زووم..
بەرپرسی فریاکەوتنی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، روودانی هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەهۆی خنکان لەو پارێزگایە راگەیاند.
حسێن جەعفەری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا گوتی: لە سێ مانگی رابردوودا 19 کەس کەوتوونەتە ئاوەکانەوە و لەو ژمارەیە هەشت کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسیش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
جەعفەری هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، زۆرترین رێژەی خنکان لە تەمەنی 6 بۆ 18 ساڵە دوو منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵیش گیانیان لەدەستداوە بەهۆی خنکان لە حەوزی باخچە کشتوکاڵییەکان.
گوتیشی، خنکان قەیرانێکی جیددییە و هۆکاری سەرەکی ئەم رووداوانە دەگەڕێنێتەوە بۆ گەیشتنی ئاسان بە سەرچاوە ئاوییەکانی وەک بەنداو و حەوزە کشتوکاڵییەکان، نەبوونی هۆشیاری لە مەترسییەکانی مەلەکردن لە ئاوە سروشتییەکاندا، کەمتەرخەمی لە چاودێریکردنی منداڵان، هەروەها هۆکارە دەروونییەکانی وەک ترس و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن.