زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
10 سیناریۆ لە بارەی وەڵامی ئێران و هاوپەیمانەکانی بۆ ئیسرائیل
1. هێرش بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان.
2. هێرش بۆ سەر ناوەندە نهێنییەکانی ئیسرائیل لە کوردستانی عێراق و ئازەربایجان.
3. هێرشی راستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل بە موشەک.
4. هێرشی گروپە بە وەکالەتەکانی وەک حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل.
5. هێرشی هاوئاهەنگی ئێران و گروپە بە وەکالەتەکان بۆ سەر ئیسرائیل.
6. هێرشکردنە سەر ژێرخان و پاڵاوگە و بەندەرەکانی ئیسرائیل.
7. هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکووری تەلئەبیب.
8. هێرشکردنە سەر مۆساد و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل.
9. هێرشکردنە سەر کیبوتزەکانی باکووری ئیسرائیل لەلایەن حیزبوڵا.
10. تەقاندنی موشەک لە لوبنان و سوریا و عێراقەوە بۆ ئیسرائیل.
ئاسیا
بەرزترین ئاماری ترانزێتی کاڵا لە مێژووی ئێراندا تۆمار کرا
ئیحسان خاندوزی وەزیری ئابووری ئێران لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ئابووریی بریکس باسی لە دەستکەوتە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ساڵی رابردوو ئێران توانی بە گواستنەوەی 18 ملیۆن تۆن کاڵا زۆرترین رێژەی ترانزێتی کاڵا تۆمار بکات.
ئەم دەستکەوتە سەرکەوتنی ئێران لە کەڵک وەرگرتن لە کۆریدۆر و پێگەی ترانزێتی خۆی لە چاو وڵاتانی دراوسێ نیشان دەدات.
هەروەها لە چوار مانگی رابردوودا، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، %58 گەشەی لە ترانزێتی کاڵاکاندا هەبووە.
باختەر
کرماشان گەورەشارێک بەبێ شوێنی کاتبەسەربردن
کرماشان لە بواری توانای کاتبەسەربردن کێشەی گەورەی هەیە، زۆرێک لە بەرپرسان دان بەو بابەتەدا دەنێن، بەڵام هیچ رێوشوێنێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی ناگیرێتەبەر.
شارێک زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووانی هەیە بەدەست کەمی ئامرازەکانی کاتبەسەربردنەوە دەناڵێنێت و خەڵک بەتایبەت گەنجان کێشەیان هەیە لە بەسەربردنی کاتە بەتاڵەکانیان.
ساڵانێکە پارکە گەشتیارییەکانی شارەکە داخراون و بەڵێنەکانی بەرپرسان بۆ دروستکردنی پارکێکی مۆدێرن جێبەجێ نەکراوە.
پارکەکانی شار ئامرازەکانیان کۆن بووە، سەوزایان وشکبووە، هەروەها سینەما و ناوەندەکانی تری کات بەسەربردنیش کەموکورتییان هەیە، بۆیە پێویستە پەرەپێدانی ئەو ناوەندانە یەکێک بێت لە کارە لە پێشینەکانی شارەوانیی کرماشان.
ئەبراری ئیقتسادی
بەشێک لە خەڵکی ئێران بە کەمتر لە دوو دۆلار لە رۆژێکدا دەژین
یارمەتییە نەختینییەکان لە ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی ژمارەی هەژاران هەبووە.
لە ساڵی رابردوودا بە زیادبوونی یارمەتییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریی رەهادا بوون، بۆ 347 هەزار دابەزیوە.
بە کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ئەتۆمی و زیادبوونی هەڵاوسان، ژمارەی ژێر هێڵی هەژاری بەرزبووەوە، بەڵام زیادبوونی یارمەتییەکانی حکومەت تا رادەیەک توانای کڕینی لای هەژاران باشتر کردووە. هەرچەندە ئەو یارمەتییە کەمترە لە دوو دۆلار بۆ رۆژێک و ناتوانێت کێشەکانی هەژاری چارەسەر بکات.
