رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ژنانى غەزە باجی گەورەى جەنگەکە دەدەن
دامەزراوەى تەمکینى فەلەستینى لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکراى کردووە، سەرەڕاى ئەوەى کوژراو و بریندارەکانى جەنگى غەزە 70%ـیان ژن و منداڵن، ئەوانەشى لەژیاندان لە خراپترین حاڵەتى دەروونیدان.
بەگوێرەى لێکۆڵێنەوەکە 81%ـیان دڵەڕاوکێی توندیان هەیە و 72%ـیان تووشى نەخۆشى خەمۆکی قووڵ بوون.
عەدی ئەبوکرش، بەڕیوەبەرى گشتیى دامەزراوەى تەمکینى فەلەستینى رایگەیاند، 88%ـى ژنان ئاوى پێویستیان دەستناکەوێت، 69%ـى ئەوانەش ئاویان دەستدەکەوێت پیسە و بەکەڵکى بەکارهێنان نایەت، 29%ـى ژنان خواردنى رۆژنانەیان دەستناکەوێت، 61%ـیان پشت بە هاوکارییە خۆراکییەکانى رۆژانە دەبەستن، 54%ـى ژنانى غەزە رۆژانە یەک ژەم خۆراکیان دەستدەکەوێت و 85%ـى ئەو ژنانەى خواردنى یەک ژەمیان دەستدەکەوێت باوەڕیان وایە بەهایەکى خۆراکییان نییە و 89% دەرمان و چارەسەری نەخۆشى خۆیان و منداڵەکانیان دەست ناکەوێت.
عەرەبی جەدید
شەیخە حسینە دەیەوێت بگەڕێتەوە بەنگلادش
سەجیب وازد جوی، کوڕی شەیخە حسینە، سەرۆکى هەڵاتوى حکومەتى بەنگلادش بە رۆژنامەى تایمز ئۆفى هیندى راگەیاند، دایکی دەیەوێت بگەڕێتەوە بەنگلادش، بەڵام هیچ وادەیەکى دیاری نەکردووە، جوى کە دانیشتووى ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکایە رایگەیاند، لەئێستادا دایکى لە هیندستان دەژى و هەرکاتێک حکومەت بڕیاری هەڵبژاردنەکانى دا دەگەڕێتەوە وڵاتەکە، سەجیب رایگەیاندووە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بایەخێکى نەبووە بۆ کارى سیاسی بەڵام لە کاتى هەڵبژاردنەکانى ئەمجارەى بەنگلادش دا دەگەڕێتەوە وڵاتەکە و لە پێشى پێشەوەى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردنەکاندا دەبێت.
عەرەب
ئیدارەى بایدن قەدەغەى فرۆشتنى چەکى لەسەر سعودیە هەڵگرت
سێ سەرچاوەى ئاگادار لە ئیدارەى بایدن رایانگەیاند، قەدەغەى فرۆشتنى چەکی هێرشبردنیان بە عەرەبستانى سعودیە هەڵوەشاندوەتەوە و بریاریان داوە بە فرۆشتنى چەکى هێرشبردن بەو وڵاتە بۆ ماوەى سێ ساڵى دیکە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگى یەمەن.
ئەوە لە کاتێکدا سعودییەکان دەڵێن، بڕیارەکەى بایدن درەنگ کەوتووە و ناوچەکە بەرەو ئارامی دەڕوات بەتایبەتى پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و وڵاتەکەیان تارادەیەکى زۆر ئاسایی بووەتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە ساڵانى پێشوودا سعودییە کەوتووەتە بەر دەیان هێرشى حوسییەکان بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و موشەکى کروز، عەرەبستانى سعودیەش تاڕادەیەک توانیویەتى بەرگریی لە سنوورەکانى خۆی بکات، بەڵام لەئێستادا ئەمریکا دەیەوێت فڕۆکەى هێرشبەرى جۆری (A10) بفرۆشێت بە سعودییە، کە توانایەکى زۆر باشى هێرشبردنى هەیە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئامانج لەم بڕیارە درەنگوەختەى ئیدارەکەى بایدن پەیوەندى بە هەڵبژاردنەکانى ئەمریکاوە هەیە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئابووریى وڵاتەکە ببوژێننەوە.
زەمان
هەناردەى ئێران بەڕێژەى 37% بەشداری لە بوژاندنەوەى بارزگانیدا کردووە
سادق نامدار، سەرپەرشتیارى گومرگی ئازەربایجانى رۆژهەڵات رایگەیاند، لە ماوەى ئەمساڵدا ملیۆنێک و 317 هەزار تۆن شتومەکیان هەناردەى دەرەوەى ئێران کردووە و بەڕێژەى 37% رۆڵی هەبووە لە بوژاندنەوەى کەرتى بازرگانیدا.
راشیگەیاند، هەناردەکانیان بریتى بووە لە ئاسن، پۆڵا، مادە پترۆکیمیاویەکان، پلاستیک، سووتەمەنى، زەیت، میوە، مس و بەرهەمەکانى و چەند بابەتێکی دیکە.
