زووم..
ئاکپارتی لە شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و پەراوێزخستنی پارتی و تورکمانەکان نیگەرانە، دەڵێت، ئەوە سیاسەتێکی راست نییە.
لەوبارەیەوە عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ سیاسەتێکدا بوون کەسی تێدا پەراوێز نەخرێت، بەڵام یەکێتی تورکمان و گروپەکانی دیکەی عەرەبی و پارتی دیموکراتی کوردستانی پەراوێز خستووە، بۆیە بەگوتەی گوتەبێژەکەی ئاکپارتی، ئەوە سیاسەتێکی راست نیە و هەنگاوێکی هەڵەیە لەبارەی کەرکوکەوە نراوە.
راشیگەیاندووە، پێشتریش گوتویانە، هەنگاوێک کە تورکمانەکان پەراوێز بخرێن هەڵەیە، بۆیە بەپێویستی زانیوە مافی تورکمانەکان و پارتی و گروپەکانی عەرەب بدرێت
گوتەبێژەکەی ئاکپارتی دەشڵێت، ئەو هەڵبژاردنە کارێکی هەڵەیە و دۆخێک هێنراوەتە ئاراوە کە تەنها لەسەر ئاراستەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، بۆیە ئەمە دۆخێکی تەندروست و قبوڵکراو نییە و داوا دەکەن هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ گەڕانەوە بۆ چوارچێوەیەکی گشتگیر، ئەگەرنا، رووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆری دیکە دەبنەوە.