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
مەرجەکانى تورکیا بۆ کشانەوە لە رۆژاڤا ئاشکرا دەکرێت
یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا بە رۆیتەرزی راگەیاند مەرجەکانى تورکیا بۆ کشانەوەى هێزەکانى لە تورکیا پەیوەستە بە مەرجەکانییەوە، کە بریتین لە دەستوورێکى گشتگیر بۆ سوریا، ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازاد، دروستکردنەوەى پەیوەندیى هەمەلایەنە لەگەڵ هێورکردنەوەى دۆخى نائارامی سوریا.
گوتویەتی، کە باس لە هێورکردنەوەى دۆخەکە دەکەن مەبەستیانە سەرجەم سنوورەکانیان پارێزراوبن و ئەوەى پێویست بێت بۆ ئاسایشى هەردوولا پێکەوە ئەنجامی بدەن، تورکیا لەو رووەوە ئامادەى هەموو جۆرە هاوکارییەکە.
سەباح
بۆ چارەسەری کێشەى هەژاری عێراق دەیەوێت چاو لە بەنگلادش بکات
محەمەد یونس شارەزاى بانکی و یەکێک لە ناوە دیارەکانى بوارى ئابووری جیهان و خاوەنى خەڵاتى نۆبڵی ئابووری و دامەزرێنەى بانکی هەژاران باس لەوەدەکات بانکی هەژاران لە بەنگلادش کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەى رێژەى هەژاریی لەو وڵاتە و زۆریش سەرکەوتوو بووە.
ئەو بانکە قەرزی درێژخایەنى بێسود و بێ دەستبەر دەداتە هەژاران تا لەو رێگەیەوە پرۆژەى بچووک بخەنەکار.
هەروەها گوتویەتی، بانکی نێودەوڵەتى لە 100 وڵاتى جیهاندا پشتیوانى ئەم جۆرە بانکانە دەکات، سەیف حەلەفى پسپۆری بانکی رایگەیاندووە ئەو ئەزمونەى محەمەد یونس لە بەنگلادش گرتویەتییەبەر یەکێکە لە ئەزموونە سەرکەوتووەکان و ژیانى هەژارانى عێراق باشتر دەکات، بۆیە دەبێت لە عێراق هەنگاوى جدی بگیرێتەبەر و حکومەت و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و دەوڵەمەند و سەرمایەداران هەماهەنگی بکەن بە مەبەستى سەرکەوتنى پرۆژەکە لە عێراق.
دەستور
یاساى بەدەستهێنانى زانیاری بۆمبێکى چێنراوە هەرکات بیانەوێت دەیتەقێننەوە
نور نافع ئەندامى لیژنەى رۆشنبیریی و راگەیاندن لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند پرۆژەیاسای بەدەستهێنانى زانیاری کە نێردراوە بۆ پەرلەمان وەک بۆمبێکى چێنراو وایە، چەندین پێچ و پەنا و کۆتوبەندى تێدایە بۆ رێگریی لەوەى میدیاکاران و لایەنە سیاسییەکان و ئەوانەى کە گرنگی بە بەدواداچوون دەدەن، دەستیان بگات بە زانیاری، بۆیە لیژنەکەیان سەرقاڵی ئەوەیە راستکردنەوە بۆ هەندێک لە بڕگە و بابەتەکانى بکات تا خزمەتى رایگشتى و کۆمەڵگە بکات
بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى دەستوور پەرلەمانى عێراق لە رۆژى 14ـى شوباتى 2024 خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پرۆژەیاسای بەدەستهێنانى زانیاری کردووە، تائێستا خوێندنەوەى دووەمى بۆ نەکراوە و هێشتاش نازانرێت کەى دەخرێتە بەرنامەى کارى پەرلەمان.
عەرەب
لە ئەوروپا 47 هەزار و 690 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە
نووسینگەى یوروستاتى ئەوروپى کە لە بوارى ئاماردا کاردەکات بڵاویکردووەتەوە، 823 ناوچە لە 35 وڵاتى ئەوروپى پلەى گەرمایان ئەوەندە بەرزبووەتەوە لە مێژوودا وێنەى نەبووە.
بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە تەنها لە ساڵی رابوردوو 47 هەزار و 690 کەس لە وڵاتانى ئەوروپا بەهۆی بەرزبوونەوەى پلەى گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، وڵاتى یۆنان لە پێش هەموو وڵاتانى ئەوروپاوەیە بۆ رێژەى مردن، لە هەر هەزار کەسێک 393 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بە دواى ئەودا بولگاریا، ئیتاڵیا، ئیسپانیاى باسکردووە کە وەک چوار وڵاتى گەرمى ئەوروپى زۆرترین کەسیان بوونەتە قوربانی.
مانگەکانى حوزەیران و تەمموز و ئابی ئەمساڵ لە یۆنان بە گەرمترین مانگەکانى مێژووى وڵاتى یۆنان تۆمارکراوە کە 39 پلەى سلیزی بووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ستامەر بە ئێران دەڵێت نەکەیت لە ئیسرائیل بدەیت
ئاڵۆزیی هەرێمایەتی دروست بووە، لەم کاتەدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بانگەوازێکی ئاڕاستەی تاران کردووە و پێی گوتوون رەوشەکە بەرەو ئارامکردنەوە ببەن.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوێنێشەو داوای لە ئێران کرد هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل. ئەم داوایەی ستامەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران.
ستامەر بە پزیشکیانی گوتووە، ئەگەر لەم مەسەلەیەدا بەهەڵەداچوون رووبدات، ئەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە، بۆیە داوای لێکردن لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پەشیمان ببنەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
وەزیری دارایی بەریتانیا بەنیازە نۆ ملیار پاوەن بۆ پرۆژەی تونێلەکەی ژێر رووباری تایمز خەرج بکات
رەیچڵ ریڤز، وەزیری دارایی بەریتانیا چاو بۆ کۆمەکی کەرتی تایبەت دەگێڕێت، دەیەوێت نۆ ملیار پاوەن پەیدا بکات بۆ دروستکردنی تونێلێک و شەقامێکی فراوان و خێرا لە رۆژهەڵاتی لەندەندا بە ژێڕ رووباری تایمزدا بڕوات.
وەزیری دارایی بەنیازە دابینکردنی بودجە بۆ ئەم پرۆژەیە لە دەرەوەی گیرفان و حسابی حکومەت بێت، نایەوێت کار بە شێوازە کۆنەکەی کارکردن لەگەڵ کەرتی تایبەتدا بکات و شێوازی خۆی بەکاردەهێنێت، ئەم پلانەشی بەشێکە لەو بەرنامەی کارەی حکومەت کە هەوڵدەدات پارەی کەرتی تایبەت بۆ خزمەتکردنی رێگاوبان بەکاربهێنێت.
تایمز
زێلینسکی شەڕەکەی گەیاندووە بە پوتین
جەنگ گەیشتووە بە کۆرسک و روسەکانیش لەوێ هەڵدێن، بۆیە ئۆکراین بە کریملن دەڵێت شەڕەکە دەگاتە بەردەرگاکەتان.
شەوی رابردوو زێلینسکی هەڕەشەی لە پوتین کرد و گوتی، شەڕەکە دەگاتە بەر دەرگاکەت. هێرشەکەی سوپای ئۆکراین بۆسەر ناوچەی کۆرسک هەفتەیەکی تێپەڕاندووە و هەزاران روسی لە ناوچەکە هەڵاتوون.
ئەو هێرشەی ئێستا روودەدات و کراوەتە سەر ناوچەی کۆرسک گەورەترین دژەهێرشە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینەوە رووبدات، بۆیە پوتینی ناچارکرد بڵێت ئەو هێرشە بووەتە هۆی ترساندنی خەڵک و تێکدانی ئارامیی ناوچەکە.
