زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
مەدا
رێکەوتنێکی تەمومژاوی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا لەبارەى سەرۆکى پەرلەمان کراوە
هێزە سونییەکانی عێراق باس لەوەدەکەن رێکەوتنێکیان لەگەڵ لایەنێکی شیعەدا کردووە بۆئەوەی کەسێک کاندید بکەن بۆ سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام تائێستا ناوی لایەنە شیعەکە ئاشکرا نەکراوە و بە روونییش نازانرێت کاندیدەکە کێیە.
دەگوترێت کەسێکی سیاسییە، پێشتر هەلی ئەوەی پێ نەدراوە بچێتە دەسەڵاتەوە. دیارە تائێستاش پەرتەوازەیی لایەنە سونییەکان دێژەی هەیە، لەبەرئەوەی دوێنێ سێ لایەنی گەورەی سونە باسی شتێکی جیاوازیان دەکرد.
عەرەبی جەدید
ئەمڕۆ دووەم رۆژە پرۆسەیەکی سەربازیی ئۆکراینی لەنێو روسیادا درێژەی هەیە
ئەمڕۆ دووەم رۆژە تیمێکی سەربازیی سەر بە سوپای ئۆکراین چوونەتە نێو خاکی روسیاوە و لەوێ کردەیەکی سەربازیی ئەنجامدەدەن، ئەم تیمە تووشی شەڕێکی سەخت هاتوون.
لە ساڵی 2022ـەوە، کە شەڕی روسیا و ئۆکراین دەستیپێکردووە، ئەم کردەیە بە گەورەترین چالاکیی ئەو سوپایە دادەنرێت، کە توانیویەتی بچێتە نێو خاکی روسیاوە و لە قووڵایی ئەوێدا شەڕ بکات.
پێدەچێت پانتایی شەڕی ئۆکراین فراوانتر ببێتەوە و کیشوەری ئەفریقاش بگرێتەوە، چونکە مۆسکۆ دەڵێت، لەنێو سنووری وڵاتی مالیدا لە کیشوەری ئەفریقا هێزی ئۆکراینی پەلاماری چەکدارانی ڤاگنەریان داوە و لێیان داون.
سەباح
کۆمسیۆن دەنگدانى ئەزموونى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام دەدات
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوو پرۆسەی ئەزموونى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەنێو 181 وێستگەدا ئەنجامدەدات.
وەلید خالد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پرۆسەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری لە کۆمسیۆنی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، لە رۆژانی 12 و 25ـى ئەم مانگەدا هەڵبژاردنە ئەزموونییەکە لەنێو وێستگەی جیاوازدا بۆ تاقیکردنەوەی کارمەندەکان و ئامێرەکان ئەنجامدەدرێت.
لە هەولێرد 53 وێستگە بۆ دەنگدانی گشتی و سێ وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت تاقیدەکرێتەوە، لە دهۆکدا 41 وێستگە بۆ گشتی و دوو دانەش بۆ دەنگدانی تایبەت، لە سلێمانی 74 وێستگە بۆ گشتی و دوو وێستگە بۆ دەنگدانى تایبەت، لە هەڵەبجەش پێنج وێستگە بۆ گشتی دادەنرێت و یەک دانەش بۆ دەنگدانی تایبەت دەکرێنەوە.
شەرقلئەوسەت
هۆزێکی عێراقی لەنێو دیالە چەند فەرمانگەیەکی حکومی دادەخات
چەند خۆپیشاندەرێکی سەر بە هۆزی تەمیم لە پارێزگای دیالە، چەند فەرمانگەیەکی حکومیی نێو ناوەندی پارێزگاکەیان داخست، لەبەرئەوەی حکومەت پاڵێوراوێکی ئەو هۆزەی وەرنەگرتبوو، وەک پارێزگار دایبمەزرێنێت. ئەنجومەنی پارێزگای دیالە عەدنان ئەلجایر شمەری سەر بە بزووتنەوەی بەشایری وەک پارێزگار هەڵبژارد، بەشایر بەشێکن لە پێکهاتەی دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالیکی.
