زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سودانى: حکومەت پاڵپشتیى تۆڕە میدیاییە عێراقییەکان دەکات
سەرۆکوەزیرانى عێراق جەخت لە پاڵپشتیى حکومەتەکەى دەکاتەوە بۆ تۆڕە میدیا عێراقییەکان و رۆڵیان لە کاری پیشەیی و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری میدیا و راگەیاندن.
نووسینگەى میدیایی سەرۆکوزیرانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا باس لەوە دەکات، محەمەد شیاع سودانى لە میانى پێشوازیکردنیدا لە کەریم حەمادى، سەرۆکى تۆڕی میدیا عێراقییەکان، باسی لە زەمینەى کاری میدیایی و ئەو ئاڵنگارییانە کراوە رووبەرووی تۆڕ و میدیا عێراقییەکان دەبنەوە، بە چەشنێک ببێتە رەنگدانەوەیەکى راستەقینە و ئەدای راستەقینەى کار و دامەزراوە حکومییەکانى عێراق و گۆشە جیاوازەکانى دیکەى عێراق رووماڵ بکات.
سودانى پشتیوانی و هاوکاریی خۆی بۆ تۆڕی میدیای عێراقی دەربری بۆ میواندارییکردنى کۆنگرەى میدیا عەرەبییەکان، کە بڕیارە وەک چوارەمین کۆنگرە، لە مانگى نیسانى ساڵی داهاتوو لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەبچێت.
شەرقلئەوسەت
مۆسکۆ لەسەر هێرشکردنە سەر کۆرسک هەڕەشە لە کیێڤ دەکات
روسیا هەڕەشە لە کیێڤ دەکات و دەڵێت، وەڵامی بۆ هێرشەکەى کۆرسک دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەى ئۆکراین لە هێرشێکدا 13 سەربازی لە ناوخۆی روسیا لە کۆرسک کوشت، ماوەی هەفتەیەکیشە ئۆکراین هەوڵەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە چڕکردووەتەوە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى روسیا، لە تێلگرامەکەی نووسیویەتى، تەمبێی هەموو ئەوانە دەکەن پلانداڕێژەری ئەو هێرش و تاوانکارییەن، بەوانەشەوە لە دەرەوەوە پشتیوانیى ئەو هێرشانە دەکەن و بەدڵنیاییەوە روسیا ئەو بەرپەرچدانەوەیە دواناخات.
لە یەکەم دانپێدانانیدا، ڤۆڵۆدیمیر زێلینسکى، سەرۆکى ئۆکراین گوتى، وڵاتەکەى چووەتە نێو خاکی روسیاوە بۆ ئەوەى دادپەروەری بسەپینێت و فشار لە سوپای روسیا بکات.
هەر دوێنی سوپای روسیا رایگەیاند سوپای ئۆکراین پێشڕەوییەکانیان راگرتووە و دانیشیان بەوەدا نا، سوپای ئۆکراین 30 کیلۆمەتر چووەتە نێو خاکى روسیاوە.
عەرەب
لەدایکبوونى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک بە نەشتەرگەری دەرگای قۆناغێکی دیکەى ململانێی لەسەر پارێزگاکە خستە سەرپشت
پارێزگای کەرکوک دوای هەشت مانگ لە ململانێی پیکهێنانى حکومەتى خۆجێی لەسەر پۆستە باڵاکانى ئەو پارێزگایە، بووەتە نموونەیەکى بچووکى رەنگدانەوەى ژیانى سیاسی لە سەرتاسەری عێراق، لەوەشدا کورت کراوەتەوە بەرژەوەندیی هێزە ناکۆکەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لەپێش بەرژەوەندیی وڵات و دانیشتووانەکەیدایە.
دوای هەشت مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراق، کەرکوک وەک پارێزگایەکى دەوەڵەمەند بە نەوت و جێناکۆک و خاڵی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانى نێوان پێکهاتەکان کورد و تورکمان و عەرەب، پارێزگاری هەڵبژارد، بەڵام دەرگای قۆناغێکی دیکەى ململانێی بە پاڵنەری حزبی، نەتەوەیی، تائیفی و کارتێکەرە دەرەکییەکان خستە سەرپشت.
جەریدە
عەبدوڵای دووەم: ئوردن نابێتە گۆڕەپانى جەنگ
لە چەقی مەترسی و هەڵکشانى گرژییە سەربازییەکانى نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانى لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکى دیکەوە، شا عەبدوڵای ئوردن دەڵێت، وڵاتەکەی نابێتە گۆڕەپانى جەنگ و رێگە نادرێت ژیانى هاووڵاتیان بخرێتە مەترسییەوە.
