زووم…
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
پێداچونەوە بە پرۆژەى هەموارى یاساى بارى کەسیدا دەکرێتەوە
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە میانى کۆنفرانسێکی تایبەت بە توندوتیژییەکانى دژ بە ژنان رایگەیاند، لە کابینەکەى ئەودا گرنگیی زۆر بە ژنان دراوە، سێ وەزیر و دوو بریکارى وەزیر و 111 بەڕێوەبەرى گشتى و 47 بریکارى بەڕێوەبەرى گشتى تێدایە، راشیگەیاند هەموو ئەو تێبینیانەى لەسەر هەموارى یاسای بارى کەسى هەن، پێداچوونەوەى بۆ دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەتمەندیان پێکهێناوە.
سەباح
تاران لە پێشێلکاریی سەروەرییەکانى خۆشنابێت
نوێنەرایەتیى هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، وەڵامدانەوەی وڵاتەکەى بۆ کوژرانى ئیسماعیل هەنیە و پێشێلکاریی سەروەرییەکانى پەیوەندى بە کاتى گونجاوەوە هەیە و بەهیچ شێوەیەک پەشیمان نابنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دان بە هەر دانوستانێکدا دەنێن کە حەماس ئەنجامی بدات. دەشڵێت، وەڵامی ئەوان بۆ ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکى بە دانوستان و ئاگربەستى نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە نییە و پرانسیپی تایبەت بە وەڵامدانەوەیان هەیە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە نامەیەکى تایبەتدا بۆ یەحیا سنوارى سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس جەختى کردووەتەوە لەوەی تۆڵەى خوێنى هەنیە ئەرکی ئەوانە و دەبێت ئیسرائیل لە جاران زیاتر سزا بدرێت.
دەستوور
ساڵانە عێراق بە بەهاى 750 ملیۆن دۆلار ئاردی سفر دەکڕێت
وەزارەتى بازرگانیى عێراق رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پێنج کارگەى بەرهەمهێنانى ئاردى سفردا کردووە بۆ ئەوەى پشتیوانیى کارگە ناوخۆییەکانى بکات تا ئاردى سفر بۆ بریکارەکانى خۆراک دابین بکات.
محەمەد حەنون، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى رایگەیاند تا ئێستا عێراق ساڵانە 750 ملیۆن دۆلاری بە کڕینى ئاردی سفر داوە بە وڵاتانى دراوسێ. راشیگەیاندووە، لە عێراقدا 196 کارگەى ناوخۆیی ئارد هەن، کە کار بۆ بریکارە خۆراکییەکان دەکەن و بەم کارەش پارەیەکى زۆر بۆ حکومەتى عێراق دەگەڕێتەوە.
عەرەب
ژنان زۆرترین باجی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا دەدەن
ئۆریترۆ کریم، توێژەر لە پەیمانگاى رۆچستەرى تەکنۆلۆجیی رایگەیاند، ژنان زۆرترین باجى هەژاری، جیاکاری، ستەمى کۆمەڵایەتى و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا دەدەن، جەختیشیکردەوە بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە کێشەى تەندروستى و لەبارچوون و شەکرە و مردن رووبەڕوویان دەبێتەوە.
دەشڵێت، پەیوەندییەکى راستەوخۆ لەنێوان گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و توندوتیژییە خێزانییەکاندا هەیە، کاریگەرییەکان زۆرتر لەسەر ژنان دەردەکەون نەک پیاوان، لەبەرئەوەى لە سەر ئاستى جیهان ئەوانەى لە بوارى کشتوکاڵدا کاردەکەن بە رێژەى 45٪ بۆ 80٪ ژنانن، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی توندوتیژییەکانى خێران و بەرزبوونەوەى رێژەى نەخوێندەواریی ژنان، بەتایبەتى لە وڵاتانى دواکەوتوو یان تازەپێگەشتوودا.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
کۆتاییهێنان بە خوێندنی خۆڕایی
سیستمی پەروەردەی ئێران لە بواری دابینکردنی سەرچاوەی داراییدا رووبەڕووی ئاستەنگی جدی بووەتەوە، ئەگەرچی بەگوێرەی دەستوور دەبێت خوێندن تا کۆتایی قۆناغی ناوەندی بەخۆڕایی بێت، بەڵام هێشتا زۆرێک لە خێزانەکان دەبێت تێچووی شاراوەی قوتابخانە حکومییەکان بدەن. توێژینەوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە تەنها 67%ـی بودجەی وەزارەتی پەروەردە دابین کراوە و بەشی زۆری بودجەکەش بۆ مووچەی مامۆستایان خەرجکراوە، لەکاتێکدا ئەو بودجەیەی بۆ پەرەپێدانی قوتابخانەکان تەرخانکراوە زۆر کەمتر بووە لە بڕی پێویست.
ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ کێشەی جدی لە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ سیستمی پەروەردە و گرنگینەدان بە پێداویستییە پەروەردەییەکانی کۆمەڵگا.
ئەبرار
ئێران تووشی وشکەساڵییەکی گەورە و سەخت دەبێت
پێشبینییەکانی سیستمی کەشناسیی جیهانی دەریدەخەن ئێران ئەمساڵ بە رێژەی 60% تووشی کەمبوونەوەی بارانبارین دەبێتەوە.
ئەم وشکەساڵییە بە واتای کەمبوونەوەی 100 ملیار مەتر سێجا ئاوی ئەو وڵاتەیە کە یەکسانە بە پڕکردنەوەی بەنداوێکی گریمانەیی بە پانتایی تاران و بەرزیی سێ هێندەی تاوەری ئازادی.
توێژەرانی زانکۆی ئیسفەهان جەخت لەوە دەکەنەوە هەموو جووتیاران راستەوخۆ کاریگەریی ئەم وشکەساڵییەیان لەسەرە، خۆپارێزی و گونجاندنی مۆدێلەکانی بەڕێوەبردنی ئاو و جێبەجێکردنی سیاسەتی گونجاو پێش روودانی وشکەساڵی پێویستن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
هەندێک وڵات بە گۆڕینی بەکارهێنانی بەنداوەکان و کۆنترۆڵکردنی دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی، توانیویانە بە شێوەیەکی کاریگەر ئیدارەی وشکەساڵی بدەن.
باختەر
بڵێسەکانی زاگرۆس؛ هاواری نیشتمانی بۆ رزگارکردنی سییەکانی ئێران
ئاگرکەوتنەوە بەربڵاو و کارەساتبارەکانی دارستانەکانی زاگرۆس بەتایبەت لە ناوچەکانی پاوە و جوانڕۆ و مەریوان، بەهۆی نابەرپرسیارێتیی بەڕێوەبەران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی جێبەجێکارەوەیە.
جگە لە ناکارامەیی لە بەڕێوەبردن و نەبوونی راهێنانی پێویست، ئەم قەیرانە دەرئەنجامی پشتگوێخستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان و نەبوونی دامەزراوەی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ئاگرە.
هەروەها نەبوونی بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی ناوخۆیی و یاسای ناکاریگەریش بەشدارن لە خراپتربوونی دۆخەکە کە بووەتە هۆی لەنێوچوونی ژینگە و مەترسی لەسەر بژێویی دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە.
رێگریکردن لە بەردەوامیی ئەم وێرانکارییە و پاراستنی سامانە سروشتییەکان، پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و پاراستنی ژینگە هەیە و پێویستە پەرلەمانتاران رێوشوێنی کردەیی و کاریگەر بگرنەبەر.
جەوان
کابینەی حکومەت گەنجتر نەبووەوە
ئەمڕۆ لیستی ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەت دەدرێتە پەرلەمان، بەڵام مشتومڕی زۆر لەسەرە.
تێکڕای تەمەنی ئەندامانی کابینەکە زیاتر لە 60 ساڵە و ئەم بابەتە لەگەڵ دروشمی حکومەتی گەنجان ناگونجێت.
بڕیار بوو وەزیرەکان و جێگرانی سەرۆککۆمار لەنێو ئەو کەسانەدا هەڵبژێردرێن کە ئەزموونی وەزارەتیان نەبوو، بەڵام ئەو پێوەرانە جێبەجێ نەکراون.
پڕۆسەی متمانەدان بە وەزیرەکان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان قۆناغەکانی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن لەخۆدەگرێت و دەبێت سەرۆککۆمار پلان و کارنامەی رابردووی وەزیرەکان بخاتە بەردەم پەرلەمان.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
پێنج بنکەى سەربازی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن
لە درێژەى ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵ لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا بۆ رووبەڕووبونەوەى پارتی کرێکارانی کوردستان، تائێستا ناوچەیەکی زۆر لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
سوپای تورکیا لەو ناوچانەى کۆنتڕۆڵی کردوون پێنج بنکەى سەربازی دروست دەکات و هێزی خۆی جێگیر دەکات، هەموو ئەو ناوچانەشى لە مین و بۆمبی چێنراو پاککردوونەتەوە.
ئاکیت
کۆمەڵێک لە سیاسییەکان دەچنە نێو ئاک پارتییەوە
ئەفکان ئالا، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی رایگەیاند، لە 23ـیەمین ساڵیادی دروستبوونی ئاک پارتیدا، چاوەڕێ دەکرێت کۆمەڵێک سیاسی و کەسایەتیی بچنە نێو ریزەکانی ئەو پارتەوە.
