زووم…
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەم هەفتەیدا کۆبوونەوەی چوارەمی تورکیا و عێراق لەبارەی میکانیزمی ئەمنیی هاوبەش لە ئەنقەرە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی هاكان فيدان، دوای رێککەوتنەکە، پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا، هەردوولا پێداچوونەوە بە هەماهەنگییەکانیان لەبارەی وزە، ئاو، تەندروستی، خوێندن، روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بابەتی ئەمنی و سەربازی دەکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم قسانەی هاکان فیدان بەرپرسێکی سەربازیی تورکیا بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتووە، “تورکیا و عێراق هەماهەنگی هاوبەشیان بۆ رووبەڕووبونەوەی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوامە، کاریش دەکەن بۆ دامەزراندنی ناوەندی هاوبەشی پرۆسە سەربازییەکان، دژ بە پێگەکانی پەکەکە.”
بەرپرسە سەربازییەکە دەشڵێت، پێشبینی دەکەن هاوکاری مەیدانیان لەگەڵ عێراق زیاتر بێت، چونکە کارکردن و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی ئەرێنی بەردەوامە.