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ناڕەزایی خێڵەکی لەنێو ئەو پارێزگایەدا دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران چەند فەرمانگەیەکی ناو پارێزگاکەیان داخست بە بەڕێوەبەرێتیی پۆلیسیشەوە. لەسەر دەرگاکانیان نوسیبوویان (مغلق بامر الشعب) واتە بە فەرمانی گەل داخراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
شەڕ دەبێتە هۆى مانەوەی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ
بەردەوامبوونی شەڕ دەبێتە هۆی مانەوەی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل لەگەڵ کۆمارییەکانی ئەمریکا هاوئاهەنگە و ئەم شەڕە دەتوانێت سوودی بۆ ئەوان هەبێت، بەڵام ئەم شەڕە تێچووی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ ئێران و ناوچەکە.
ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت حکومەتەکەی نەتانیاهۆ دەتوانێت لەڕووی سیاسییەوە بیقۆزێتەوە و بۆیە باشترە ئێران لەبری وەڵامدانەوەی دەستبەجێ، رێبازێکی دیپلۆماسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بگرێتەبەر و خۆی لە گرتنەبەری رێوشوێنی هەستیارانه و سەربازی بەدوور بگرێت.
تەجارەت
ئێران ساڵى رابردوو 961 تۆن رووەکی دەرمانی هەناردەى دەرەوە کردووە
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سامانە سروشتییەکانى ئێران رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا 961 تۆن رووەکی دەرمانی لە کێڵگەکانی سامانە سروشتییەکانەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کراوە.
پلانی گەشەپێدانی ئێران ئامانجی فراوانکردنی کێڵگەی گیادەرمانییەکان بوو بۆ 250 هەزار هێکتار کە کێڵگەکانیان بە سەرکەوتوویی گەیشتە زیاتر لە 491 هەزار هێکتار.
ئەفکار
ئەم پایزە گەرم دەبێت و کەمتر باران دەبارێت
سەرۆکی سەنتەری بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی لە رێکخراوی کەشناسی ئێران رایگەیاند، ئێستا لە لوتکەی گەرمای هاوینداین و پێشبینی دەکرێت پایزی ئەمساڵ گەرما زۆر بێت و باران کەم.
ئەمساڵ پلەکانی گەرما لە رێژەی ئاسایی گەرمتر بوون و ئەم دۆخە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا هەیە.
پلەی گەرمی لە ساڵی 2023ـدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە و پێشبینی دەکرێت شەپۆلی گەرما زیاتر بێت و کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەبێت.
ئارمانی ئیمروز
ئێران لەسەر نەوت و غاز خەوتووە، بەڵام بێ کارەبایە!
عەلی موحەقق، مامۆستای زانکۆ، دەڵێت، پێویستە لە ئێران بایەخی تایبەت بە پرسە ئابوورییەکانی وڵات بدرێت، بەتایبەتی بە سەرچاوەکانی نەوت و غاز و رەخنەی لە دواکەوتنی ژێرخانی ئێران و کەمیی غاز لە وەرزی زستان و کەمیی کارەبا لە هاویندا گرت و گوتی، سەرەڕای سامانە دەوڵەمەندەکانی ئێران ئەم دۆخە جێی پرسیارە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
تورکیا بەڵگەکانی رەشەکوژی ئیسرائیل دەباتە دادگای لاهای
تورکیا بە فەرمی سکاڵای لەسەر ئیسرائیل لە دادگای لاهای تۆمارکرد، بەتۆمەتی تاوانى کۆمەڵکوژى لە غەزە.
هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا دەڵێت، ئیسرائیل بەهۆی بێدەنگبوون و بێهەڵوێستی جیهانەوە بەرامبەری، هێندە چاونەترس بووە رەشەکوژی دەکات.
سەرۆکی لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا لە بەردەم دادگای لاهای رایگەیاند، ناتانیاهۆ دەبێت لەسەر کورسی تۆمەتباران دابنیشێت.
هاوکات عومەر چەلیکی، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەم سکاڵا تۆمارکردنە، هەنگاوێکی بەهێزە بەناوی مرۆڤایەتیەوە دژی “وەحشەتگەری نازیزمی هاوچەرخ”.