لە کۆبوونەیەکیدا لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا، شای ئوردن پێی گوتوون، تاوەکو جەنگی غەزە بەردەوام بێت، ناوچەکە ئارامی بەخۆوە نابینێت، بەهیچ شێوەیەکیش رێگە نادەن ئوردن بکرێتە گۆڕەپانى جەنگ و ململانێی لایەنە ناکۆکەکان، هەروەها پێویستە دەستوبرد بکرێت بۆ هێورکردنەوەى ئەو گرژییەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە خەریکە بەرەو جەنگی هەرێمی پەلدەهاوێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لە چوار مناڵ یەکیان هەژارە
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە چوار منداڵ یەکیان هەژارە. 22 ملیۆن منداڵ لە تورکیا هەن، لەوانە 5،4 ملیۆن منداڵ مانگانە هاوکاری لە دەوڵەت وەردەگرن، تێچووی ئەمانە مانگانە 900 ملیۆن لیرەیە. مانگانە هەر منداڵێک 350 بۆ 650 لیرە وەردەگرن.
یەنی بیرلیک
ململانێی ئێران و ئەمریکا لە رۆژاڤای کوردستان قووڵتر دەبێتەوە
سوپای ئەمریکی هێزەکانى یەپەگەی لە دێرەزوور بە چەک و تانکێکی زۆرەوە جێگیر کردووە، ئامانجی ئەو کارەش چاودێریکردنی گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێرانە لە نزیک حەسەکە.
لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، لە رۆژهەڵاتی رووباری فوراتەوە ئەمریکا دەتوانێت بە زووترین کات وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، ئەمریکا 70 ئۆتومبێلی سەربازی جێگیر کردووە، چاودێریی جووڵەى گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران دەکات لە رۆژئاوای رووباری فورات.
ئایدنڵک
بافڵ تاڵەبانی لە کەرکوک یاری بە ئاگر دەکات
هەڵبژاردنى پارێزگاری کەرکوک بۆ پارتەکەى بافڵ تاڵەبانی بەبێ بەشداریی تورکمانەکان، عەرەبەکان و نوێنەرى پارتییەکان، بەبێ ئامادەیی تەواوى نوێنەرانی ئەنجومەنەکە، تەنها پەکەکەی دڵخۆش کرد.
یەکەم لێدوان لەلایەن ئەوانەوە بوو، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنى پارێزگاری کەرکوک دەربڕی.
میللییەت
لە تورکیا 70 دەریاچە وشک بوون
لە 60 ساڵدا لە تورکیا و لە باکووری کوردستان 70 دەریاچە وشک بوون. لە سەرتاسەری جیهاندا سەدا 30ـى ئاوی دەریاچەکان وشکیان کردووە. هاوکات لە تورکیا سەدا 54ـى دەریاچەکان ئاستی ئاویان کەمی کردووە.
لەوبارەیەوە پسپۆڕان بە دووری دەزانن ئەو دەریاچانە بگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. هاوکات زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی لە تورکیا گەیاندووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
هێندە بە ناوی کچە بچووکەکانی ئێمەوە ئاژاوە مەنێنەوە
کەسوکاری کچە کوژراوەکانی ساوزپۆرت یادی فریشتە کوژراوەکانی خۆیان دەکەنەوە و داوا دەکەن، هێندە بە ناوی فریشتە خۆشەویستەکانیانەوە ئاژاوە نەنرێتەوە.
دایکی یەکێک لە کچە کوژراوەکانی ساوزپۆرت داوایکردووە، ئیتر کۆتایی بە هەموو ئەو ئاژاوانە بهێندرێت، کە بەناوی کچە کوژراوەکانی ئەوانەوە دەستیان پێکردووە.
دوێنێ بۆنەیەکی یادکردنەوە بۆ ئەلیس داسیلڤا سازکرا، کە یەکێک بوو لە کوژراوەکان و تەمەنی نۆ ساڵ بوو.
دەیلی تەلەگراف
وەزیری ناوخۆ دەڵێت بەریتانیا رێزی پۆلیسەکانی لەدەستداوە
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ئاژاوەگێڕییەکان ئەوەیان پیشاندا خەڵک لەو بڕوایەدان تاوانکردن سزای نەبێت. وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەبارەی هەڵکشانی ئاستی ئاژاوەکانەوە گوتی، ئەو رێزەی بەریتانیا لە پۆلیسی دەگرت ئێستا لەدەستی داوە.
ئیڤێت کووپەر بەڵێنیدا متمانەی خەڵک بە دەزگای پۆلیس بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی، بۆیە هەڕەشەی ئەوەی کرد کۆتایی ئەم هەفتەیە شەقامەکان پڕبکاتەوە لە کارمەندانی پۆلیس بۆئەوەی بەها بۆ کارپێکردنی یاسا لە وڵاتەکەدا بگەڕێننەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
هێرشەکانی ئۆکراین بۆ نێو خاکی روسیا بەردەوامن
لە دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆکراین پێشڕەوییان کرد و لە سنووری هەرێمی کۆرسکەوە چوونە نێو خاکی روسیاوە، لە دوێنێوە جموجۆڵی خۆگورجکردنەوە لەلای رووسیاشەوە دەستیپێکردووە.
چەند سەربازێکی ئۆکراینی لەنێو سنوری روسیاوە بە رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزیان گوتووە، روسیا هێزی پشتیوانیی زۆری ناردووەتە ناوچەکە، بەڵام نەیتوانیوە پاشەکشە بە هێزە ئۆکراینییەکان بکات، بۆیە هێزەکانی ئۆکراین لە نزیکی سنوورەوە لەنێو خاکی روسیادا ماون.
