زووم..
گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ١٠ـی ئابی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەغداد و دانانی پارێزگار و حکومەتی خۆجێی کەرکوک لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی یاسایی نییە و لە سەر ڕێگەیەكی دروست نیە.
مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا راشیگەیاند، ئەوەی كراوە نابێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی گرفتەكانی كەركوك، نەهێشتنی كێشەكان و سارێژكردنی ئازارەكانی خەڵكی كەركووك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی چواری ئابی ٢٠٢٤ـی سەرۆکی پارتی و لایەنە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک جەخت لەوە كرایەوە، پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی رەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوكدا بێت و و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕابوون، كە نابێت ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە.
گوتەبێژی پارتی ئەوەش دەخاتەڕوو، بەرای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، بۆ دڵنیایی هەموو لایەك پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاریبكرێت، كە لە لایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسەند بێت.