زووم..
رۆژی 10ی ئابی 2024، 10 ساڵ تێپەڕى بەسەر ئازادكردنی شارۆچكەی مەخمور لە دەست چەکدارانى داعش.
لە دواى 10 ساڵ لەو پرۆسەیە تا ئەمڕۆش مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەى کێ مەخمورى ئازاد کرد و چۆن شارەکە لە داعش پاکرایەوە
لە دواى 10 ساڵ لەو پرۆسەیە تا ئەمڕۆش مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەى کێ مەخمورى ئازاد کرد
زۆرێک لەو گرتە ڤیدیۆییانەى، لەکاتى پرۆسەى ئازادکردنى مەخمور تۆمارکراون و تا ئەمڕۆش بڵاودەکرێنەوە، تێیدا دەردەکەوێت، هێزەکانى دژەتیرۆرى یەکێتى نیشتمانى، کە ئەوکات پۆڵاد شێخ جەنگى فەرماندەى بوو، لاهور شێخ جەنگیش وەک بەرپرسى ئاژانسى پاراستنى هەرێمى کوردستان سەرپەرشتى دەکردن، یەکەم هێزى کوردى بوون چوونە شارى مەخمور و ئاڵاى کوردستانیان لەسەر سایلۆى شارەکە بەرزکردەوە.
ئەوکات بەرپرسانى یەکێتى، بەتایبەتى لاهور شێخ جەنگى و بافڵ تاڵەبانى و مەلا بەختیار مەیدانى لەگەڵ هێزەکانى دژەتیرۆر بەشداربوون لە پرۆسەى ئازادکردنى مەخمور، کە چەند رۆژێک بوو، لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوو.
پێشتر مەلا بەختیار، کە خۆى یەکێک بوو لە فەرماندەکانى پێشمەرگە لە شەڕى داعش، لە چاوپێکەوتنێکى لەبارەى پرۆسەى ئازادکردنى مەخمور دەڵێت: پێش دوو رۆژ لە هێرش بۆ سەر مەخمور و ئازادکردنى، کۆسرەت رەسوڵ پەیوەندى پێوەکردم و پێى گوتم: دەبێت بێنە هەولێر.
مەلا بەختیار دەشڵێت: دواى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، لەگەڵ لاهور شێخ جەنگى و بافڵ تاڵەبانى قسەم کرد و دواى خۆئامادەکردن چووین بۆ هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانى کۆبوونەوەمان کرد.
لەگەڵ لاهور شێخ جەنگى و بافڵ تاڵەبانى قسەم کرد و دواى خۆئامادەکردن چووین بۆ هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانى کۆبوونەوەمان کرد
مەلا بەختیار هەر لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسعود بارزانى باسى مەخمور کراوە و جەختیان کردووەتەوە، وەک هێزەکانى دژەتیرۆر رێگەنادەن داعش بەرەو هەولێر پێشڕەوى بکات و بەزوویش مەخمور ئازاد دەکەن و مەترسییەکانى سەر هەولێر کەمدەکەنەوە.
نزیکەى هەفتەیەک شارى مەخمور بەدەست چەکدارانى داعشەوە بوو، لەدواى ئەو هەفتەیە و بە ئۆپەراسیۆنێکى سەربازى لە 10ى ئاب مەخمور بە تەواوى ئازاد کرا.
لەبارەى ئازادکردنى مەخمورەوە پۆڵاد شێخ جەنگى، کە فەرماندەى هێزەکانى دژەتیرۆر بوو، رووداوەکە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە، کە لاهور شێخ جەنگى پەیوەندى پێوەکردووەو پێگوتووە، دەبێت هێزەکانى دژەتیرۆر بچنە هەولێر مەترسییەکانى سەر شارەکە کەمبکەنەوە، لەگەڵ ئەوەش کار بۆ ئازادکردنى مەخمور بکەن.
مەخموور بەدووری 65 کم دەکەوێتە خۆرئاوای شاری ھەولێر، کە لە رووى جوگرافییەوە ناوچەیەکى ستراتیژییە و هەردوو پارێزگاى هەولێر و نەینەوا پێکەوە دەبەستێتەوە.