زووم..
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە، پێی گوتووە، پاراستنی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بلینکن و سودانی هەوڵە دیبلۆماسییەکانیان بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و رێگریکردن لە زیادبوونی ناکۆکییەکانیان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بلینکن بە سودانی گوتووە، پاراستنی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان ئەرکی ئەوانە و پێویستە بیانپارێزن.
هەر لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا پابەندیی خۆیان بە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەبارەی دۆسیەکانی پەیوەست بە ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دووپاتکردەوە.