تورکگون
کەرتی گەشتیاری لە تورکیا بووژاوەتەوە
محەمەد نوری ئاکسۆى، وەزیری گەشتوگوزار و کلتووری تورکیا رایگەیاند، لە ماوەى شەش ساڵی رابردوودا هێندەى ئەمساڵ گەشتیاری بیانی زۆر نەبووە. دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە لە 2024ـدا، پێشوازی لە 60 ملیۆن گەشتیار بکەن و 60 ملیار دۆلار داهاتیان هەبێت.
حوڕییەت
لە ئەدەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی چکورۆڤا کرایەوە
58ـەمین فڕۆکەخانەى مەدەنیی نێودەوڵەتی لە شارۆچکەى چکورۆڤای سەربە پارێزگاى ئەدەنە کرایەوە، چاوەڕێ دەکرێت ساڵانە نۆ ملیۆن گەشتیار بگوازێتەوە. ئەم فڕۆکەخانەیە هەلی کار بۆ سێ هەزار کەس دەڕەخسێنێت و ژێرخانی ئابووری لە ناوچەکە بەهێز دەکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
ئێران پشتگیری لە پێشنیازی حەماس بۆ ئاگربەست دەکات و تۆڵەش لە ئیسرائیل دەکاتەوە
نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکیدا بە ناوی وڵاتەکەیەوە بەڵێنیدا، ئەگەر حەماس هەر پرۆژەیەک بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕپێکردنی بارمتەکان پەسەند بکات، ئێران پشتگیری لێدەکات، بەڵام هێشتاش هەر وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.
نوێنەرەکەی ئێران دەڵێت، ئەرکی لەپێشینەیان هێنانەدیی ئاگربەستێکی هەمیشەییە لە غەزە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ
ئەمریکا دەڵێت ئێران پەرەی بە تواناکانی خۆی داوە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی
ئێران گەیشتووە بە ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەکی نوێ، ئەمەش چەند هەنگاوێک دەیباتە پێشەوە بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆمی. چەند ئاژانسێکی هەواڵگریی ئەمریکاش جەختیان لە راستیی ئەم تێڕوانینە کردووەتەوە.
دیدگای واشنتن دەربارەی ئەم مەسەلەیە ئەوەیە، تواناکانی ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا گەیشتووە بە قۆناغێکی هەستیار، چونکە توانیویەتی چەند سووتەمەنییەک بۆ ژمارەیەکی کەم لە چەکی ئەتۆمی بهێنێت.
مۆرنینگ ستار
بەریتانیا لە دژی شەپۆلی رق هەستاوەتە سەرپێ
شەپۆلێکی وەستانەوە بە رووی رەگەزپەرستیدا تەواوی بەریتانیای گرتووەتەوە. وڵاتەکە کەوتووەتە ئامادەکاری بۆ ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە هەنگاوێکی باش لە دژی هەوڵی راستڕەوە پەڕگیرەکان دەستپێبکات.
ئێس یو تی ئاڕ، دەستەواژەیەکە بە مانای “هەستەرەوە بە رووی رەگەزپەرستیدا”، ئەم دەستەواژەیە بووە بە وێردی سەر زمانی شەپۆلێک لە چالاکان، کە داوا دەکەن خەڵک بە رووی شەپۆلی رەگەزپەرستیدا بوەستنەوە. چالاکەکان بەرنامەیان داناوە 40 خۆپیشاندانی گەورە لە وڵاتەکەدا رێکبخەن، چونکە لە دوای کوشتنی سێ کچە منداڵەکەوە، ترسی ئیسلامۆفۆبیا و توندوتیژیی رەگەزپەرستی لە بەریتانیادا پەرەی پێدەدرێت.
فاینەنشیەڵ تایمز
هێزەکانی کیێڤ قووڵتر دەچنە نێو خاکی روسیا
مۆسکۆ باری نائاسایی لە دوو هەرێمی وڵاتەکەیدا راگەیاند، پاش ئەوەی دوو درۆنی گەورەی ئۆکراینی توانییان لەنێو بنکەیەکی سەربازیی رووسیدا دوو تەقینەوەی گەورە دروست بکەن. ئەو بنکە سەربازییانەی بۆردومان کران، لەنێو ناوەندێکی گەورەی پاڵاوتن و هەناردەکردنی پێکهاتەی گازی رووسی بوون بۆ ئەوروپا.
دوێنێ چوارەم رۆژی دەستپێکردنی هێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی ئۆکراین بوو، کە گەورەترین هێرشە سوپای ئەو وڵاتە تائێستا لەنێو خاکی روسیادا ئەنجامیدابێت.