ئەو دەڵێت، زۆرینەى ئەو وڵاتانەى هاوردەى شتومەکەکانیان کردووە تورکیا، ئەرمینیا، عێراق، جۆرجیا و ئازەربایجان بوون.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهوییەت
ئینستاگرام لەماوەى هەفتەیەکدا 13 ملیار لیرە زیان بە تورکیا دەگەیەنێت
بەهۆی قەدەغەکردنی پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی ئیستاگرام لەلایەن حکومەتى تورکیاوە، رۆژ بە رۆژ زیانەکانى تورکیا زیاتر دەبێت، لە تورکیا قەبارەى بازرگانی ئینستاگرام لە رۆژێکدا دەگاتە 1.9 ملیار لیرە.
پسپۆڕان دەڵێن، زیانەکانى ئیستاگرام بە کەرتی بازرگانی لە تورکیا هەفتانە 13 ملیار لیرەیە.
میللییەت
جەهەپە یاسای سێ خول هەڵبژاردن پەیڕەو دەکات
پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) بەنیازە ئامادەکاری بکات بۆ هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پارتەکەی، هەموارکردنەوەکە بۆ ئەوەیە هەر کەسێک بۆ ماوەى دوو خول یان سێ خول مافی ئەوەی هەبێت خۆی بۆ پەرلەمان یان سەرۆکشارەوانیی کاندید بکات.
سنووردارکردنى خۆهەڵبژاردنەوە لەنێو جەهەپەدا پۆستی سەرۆکی گشتیی جەهەپەش دەگرێتەوە.
جەهەپە بەنیازە لە 6ـى ئەیلولی ئەمساڵ کۆنگرەى نێوخۆیی پارتەکەی ببەستێت و بڕیاری کۆتایی لەبارەى ئەم رێکارانە بدات.
میلاد
بەهۆی خەولێکەوتنی شۆفێرەکە کارەساتی مرۆیی روویدا
لە رووداوە هاتوچۆکەى دوێنێ لە شارۆچکەى پۆڵاتڵی لە ئەنقەرە، شۆفێری پاسەکە خۆی کێشا بە پایەى پردێک بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 27 کەسی دیکە برینداربوون.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکان لەسەر شەقامەکە هیچ ئاماژەیەک نییە شۆفێرەکە ئیستۆپی کردبێت، بەمەش گومانەکان لەسەر ئەوە دەوەستنەوە شۆفێرەکە لەکاتی خەوی لێکەوتنبێت، کە خۆی یەکێک بووە لەوانەى گیانیان لەدەستداوە.
وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاندووە لەنێو بریندارەکاندا پێنجیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.
ئەڤرەنسەل
زیادکردنى مووچەی خانەنشینان بەگوێرەى پێویست نییە
حکومەتى ئاک پارتى رایگەیاندووە مووچەی خانەنشینان زیادبکات، هاوکات رێژەى برسێتی لەنێو ژیانی چوار ملیۆن خانەنیشینان گەیشتووەتە 65%.
هاوکات محەمەد شیمەشک، وەزیری دارایی تورکیا وەک بڵێی گاڵتە بە ژیانی خانەنشینان بکات رایگەیاندووە، پڕۆژەیەکیان ئامادەیە، کە لە ئۆتێلەکان و مۆڵەکاندا داشکاندن بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە خانەنشینن!
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
45%ـی هەناردەی ئێران بۆ عێراق دەڕوات
عەبدولئەمیر رەبیحاوی، بەڕێوەبەری رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران رایگەیاند، 45%ـى کۆی هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق دەڕوات.
عەبدولئەمیر رەبیحاوی، لە کۆبوونەوەی ناساندنی بازاڕی عێراق و پەرەپێدانی هەناردەکردن لە پارێزگای زەنجان ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە لێواری پەیوەستبوونە بە رێکخراوی بازرگانی جیهانی و ئێران وەک چاودێر لەم رێکخراوەدا ئەندامە.
رەبیحاوی گوتیشی، بازاڕی عێراق دەرفەتێکی بێ وێنە دەڕەخسێنێت بەهۆی پلاندانان بۆ خۆبژێوی و بوون بە بازاڕی ئەلیکترۆنی.
روزگار
تۆڕی کارەبای ئێران پێویستی بە 10 ملیار دۆلار سەرمایە هەیە
محەممەد پاکمیهر، گوتەبێژی فراکسیۆنی وزە و گەشەپێدانی پەرلەمان رایگەیاند، کەمیی کارەبا لە ئێران لانیکەم گەیشتووەتە 12 هەزار مێگاوات و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، پێویستی بە وەبەرهێنانی 10 ملیار دۆلار سەرمایە هەیە.
ئەو دەڵێت، زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبا و گۆڕانی کەشوهەوا و نەبوونی وەبەرهێنانی لە کەرتی وزەدا هۆکاری سەرەکیی ناهاوسەنگی کارەبان لە ئێراندا.
پاکمێهر گوتیشی، زیادبوونی یەک ملیۆن بەشداربووی نوێ فشارێکی زۆری خستۆتە سەر تۆڕی کارەبا و ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە.
مەردوم سالاری
هەموو بیانییەکان لە ئێران لەژێر چاودێریدان
عەلیرەزا فەخاری، پارێزگاری تاران رایگەیاند، چالاکییەکانی هەموو بیانییەکان لەژێر چاودێریی دەزگا جۆربەجۆرە ئەمنییەکاندایە و هیچ کەسێک لەژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێری بەدوور نییه.
دەڵێت، ئەم چاودێرییە گرووپە ناوخۆییەکانیش دەگرێتەوە و هەموو خەڵک لەژێر کۆنتڕۆڵدان، چ لە ناوچە سنوورییەکان و چ لە ناوچەکانی دیکەی ئێران.
فەخاری ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی رێگریکردنە لە هاتنەناوەوەی نایاسایی بیانییەکان، بەڵام تەنانەت ئەگەر کەسێک بتوانێت لەڕێی خاڵە سنوورییە چۆڵەکانەوە بێتە نێو وڵاتەوە، هێشتا لە ناوخۆی ئێران دەکەوێتە ژێر چاودێرییەکی توند.
ئەسکەناس
جیهان چاوەڕێی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکات
حەسەن هانیزادە، شارەزای سیاسی راپۆرتێکی لەبارەی راوێژکارییەکانی نێوان ئێران و بەرەی مقاومەت بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، کاتی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دیاری کراوە و ئێران و بەرەی مقاومەت لە یەک کاتدا هێرش دەکەن.
دەشڵێت، ناوچەکە و جیهان ئامادەیە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل، ئێرانیش لە کات و شوێنی گونجاودا ئەو کارە دەکات.
حەسەن هانیزادە دەڵێت، ئیسرائیل لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و ئێران هەموو شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکانی ئیسرائیل دەستنیشان دەکات و بە رەچاوکردنی بارودۆخی سیاسی و سەربازی دوا کاتی هێرشەکە دیاری دەکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندپێندەنت
هێرشە لەناکاوەکەی ئۆکراین بۆ نێو خاکی روسیا پوتین شەرمەزار دەکات
سوپای ئۆکراین یەکێک لە سەرکەوتووترین هێرشەکانی بۆ نێو خاکی روسیا بە بەشداریی زیاتر لە 1000 سەرباز ئەنجامدا، کە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیای تووشی شەرمەزاریی کرد.
هێرشەکە بە پشتیوانی چەندین تۆپهاوێژ و تانکەوە بەقووڵایی چەندین کیلۆمەتر بۆ نێو خاکی ئەو وڵاتە ئەنجامدرا و وای لە مۆسکۆ کرد، سەربازە یەدەگەکان و چەکی قورس بهێنێت بۆ بەرەى جەنگ.
ئەمەش وای کرد ژمارەیەکی زۆر لە شارەدێ و گوند لە ناوچەی کورسک لە باشووری رۆژئاوای روسیا چۆڵبکرێن.
گاردیەن
زانکۆکانی بەریتانیا بەهۆی نەمانی پارەوە رووبەڕووی خاڵی وەرچەرخان دەبنەوە
زانکۆکانی بەریتانیا رەنگە لەم پایزەدا رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەیی دارایی ببنەوە بەهۆی ئەوەی پارە لە هەژمارەکانیاندا رووی لە کەمی کردووە و بەرپرسانی باڵای زانکۆکانیش هۆشداریی دەدەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بەپەلە بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بۆ ئەوەی ئاستی زانکۆکانیان دانابەزێت.
دۆخەکە بەشێوەیەکە پێشبینی ئەوە دەکرێت بەشێک لە دامەزراوەکانی ناو زانکۆکان یەکبخرێنەوە و هەندێک لە بەشەکان کەمبکرێنەوە.
ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
پەکین داوای نێوەندگیریی رێکخراوی بازرگانیی دەکات لەبارەی گومرگی ئۆتۆمبێلى کارەبایی
چەند رۆژێکە گرژی لەنێوان چین و یەکێتی ئەوروپادا دروستبووە، لەبارەی ئەو گومرگەی خراوەتە سەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی چین لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، بەهۆیەوە چین داوا دەکات رێکخراوی بازرگانیی جیهانیی بێتە سەرخەت و دۆسیەکە لەلایەن دادگای نێوبژیوانییەوە یەکلا بکرێتەوە.
کێشەکە دوای ئەوە دێت یەکێتی ئەوروپا چەند رێنماییەکی نوێی دەرکردووە، لەبارەی زیادکردنی باجی گومرگیی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانی چین، بۆئەوەی بەرهەمهێنەرە ئەوروپییەکان بتوانن کێبڕکێی نرخ لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکانی چیندا بکەن.
عەرەب نیوز
دوایین دەرفەت بۆ پرسی ئاشتی لە غەزە لە ئارادایە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەلایەن شرۆڤەکارانەوە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت بۆ مەرام و دەستکەوتی سیاسی شەڕی غەزەی درێژکردووەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە لایەنە نێوەندگیرەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی شەڕ.
رۆژی هەینی، ئیسرائیل رەزامەندیی داوە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە بۆ ئاگربەست، کە لەسەر داوای قەتەر، میسر و ئەمریکا بڕیارە دەستپێبکەنەوە.