عەرەب نیوز
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت وەرچەرخانی کوشندە لە رەوشی سوداندا هاتووەتەپێش
برسێتی و لافاو و شەڕی ناوخۆ بوونەتە هۆکاری مردنی هەزاران کەس، کە دەکرا نەمرن، ئەوەی لە سودان روودەدات بە خاڵی وەرچەرخانی کارەساتبار لەقەڵەم دەدرێت.
رۆژی دووشەممە، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دا و رایگەیاند، برسێتی و لافاو بوونەتە سەرباری ئەو کێشە قورس و گەورانەی یەخەی ملیۆنان خەڵکی گرفتاری شەڕە ناوخۆییەکانیان گرتووە، تادێت بارودۆخەکان خراپتر دەبن، بۆیە رێگرییش بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دروست دەبێت.
رۆژنامە تورکییەکان
بیرگون
خەباتی سەر تراکتۆر فراوان دەبێت
لە دوای شارۆچکەی کاراجابەی و نیزیپ لە شارۆچکەی باندرمای سەر بە باڵقەسیر، جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی تەماتە بە دروشمی ”با چیدی بەرهەمی تەماتە و گوزەرانمان نەکەوێتە ژێرپێ و ویژدانی خاوەن کارگەکانەوە” لەبری شەقامەکان رژاونەتە سەر تراکتۆرەکانیان، ئەویش بەهۆی وەرگرتنی بەرهەمی تەماتەکانیان بە نرخێکی هەرزان، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەمە، چەندین دروشمیان کرد بە تراکتۆرەکانیانەوە و شەقامەکایان گرت.
ئایدنلک
واشنتن هەڕەشەی بۆمبی تەوقیت دەکات: بەدەستتاندا دەتەقێتەوە
پەیمانگای واشنتن، کە زۆرجار ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دیاری دەکات، هۆشداری دەدات لە ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندیەکانی ئەنقەرە و دیمەشق، لە دژی ئەم پرسە پەنابەرە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک بۆمبێکی تەوقیتکراویان لێدێت بۆ تورکیا.
پەیمانگاکە هۆشداری داوە لەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وا هەست دەکەن ئامانجی ئەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییانە، رێگریکردنە لە گەلی سوریا بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینیان، هۆشداری ئەوەشی داوە هێشتا پرسی پەنابەران وەک بۆمبی دەستی مەترسیدارە و لە ئەگەری هێرشی رەگەزپەرستانە بۆسەریان، ئەمجارە پرسەکە لە دەست دەردەچێت.
قەرار
کۆبوونەوە لەگەڵ دیمەشق بۆسەر ئاستی وەزیران دابەزی
دوای تێپەڕینی مانگێک بەسەر داواکەی سەرۆککۆماری تورکیادا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نێوان تورکیا و سوریا، کۆبووەنەوەکە بۆسەر ئاستی وەزیران دابەزی.
لەسەر ئەم پرسە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لەبارەی سوریاوە رایگەیاند، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکرێت لەسەر ئاستی وەزیران پێکەوە کۆببینەوە.
سۆزجو
ئاکشەنەر: کڵچدارئۆغڵو دەدەمە دادگا
ئەوان سەردەمانێک هاوبەشی سەر یەک مێز بوون، پێکەوە مێزی شەشقۆڵییان دروستکرد. بەڵام دوای ئەو دۆڕانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەسەریاندا هات، راستەوخۆ مێزەکە هەڵوەشایەوە.
کڵچدارئۆغڵو لە پۆستی سەرۆکی جەهەپەدا نەما، بەڵام لەو سەردەمەدا کاتێک مەرال ئاکشەنەری بەشداربووی مێزی شەشقۆڵی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە، ئەمە بۆ کڵچدارئۆغڵو مایەی نیگەرانی بوو و چەند تێبینییەکەی لەسەر ئاکشەنەر هەبوو.
ئاکشەنەر دەڵێت، ”کڵچدارئۆغڵو پێیگوتم بێبار و بە ناپاک لەقەڵەمی دام. ناتوانم ئەمانە قبووڵ بکەم، لە دادگا یەکتر دەبینینەوە و لەوێ حساب و کتاب دەکەین”.