زووم…
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە نایاساییە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدڕاڵین.
ئەرشەد ساڵحی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکی بەنایاسایی ناوبرد و گوتی: چاوەڕوانی دادگای فیدراڵی دەکەن بۆ بەنایاسایی ناساندنی دانیشتنەکە. گوتیشی، کەرکوک بۆ تورکمانەکان پرسێکی نەتەوەییە و لە هەموو دەستکەوتێک بەنرخترە.
لەدوای هەڵبژاردنی رێبوار تەها بە پارێزگاری کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، لایەنە جیاوازەکانی کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان و بەشێک لە عەرەب نارەزایەتی خۆیان لەبارەی پرسەکەوە دەربڕی و کۆبوونەوەکەیان بە “نایاسایی” ناوبرد.
لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە شەوی شەممە 10-08-2024 بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە بەغدا بەڕێوەچوو پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.
دوای کۆبوونەوەکە حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی رایگەیاند، “کۆبوونەوکە پووچەڵە” و لە دادگای فیدڕاڵی بۆ راگرتنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە سکاڵا تۆمار دەکەن.
هاوکات راکان جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری پێشووی کەرکوک رایگەیاند، لە کۆبوونەکە بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب “خیانەت”ـیان کردووە، داواشیان کردووە فەرمانی وەلائی دەربکرێت بۆ راگرتنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە.
لەلایەکی دیکەوە یەکێتی هەڵبژاردنی کوردێک و کاندێکی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە “سەرکەوتن” ناوزەند کرد و پارتیش، کە دوو ئەندامی هەیە و لە کۆبوونەکە بەشداری نەکرد، هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە نەخستووەتەڕوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم کە لە ئەندامێکی مەکتەب سیاسی بەرەی تورکمانی وەرگرتووە، یەکێتی بۆ یەکلایکردنەوەی کۆبوونەوەکە و کڕینی دەنگی ئەندامێکی بەرەکە پێنج ملیار دیناری پێشکەش کردووە.