زووم..
بەرەی توركمانی بە فەرمی لە دژی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی كەركوك سكاڵای یاسایی تۆمار كرد و سەرچاوەیەکیش ئاشکرایکرد، کە یەکێتى هەوڵى رازیکردنى ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى داوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە.
قەهتان وەنداوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی عێراق بە زوومی رایگەیاند، لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵای یاساییمان تۆماركرد لە دژی كۆبوونەوە و پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی بەبێ تەوافوقی هەموو پێكهاتەكان، كە لە ئۆتێل رەشیدی شاری بەغداد بەڕێوەچوو.
لەدوای هەڵبژاردنی رێبوار تەها بە پارێزگاری کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، لایەنە جیاوازەکانی کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان و بەشێک لە عەرەب نارەزایەتی خۆیان لەبارەی پرسەکەوە دەربڕی و کۆبوونەوەکەیان بە “نایاسایی” ناوبرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، کە لە ئەندامێکی مەکتەب سیاسی بەرەی تورکمانی وەرگرتووە، یەکێتی بۆ یەکلایکردنەوەی کۆبوونەوەکە و کڕینی دەنگی ئەندامێکی بەرەکە پێنج ملیار دیناری پێشکەش کردووە.
لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە شەوی شەممە 10-08-2024 بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە بەغدا بەڕێوەچوو پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.
دوای کۆبوونەوەکە حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی رایگەیاند، “کۆبوونەوکە پووچەڵە” و لە دادگای فیدڕاڵی بۆ راگرتنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە سکاڵا تۆمار دەکەن.
هاوکات راکان جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری پێشووی کەرکوک رایگەیاند، لە کۆبوونەکە بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب “خیانەت”ـیان کردووە، داواشیان کردووە فەرمانی وەلائی دەربکرێت بۆ راگرتنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە.
لەلایەکی دیکەوە یەکێتی هەڵبژاردنی کوردێک و کاندیدێکی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە “سەرکەوتن” ناوزەند کرد و پارتیش، کە دوو ئەندامی هەیە و لە کۆبوونەکە بەشداری نەکرد، لە رێگەى گوتەبێژەکەیەوە کۆبوونەوەکەى بە “نایاسایی” ناوبرد.