زوومی ئەڵمانیا
موزەخانەی کورت مولنهاوپت لە بەرلین، موزەخانەی ئەو هونەرمەندە شێوەکارەی بەنیگارکێشی خۆشەویستی دەناسرێت.
موزەخانەکە دەکەوێتە ناوچەی کروزبێرگ لە بەرلین، رابردوویەکی پڕ لەچیرۆک و رووداوی مێژوویی ساڵانی شەستاکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەخۆگرتووە.
لەپێشتردا ئەو جێگەیە باڕێک بوو بەناوی “لیرکاستن”، بەڵام لەوکاتەوەی کورت مولنهاوپت دەیکڕێتەوە، دەبێتە ناوەندێکی گرنگی هونەریی و پێشانگە و ئاهەنگی موزیک و فێستیڤاڵە جیاوازەکانی تێدا بەڕێوەدەچن، ئەمەش وادەکات ببێتە مەڵبەندی کۆبوونەوەی رووخسارە دیارەکانی هونەر و رووناکبیریی و بۆهێمییەکانی بەرلینی ڕۆژئاوا لەو سەردەمەداو مولنهاوپت خۆیشی دەبێتە کەسایەتییەکی رەمزی “بۆهێمییەکانی کروزبێرگ”ی ساڵانی شەستەکان و یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی بەرلینی ڕۆژئاوا.
لە ساڵی (١٩٨٩) مولنهاوپت، سەنتەری هونەر و پیشەسازی لەوێ دادەمەزرێنێت و لە ساڵی (٢٠١٩)یشەوە دوای سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوە، وەک موزەخانەیەک دەبێتە ناوەندێکی هونەریی و رووناکبیریی، کە جگە لەپێشانگەی هەمیشەیی کارەکانی کورت مولنهاوپت، وەک گالێرییەک پێشانگەی هونەرمەندانی هاوچەرخی نێودەوڵەتی، بۆنە رووناکبیرییەکان، وۆرکشۆپ و هونەری چاپکردن بۆ منداڵانی تێدا بەڕێوەدەبرێت.
(کورت مولنهاوپت) نیگارکێش، چاپکەر، پەیکەرتاش، شاعیر و هونەرمەندی ژیان بوو، ئەو لە ساڵی (١٩٢١) لەنێو شەمەندۆفێرێکدا لەدایکبوو، کە لە پراگی پایتەختی چیکەوە بەرەو بەرلین، بەڕێکەوتبوو.
(کورت مولنهاوپت) منداڵی خێزانێکی جولەکەی جوتیاری هەژار بوو، لەنێو کوخێکی دارستانی ناوچەی تیمپێلهۆفی بەرلین دەژیان، بەڵام ئەو هەمیشە منداڵێکی دڵخۆش و رازی بوو، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا، بەهرەی نیگارکێشانی، بەنەخشاندنی وێنەی ئاژەڵان بۆ هاوڕێکانی، بەدەرکەوت.
ئەم هونەرمەندە شێوەکارە، بەڕادەیەک عاشقی هونەر بوو، کە هەژاری، شەڕ و نەخۆشییە جەستەییەکانیش نەیانتوانی ڕێگری لێبکەن، کە تەواوی ژیانی بۆ هونەر تەرخان بکات.
(مولنهاوپت) خواستی بوو ببێتە پەیکەرتاش، لەساڵی (١٩٣٢) پاشئەوەی خێزانەکەی روو لەناوچەی بلانکنفێڵد-ی بەرلین دەکەن، وەک دارتاشی مۆدێل، دەست بە شاگردی دەکات.
لەتەمەنی هەژدە ساڵی و لەجەنگی جیهانی دووەمدا، کورت مولنهاوپت، وەک سەربازێکی پەرەشووەتەوان بە سەختی بریندار دەبێت، دەستی چەپی بۆ هەمیشە تووشی رەقبوون دەبێت و بەشێک لەقاچیشی لەدەستدەدات، بۆ ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا، بۆ ئەوەی کەمێک خۆی لەئازارەکانی رزگار بکات، بەڕەنگی ئاوی، خۆی سەرقاڵی وێنەکێشان دەکات.
لەساڵی (١٩٤٦) و لەپاش کۆتایی هاتنی جەنگ، مولنهاوپت لە بەشی رۆژهەڵاتی بەرلین ژیان بەسەردەبات، تا ئەوکاتەی لەلایەن (کارل هۆفەر) بەڕێوەبەری قوتابخانەی هونەری بەرلین، وەک بەهرەمەندێک (مولنهاوپت) دەدۆزێتەوە، لێی دەپرسێت کە دەیەوێت چ ئومێدێک بەدیبهێنێت، مولنهاوپت وەڵامدەداتەوە کە: “دەمەوێت ببمە نیگارکێشێکی گەورەی خۆشەویستی”. چونکە ئەو باوەڕیوایە تەنها ئەوانەی خۆشەویستی وەردەگرن، دەتوانن خۆشەویستی بگوازنەوە”.
بۆیە کارل هۆفەر هاوکاری دەکات تا لە زانکۆی هونەر دەستدەکات بەخوێندن، بەڵام کاتێک زانکۆکەی رەتیدەکاتەوە ببێتە خوێندکاری ماستەر، (مولنهاوپت) تووشی خەمۆکییەکی قورس دەبێت و ئەمەش وا دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر لە کلینیکی هوفلاند لە بەرلین- بوخ بمێنێتەوە.
(مولنهاوپت) لە بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت: ئەو پزیشکە زۆرانە هەموویان وێنەیەکیان دەویست. من بە تەواوی سەرقاڵ بووم. ژووری نەخۆشخانەکەم گۆڕدرابوو بۆ ستۆدیۆ.
لە ساڵی (١٩٥٦) پاشئەوەی (دەزگای پۆلیسی نهێنی ئەڵمانیای رۆژهەڵات) فشاری لەسەر دروستدەکات، لە بەرلینی رۆژهەڵات هەڵدێت و لە ناوچەی (کروزبێرگ)ی بەرلینی ڕۆژئاوا نیشتەجێ دەبێت و دووکانێکی دەستی دوو دەکاتەوە، کە دواتر دووکانەکەی دەبێتە ناوەندێکی گرنگ و چەندین فێستیڤاڵی بەناوبانگ لەوێ بەڕێوەدەچن، بەو هۆیەشەوە هاوڕێیەتی لەگەڵ گونتەر گراس، ڤۆڵفگانگ شنێل، گونتەر ئەنلاف و گونتەر برۆنۆ فۆکس پەیدا بکات.
کورت مولنهاوپت، لە ساڵی (١٩٦٣) یەکەمین پێشانگای تایبەتی خۆی لە کابینەی هونەری بەرلین دەکاتەوە و پاشان ژمارەیەکی زۆر پێشانگەی لە ناوخۆی ئەڵمانیا و ئۆرۆپا کردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە دۆخی دارایی باش دەبێت و چیتر دەتوانێت بەهونەرەکەی بژی، لەچوارچێوەی گەشتە هونەرییەکانیشیدا، لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا ژیاوە و بە هونەرمەندی شێوەکار پیکاسۆ ئاشنابووە.
(کورت مولنهاوپت) لە بیرەوەرییەکانیدا سەبارەت بە گەشتەکەی لە فەرەنسا دەڵێت: لێرە چێشتخانەکان زۆر گران بوون، بۆیە لەدەرەوە شۆربایەکم بۆ رۆژەکەم لێناو هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەشمدا خەوتم.. چونکە من بۆ نیگارکێشان لە دەرەوە بووم، نەک خواردن!
کورت مولنهاوپت، ساڵانی کۆتایی ژیانی بە نەخۆشییەوە بەسەربرد، سەرهەڵدانەوەی برینەکانی جەنگ ناچاری دەکەن بکەوێتە سەر ویلچەر- عەرەبانە، بۆ لەبیرکردنی ئازارەکانیشی، دەستدەکات بە نووسینەوەی ژیاننامەکەی.
هاوکات سەرەڕای کزبوونی چاوەکانی تا ئاستی کوێربوون، بەڵام بەهاوکاری یاریدەدەرێک بێ ماندووبوون، بەردەوامدەبێت لە نیگارکێشان، ئەگەرچی ئەو بەئازارەوە دەژیا و لاواز بوو، بەڵام هەمیشە وەک کەسێکی دڵخۆش دەردەکەوت.
تا دواجار لە بەیانی جەژنی ئیستەری ساڵی (٢٠٠٦)، لە ماڵەکەی خۆی لە (بێرگسدۆرف) کۆچی دواییکردو لەگۆڕستانی بەیتولمەقەدەس لە زۆسێنەر شتراسە، بەخاکسێردراوەو بۆ هەمیشەش وەک نیگارکێشی خۆشەویستی دەمێنێتەوە.