بۆمبێکی گەورە لە مۆندیالی قەتەر تەقییەوە، زلهێزێکی وەکو ئەرجەنتین بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی لاوازی نیمچە دوورگەی عەرەبی شکستیهێنا، کە مەبەستمان عەرەبستانی سعودییە.
ئەم موفاجەئەیەی مۆندیال دەرگای بۆ بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی کردەوە یەک لەسەریەک بروسکەی پیرۆزبایی بنێرن، بێگومان ئەوانەی پیرۆزباییان لە سعودیە دەکرد ئەو کەسایەتی و وڵاتانە بوون کە دۆستایەتییەکی سیاسی یاخود دینییان لەنێواندایە، بە کورتی دەتوانین بڵێین پیرۆزباییەکان تامی سیاسەتیان دەدا.
هەرچەندێک بەڕێوەچوونی مۆندیال وەکو رووداوێکی زۆر گەورەی وەرزشی دابنرێت، بەڵام هەرگیز ئەوە ناشاردرێتەوە کە مۆندیال و تۆپی پێ لینکێکی گەورەیان بە سیاسەتەوە هەیە، ئەگەر کەوتنی ئەستێرەیەکی گەورەی وەکو مێسی لێکدانەوەی وەرزشیی هەڵبگرێت و شۆکێکی خستبێتە نێو ناوەندە وەرزشییەکانەوە، ئەوا بەشێوەیەکی گشتیی مۆندیالی قەتەریش شۆکی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دروستکردووە..
مۆندیال و تۆپی پێ لینکێکی گەورەیان بە سیاسەتەوە هەیە
دەوڵەتێکی بچوک، بودجەیەکی زەبەلاح بۆ بەڕێوەبردنی گەورەترین رووداوی وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان دابیندەکات، ئەمە خۆی لە خۆیدا خاڵێکی وەرچەرخانە هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی وەرزشییەوە.
12 ساڵە قەتەر شەرەفی میوانداریکردنی مۆندیالی پێدراوە، لەو 12 ساڵەدا روبەڕوی زۆر فشاری دەرەکی بووەتەوە، لەم پێنج ساڵەی کۆتاییدا هێندە فشارەکان زیادیان کرد تەنانەت گەیشتە دۆخێک کە هەندێک وڵاتی ئەوروپا نیازیان هەبوو پاشەکشە بکەن.
بەشێک لە رەخنەکان پەیوەست بوون بە فەزای ئازادییەوە لەقەتەر، جگە لەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی توندیان هەبوو، دەیانگوت قەتەر یاری بە گیانی ئەو کرێکارانەوە کردووە کە کاریان لە دروستکردنی یاریگەکاندا دەکرد، دەیانگوت قەتەر خۆی بێدەنگ کردووە بەرامبەر مردنی هەزاران کرێکار تاوەکو بتوانێت بەشێوەیەکی نمونەیی ئامادەکاریی بۆ ئەو بۆنە جیهانییە بکات.
بابەتی پەلکەزێڕینە و خواردنەوەی بیرە و ئازادییەکانی تاک بەشێکی دیکە بوون لەو رەخنانەی ئاڕاستەی قەتەر دەکران، تەنانەت سیپ پلاتەری سەرۆکی پێشووی فیفا پەشیمانی دەربڕی لە پێدانی مافی میوانداریکردنی مۆندیال بە قەتەر و گوتی، کارێکی هەڵەم کردووە.
قەتەر هەموو فشارەکانی سەر خۆی بە فشاری سیاسی ناودەبرد، لەکۆتاییدا سەرباری هەموو رەخنەکان، مۆندیالی قەتەر لە یاریگەی لۆسێلەوە دەستیپێکرد و سەرۆکی ئێستای فیفا بەپێچەوانەی پلاتەرەوە گوتی، قەتەر باشترین نوسخەی مۆندیال پێشکەشدەکات و ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن کەسانی دووڕوون.
قەتەر هەموو فشارەکانی سەر خۆی بە فشاری سیاسی ناودەبات
ئەم ململانێ سیاسییانەی نێو مۆندیال، ململانێی تازە نین، ریشەی مێژووییان هەیە، بۆنموونە لە دووەم نوسخەی مۆندیالدا کە ساڵی 1934 لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، مۆسۆلینی وەکو سەرکردەی یەکەمی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا دەستوەردانی دەکرد و لە رێگەی مۆندیالەوە بانگەشەی بۆ حزبەکەی دەکرد.
لە گەرمەی جەنگی ساردیشدا، ئەڵمانیای رۆژئاوا میوانداریی مۆندیالی 1974ی کرد، بەڕێکەوت لە قۆناغی گروپەکاندا لەگەڵ ئەڵمانیای رۆژهەڵات روبەڕوی یەکدی بوونەوە، ئەم یارییە زیاتر وەکو جەنگی نێوان هەردوو بلۆکی سۆسیالیزم و کەپیتاڵیزم تەماشادەکرا.. هەرچەندە چەپەکان یارییەکەیان بردەوە، بەڵام لەکۆتاییدا سەرمایەداری نازناوەکەی بەدەستهێنا.
مۆندیالی 1978ی ئەرجەنتین نموونەیەکی دیکەی تێکەڵکردنی سیاسەت و وەرزش بوو، دەسەڵاتی سەربازیی ئەو وڵاتە تازە لە رێگەی کودەتاوە هاتبوونە سەر حوکم، هەزاران کەسیان دەستگیرکردبوو، بەڵام دواتر لە رێگەی میوانداریکردنی مۆندیال و بردنەوەی نازناوەکەوە ویستیان رایگشتیی جیهانی بەلای خۆیاندا رابکێشن، تاوەکو ئێستا گومان دەکرێت ئەرجەنتین لە رێگەی پێدانی بەرتیلەوە بە هەڵبژاردەی پیرۆ یەکێک لە یارییە چارەنوسسازەکانی بردبێتەوە.
مۆندیالی 1978ی ئەرجەنتین نموونەیەکی دیکەی تێکەڵکردنی سیاسەت و وەرزش بوو
لەتازەترین نموونەشدا مۆندیالی بەرازیلمان لە ساڵی 2014دا بینی، کە میدیاکان زۆر بە کەمی خۆپیشاندانی جەماوەریی بەرازیلیان دەگواستەوە، خەڵکی بەرازیل دەیانگوت ئێمە هەژارین و شەقام و خوێندنگەمان نییە، بەڵام حکومەت ملیاران دۆلار بۆ دروستکردنی یاریگە تەرخاندەکات.