زووم…
رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاویکردەوە، ئەنقەرە پێنج بنکەی سەربازی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و دەیەوێت هێزی خۆی زیاتر جێگیر بکات.
رۆژنامەکە دەڵێت، ئەو ناوچانەی پێنج بنکە سەربازییەکەی تێدا دروست دەکرێت لەلایەن سوپای تورکیاوە لە مین و بۆمبی چێنراو پاککراونەتەوە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو ناوجانە بهێنێت کە بنکەکانی تێدا دروسی دەکرێن.
نزیکەی 10 ساڵە تورکیا بەچڕی دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوە.
یەنی شەفەق باسی لەوە کردووە لە درێژەى ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە چیای گارە و دەوروبەری بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکە تائێستا ناوچەیەکی زۆر لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە، ئەمەش پێدەچێت ئەو ناوچەیە بێت کە بنکەکانی تێدا دروست دەکرێن.
تورکیا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیدا زیاتر لە 40 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاندووە، لە کانوونی یەکەمی 2017ەوە تاوەکو نیسانی 2022، تورکیا توانیویەتی بەڕێژەی 86.2%ـی سنوری نێوان عێراق – تورکیا داگیر بکات و بە قوڵایی پێنج بۆ 40 کیلۆمەتر، 64 بنکە و بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیربکات.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، تورکیا لە دواین ئۆپەراسیۆنیدا کە لە 15-06-2024 دەستیپێکرد، 15 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو ناوچەی بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک. ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە جیاوازە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو بەوپێیەی سەربازانی تورکیا چەند جارێک لە نێو ئامێدی بینراون دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا بەدرێژایی نۆ کیلۆمەتر رێگایەکی نوێی دروستکرد بۆ بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانی کە لەساڵی 2021 دروستیکردبوون لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە بەرواری باڵا.
ڕۆژی 22-04-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی ئەمنی، رووبەرووبونەوەی تیرۆر، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.