچکەى کەبەدۆکیا گرت، کرمزگول وەک دەرهێنەر کار لەم زنجیرە نوێیەی دەکات بەناوی وڵاتی ئاشقە جوانەکان.
زنجیرەکە بەم نزیکانە لە کەناڵ دی پەخش دەکرێت. کرمزگول وەک دەرهێنەر لەم زنجیرەیەدا رۆڵی بە کۆمەڵێک ئاکتەری بەناوبانگی تورکیا داوە لەوانەش مەلتەم جومبول، خەلیل ئەرگون، مەلیس بیرکان و هەندێک ئاکتەری دیکە.
کرمزگول رایشگەیاندووە، بۆ وێنەگرتنى زنجیرەکەى سەردانى زێدی خۆی لە ئامەد و چەند پارێزگایەکی دیکە دەکات.
سۆزجو
23 ساڵى فەرمانڕەوایی ئاک پارتی وڵاتی بەرەو هەژاری و نادادپەروەری بردووە
ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزرانی ئاک پارتییە، لەمڕۆدا لەوڵاتدا نە دادپەوەریی بوونی ماوە نە گەشەسەندیش بوونی هەیە.
فەرمانبەر، خانەنیشین، کرێکار، کاسبکار و جووتیار هەژار بوون، وڵات پڕ بووە لە پەنابەری بیانی، 23 ساڵ پێش ئێستا، دۆلارێک 1.63 لیرە بوو، ئەمڕۆ دۆلارێک 33.5 لیرەیە.
ئەوکات کۆی قەرزی دەرەکی 243 ملیار لیرە بوو ئێستا گەیشتووەتە حەوت تریلیۆن لیرە.
بەدەر لە کۆشکی کۆماریی و جەماعەتەکەی هیچ کەسێک لەم دۆخە ئاسوودە نییە.
یەنی بیریک
پێدەچێت کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکى پێشووى جەهەپە بگەڕێتەوە نێو سیاسەت
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە ئاماژەى بەوە داوە دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ نێو سیاسەت و خۆی کاندید بکات.
کلچدارئۆغڵو دەڵێت، کاتێک بووم بە پەرلەمانتاری جەهەپە لە پەرلەمان سیاسەتم دەکرد، بە خەیاڵمدا نەهاتووە، رۆژێک بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرێم. ئەوکات بە زۆرینەى دەنگی پارتەکە بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرام.
رۆژنامە فارسییەکان
هەمدلی
ترەمپ پێیوایە ئێران هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە گوتووێژێکدا لەگەڵ ئیلۆن مەسک رایگەیاند، هەموو چاوەڕوانی هێرشی ئێرانن، بەڵام ئێران هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل.
لەم گفتوگۆیەدا ترەمپ وێڕای رەخنەگرتن لە سەرۆکی ئێستای جۆ بایدن گوتی کە ئەگەر لە شوێنی بایدن بوایە، هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل هەرگیز نەدەکرا.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بیری هێنایەوە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا چینی ئاگادار کردەوە کە ئەگەر نەوت لە ئێران بکڕێت، ئەوا ناتوانێت بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بکات.
ئاسیا
گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکی گەورەتر لە شەڕ
گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئابووری و ژینگە، بەڵام ئێمە هێشتا لە کاریگەرییەکانی بە تەواوی تێنەگەیشتووین.
بەهلوول عەلیجانی، دامەزرێنەری کەشناسی سینۆپتیک، گۆڕانی کەشوهەوا بە مەترسیدارتر لە قەیرانە سەربازی و سیاسییەکان دەزانێت و دەڵێت، هاوینی ئەمساڵ گەرمترین هاوین بوو لە مێژوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەراورد بە پێش شۆڕشى پیشەسازى زەوی دوو پلە وشکتر بووە و گەرمی تەواوی گۆی زەوی 1.35 پلە گەرمتر بووە.
بەڵام لە ئێران پلەی گەرمی هەوا بە رێژەی 2.3 پلە گەرمتر بووە، کە هۆکارەکەی لەناوبردنی ژینگە و بەکارهێنانی سووتەمەنی نەوتین بووە و پێویستە پەرە بە وزەی نوێ بدەین بۆ راگرتنی گەرمبوونی جیهان.
ئەبرار
تاکسیە کارەباییەکانی تاران کڕیاریان نییە
جەعفەر هاشمی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی گواستنەوەی شارەوانیی تاران، لە کۆبوونەوەی ئەو ئەنجومەنەدا ئاماژەی بە کێشەی تاکسیەکانی تاران کرد.
دەڵێت، شۆفێرانی تاکسی پێشوازی لە کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ناکەن و زیاتر لە 30 هەزار تاکسی کۆن لە تاران هەن، بەڵام تەنها 150 کەس ویستی خۆیان بۆ کڕینی تاکسی کارەبایی نیشانداوە.
هاشمی دەڵێت، بەشێک لە بودجەی نوژەنکردنەوەی تاکسیەکان گواستراوەتەوە بۆ رێکخراوی پاسەکان و ئەو تاکسیە کارەباییانەی هاوردە کراون لە کۆگاکاندا خەریکن تۆز دەگرن.
ئەفکار
ئێران بۆ بەرگریکردن لە خۆی مۆڵەت لە هیچ کەسێک وەرناگرێت
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانی ئەم دواییەی سێ وڵاتی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا نیشاندا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە.
دەڵێت، بۆ داکۆکی لە سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پێویستمان بە مۆڵەتی کەسانی دیکە نییە.
کەنعانی ئەو لێدوانەی ئەوروپییەکانى بە پێچەوانەی بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی زانی.
دەڵێت، ئێران بێ وەڵام نابێت بەرامبەر هیچ هەڕەشە و هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و داوای مۆڵەت لە هیچ کەسێک ناکات بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی.