زووم..
گوندی نگەڵ جگە لە جوانی سروشتەکەی، بوونی دەستنووسێکی قورئان کردوویەتە ناوچەی سەرنجراکێشی جیهانی
نگەڵ لە پارێزگای سنەیە و نزیکەی 65 کم لە ناوەندی شاری سنەوە دوورە، دانیشتووانەکەی نزیکەی دوو هەزار کەسن.
گوندەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی دۆڵێک، زستانی زۆر سارد و هاوینێکی فینکی هەیە، بوونی شاخ و دۆڵ و رووبارە جوانەکانی، وای لێکردووە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگ، بەڵام ئەوەی ناوی گوندی نگەڵی لە ئێران و جیهان بەناوبانگ کردووە، دۆڵ و شاخ و سروشتەکەی نییە، بەڵکو بوونی قورئانێکی زۆر کۆنە.
یەکێکە لە چوار کۆنترین قورئانە دەستنووسەکانی سەرەتای ئیسلام
قورئانەکەی نگەڵ بە یەکێک لە چوار کۆنترین قورئانە دەستنووسەکانی سەرەتای ئیسلام دادەنرێت، کە بە خەتی کوفی نووسراوە.
خەڵکی گوندەکە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو قورئانە دەگێڕنەوە، گوایە نزیکەی هەزار ساڵ لەمەوبەر، شوانێکی گوندەکانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە مەڕەکانی بردووە بۆ لەوەڕاندن لە یەکێک لە دۆڵەکان، لەکاتی پشوودانیدا گوڵێکی جوان سەرنجی شوانەکە رادەکێشێت، شوانەکە هەوڵیدا گوڵەکە لە زەوی دەربهێنێت بێ ئەوەی هیچ زیانێکی پێبگات، بۆیە چاڵێکی بچووکی لە زەویدا هەڵکەند، بەڵام دەستی بەر سندوقێک دەکەوێت، چەندە هەوڵی دا، نەیتوانی بەتەنیا سندوقەکە لە زەوی دەربهێنێت، بۆیە بانگی خەڵکی گوندەکەی کرد تا پێکەوە سندوقەکە دەربهێنن، دواجار کە سندوقەکە دەرهێنرا، قورئانێکی کۆنی تێدا دۆزرایەوە، بۆیە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەر لەو شوێنە مزگەوتێکیان دروستکرد، وردە وردە خەڵک هاتنە دەوروبەری مزگەوتەکە و خانوویان دروستکرد، بووە شوێنی نیشتەجێبوون و ناونرا گوندی نگەڵ.
قورئانەکە لەسەر پێستێکی هاوشێوەی پێستی ئاسک نووسراوە و بە ئاوی زێڕین رازاوەتەوە، درێژییەکەی 38 سم و پانییەکەی 21سم، هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە میژووی ئەم قورئانە دەگەڕێتەوە بو سەردەمی عوسمان کوڕی عەفان خەلیفەی سێیەمی راشدین.
ئەم قورئانە مێژووییە تا ئێستا دوو جار دزراوە، بەڵام هەردوو جارەکە، دووبارە گەڕێنراوەتەوە بۆ گوندی نگەڵ.
ساڵی 2017 قورئانەکە لە لیستی بەرهەمە نەتەوەییەکانی ئێراندا تۆمار کرا.
هەروەها لە ساڵی 2013 مۆزەخانەیەک لە گوندی نگەل دروستکرا، کە یەکەم مۆزەخانەیە لە گوندێکی ئێران دروستبکرێت، لە دوو بەش پێکدێت، یەکێکیان بۆ پاراستنی قورئانەکەیە و ئەوەی دیکەش مۆزەخانەی شوێنەوارە میژووییەکانی دیکەیە.
گوندی نگەڵ شوێنی مێژوویی دیکەی تێدایە، لە نموونەی گردەکانی “قەڵای گاه” و “می خان” و “دی یە”، کە ئەوەی یەکەمیان ساڵی 2004 لە لیستی شوێنەوارە نەتەوەییەکانی ئێراندا تۆمارکرا.
یەکێکی دیکە لە سەرنجڕاکێشییەکانی گوندی نەگەڵ، گەورەترین پردی شووشەیی ئێرانە، کە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی روژهەڵایی کوردستان دادەنریت.