زووم…
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرایکردووە، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێشنیاری کردووە لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، “بنکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل” لە هەرێمی کوردستان یان ئازربایجان بەئامانج بگیرێت.
رۆژنامەی تەلەگراف لە راپۆرتێکدا لە زاری یاریدەدەری دووەمی پزشکیانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، “سەرۆککۆماری ئێران نایەوێت وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بکەوێتە جەنگەوە، هەر بۆیە دژی پێشنیازی سەرکردەکانی سوپای پاسدارانە بۆ ئەنجامدانی هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل.”
ئێران چەند جارێک بە بیانوی هەبوونی “بنکەی سیخوڕی مۆساد” هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، دواترینیان ئەو هێرشە بوو کە لە شەوی 15-01-2024 کرایە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەدار لە هەولێر کە تێیدا خۆی و کچێکی بەناوی ژینە کوژران لەگەڵ کارگوزارێکیان و بازرگانێکی عێراقی کە میوانی پێشڕەو دزەیی بوو.
لەدوای هێرشەکە سوپای پاسداران پێشڕەو دزەیی تۆمەتبار کرد بەوەی پاڵپشتیی دەزگایەکی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی کردووە، کە ئەم تۆمەتە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە رەتکرایەوە و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش رایگەیاند، ماڵی پێشڕەو دزەیی بارەگایی مۆساد نەبووە.
لە راپۆرتەکەی تەلەگراف باس لەوە کراوە، “سەرۆککۆماری ئێران پێشنیاری کردووە هەندێک شوێن کە پەیوەندیدارن بە ئیسرائیلەوە لە هەرێمی کوردستان یان لە کۆماری ئازربایجان بکرێنە ئامانج، هەروەها پێشوەختە عێراق و ئازربایجان لە هێرشەکە ئاگادار بکرێنەوە.”
پێشتر نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، هەندێک لایەن دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لە رووداوی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە تێوەگلێنن و بڵێن ئەو مووشەکە یان درۆنەی هەنیەی پێ تیرۆر کراوە لە هەرێمی کوردستانەوە تەقێنراوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی تەلەگراف، بەرپرسانی سوپای پاسداران سوورن لەسەر ئەوەی لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیەی سەرکردەی حەماس، هێرش بکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیبی پایتەختی وڵاتەکە و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.
هەفتەیەک زیاترە بەسەر کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران تێپەڕیووە کە بەرپرسانی ئێران ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی و هەر لە سەرەتاوە چەندین هەڕەشەیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، بەڵام تائێستا هێرشیان نەکردووە.
لەماوەی ئەم هەفتەیەدا چەند جارێک پروپاگەندەی هێرشی “تۆڵە”ی ئێران لەلایەن میدیاکانی وڵاتەکەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام هیچ هێرشێک رووینەداوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەیان بەتوندی وەڵامی دەدەنەوە، ئەمریکاش پشتگیری خۆی بۆ تەلئەبیب دەربڕیووە و رایگەیاندووە، هاوکاری ئیسرائیل دەکات و هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامەکەی “لێدانێکی قورس” دەبێت لە ئێران.