گەڵف نیوز
ئەبوزەبی و دوبەی لە ریزی شارە هەرەسەلامەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان
شارەکانی ئەبو زەبی و دوبەی لە سەرەوەی لیستی ناوی ئەو شارانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان کە سەلامەتن بۆ ژیان.
بەگوێرەی پێوەری نوێی راگەیەندراوی یەکەی ئاگایی ئیکۆنۆمیستی، ئەم دوو شارە لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە پارێزگارییان لە پلەبەندییە جیهانییەکەی خۆیان کردووە. ناوی دوبەی لە دوای ئەبوزەبی دێت و لە بوارەکانی تەندروستی و پەروەردەدا بەرەوپێشچوونی باشی بەدەستهێناوە.
لە پێوەرەکەدا تەنها شەش شار لەنێو تەواوی وڵاتە عەرەبییەکاندا ناویان هاتووە، کە بۆ ژیان گونجاو و لەبار بن، دووانیان لە ئیماراتن، دووانیان لە سعودیەن، دانەیەک لە عەمان و دانەیەکیش لە قەتەرە.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ترس باڵی بەسەر ئیسرائیلدا کێشاوە
ئیسرائیل هێشتا نیگەرانە لە کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە و رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم پێشبینی دەکات تاران لەم هەفتەیەدا وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە.
هەروەها ئیسرائیل هیوم پێشبینی کردووە هێرشی بەرەی موقاومەت بە هەماهەنگی بێت، بەڵام مەرج نییە لە یەک کاتدا هێرش بکەن.
رادیۆی ئیسرائیل هۆشداریی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی سەبارەت بە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی ناوچەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، ناوەندەکانی دژە ئیسرائیل لەوانە لوبنان، عێراق، یەمەن و ئێران لە یەک کاتدا چالاک کراون، ئەم میدیایە دانی بەوەدا ناوە کە ئیسرائیلیەکان لە حاڵەتی دڵەڕاوکێ و ترسدان و لە هەر ساتێکدا چاوەڕوانی هێرشی ئێرانن.
جیهانی هونەر
ناڕازیبوون لە پزشکیان لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە
دوابەدوای پێشکەشکردنی لیستی وەزیرەکان مەسعود پزشکیان، پێشنیازی کردبوو بۆ پەرلەمان، رەخنەی بەربڵاو لە پێکهاتە و رێکخستنی کابینەکەی بە تایبەت لە بەرەی چاکسازیی ئێرانەوە هاتە ئاراوە.
ریفۆرمخوازان بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆککۆمار جەختیان لەسەر پێویستی شایستەیی و گۆڕانکاری لە سیاسەتەکاندا کردەوە و هۆشدارییان دا لەوەی کە ئەندامانی ئێستای کابینەکە رەنگە ببنە هۆی نائومێدی خەڵک و نەگەیشتن بە ئامانجە چاکسازییەکان.
هەروەها ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە هەڵبژاردنی تایبەت و دووبارە لە کابینەکەدا.
یەکێک لە گرنگترین رەخنەکان گرنگینەدانی پزشکیان بە بەڵێنەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی ژنان و ئایینە جیاوازەکانە لە کابینەکەیدا.
مەردوم سالاری
دۆڕانی ئێران بەرامبەر تورکیا لە بازاڕی مریشکدا
ئێران لە کێبڕکێی لەگەڵ تورکیا بۆ بەدەستهێنانی بازاڕی سێ ملیۆن تۆنی مریشک لە ناوچەکەدا شکستیهێناوە.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکان ئێران تەنیا 80 هەزار تۆن مریشکی هەناردە کردووە و توانای هەناردەکردنی 200 هەزار تۆنی هەیە.
غوڵام عەلی فارغی، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی فرۆشیارانی پەلەوەری ئێران، پێکهاتەی کۆنی پیشەسازیی بە هۆکاری کێشەکانی ئێستا زانی و دەڵێت، چاکسازی لەم پێکهاتەیەدا دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نرخی مریشک و پاشەکەوتکردنی یەک ملیار دۆلار لە بازاڕی مریشکدا.
تورکیا بە دابینکردنی 15%ـى بازاڕی ناوچەکە توانیویەتی پشکی بازاڕی زیاتر لە ئێران بەدەستبهێنێت.
شەرق
ئێران لە ئۆڵۆمپیادی پاریس پلەی 21ـەمینى بەدەستهێنا
کاروانی ئێرانی لە ئۆڵۆمپیادی پاریس بە 12 میدالیا کارەکانی خۆی تەواو کرد و ژمارەی ئەو میدالیایانەی کاروانی ئێران لە مێژووی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاددا بەدەستیان هێنابوو، بۆ دووەمجار گەیشتە ئەو ئاستە.
ئێران لە ئۆڵۆمپیادی پاریسدا 40 نوێنەری هەبوو کە سێ میدالیای زێڕ و شەش میدالیای زیو و سێ میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا و گەیشتە پلەی 21ـەمینى جیهانی.
وەرزشی ئێران تا ئێستا لە 19 یاریی ئۆڵۆمپیدا بەشداری کردووە.