قەرار
سیستمی بەرگری ‘قوبەی پۆڵاین’ کە لە نیشتیمانی شین جێگیر دەکرێت ئێس-400ـى تێدا بەکار ناهێندرێت
رۆژنامەکە نووسیویەتى، تورکیا بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژیەکانی چواردەوری، هەنگاوێکی گرنگی نا بۆ بەهێز کردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەویش لەنێو خاکی نیشتمانی شیندا، کە بەشە تورکیەکەی قوبرسە.
لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی بێشتەپە (کۆشکی کۆماری)دا بڕیاردرا پرۆژەی’قوبەی پۆڵاین’ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەو پرۆژەیەدا، سیستمی ئێس-400 ناوی نەهاتووە، کە بۆ هەمان مەبەست لەلایەن تورکیاوە لە روسیا کرا لە ساڵانی رابردوودا.
لەکاتێکدا سیستمی بەرگریی روسی کە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار تێچووەکەی بووە بۆ تورکیا و جێگیرنەکردنی لەم پرۆژەیەدا ئەو پرسیارە بەدوای خۆیدا دەهێنێت ئایا ئەمانە تەنها داشقەیەکی گرانبەها بوون و بەکەڵک نایەن؟
ئاکشام
هۆزەکانى سوریا دەکەونە شەڕ لەگەڵ یەپەگە
هۆزە عەرەبەکان لە رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ یەپەگە دەکەونە شەڕێکی قورسەوە.
لە دەیرەزۆر، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی بەرەگەز عەرەبن، هۆزەکان لە نۆ قۆڵی جیاوە هێرش و پێکدادانەکانیان لەگەڵ یەپەگە دەستپێکردووە، زۆرێک لە قەزا و ناحیەکانى پارێزگاکەیان کۆنترۆڵکردووە.
ئاکیت
ئۆپۆزسیۆنی بێپەروا رەخنە لەمەش دەگرن
ئۆپۆزسیۆن، کە هەرگیز لە قسەی ئەفەندیەکانی دەرەوەیان دەرناچن، ئەمجارەش دژی هەنگاوێکی ئەردۆغان وەستاونەتەوە، کە سانسۆرکردنی ئینستاگرامە.
بۆ نموونە گوتەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر داخستن و سانسۆرکردنی ئینستاگرام بەم شێوەیەن:
-ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: دەبێت هەرچی زووترە بکرێتەوە، ئەوانەی بەرپرسن لە گەیاندن، دەبێت دەستبەرداری ئەو خووەیان بن کە وەک یەکەیەکی سانسۆر کردنی ئەقڵ کار دەکەن.
-ئۆزگور ئۆزەل کە وەک گرووپی تیرۆریست سەیری حەماس دەکات داخستنی ئینستاگرامی بە کارێکی نالۆجیکی و بێ واتا لەقەڵەم داوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
تەندروستیی بەریتانیا هاوکارى ئەو کەسانە دەکات رەگەزیان گۆڕیوە، بۆئەوەی بیانگەڕێنێتەوە سەر رەگەزی پێشووى
وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا بۆیەکەمجار خزمەتگوزارییەک رادەگەیەنێت بۆ ئەو کەسانەی لە رەگەز گۆڕینەکانیان پەشیمانن و دەیانەوێت جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ئەو رەگەزەی پێی لەدایکبوون.
ئەمەش دوای ئەوە دێت راپۆرتێکی سەربەخۆ ئاشكرایکردوە منداڵان پەلەیان لێدەکرێت لە پێدانی دەرمان بۆ ئەوەی پرۆسەی رەگەز گۆڕینیان خێراتر بکرێت.
گاردیەن
هەزاران کەس لە بەریتانیا دژى راستڕەوە توندڕەوەکان رژانە سەر شەقامەکان
هەزاران خۆپیشاندەر لە شاری لەندەن لە دژی رەگەزپەرستی رژانە سەر شەقامەکان و قەڵغانی مرۆییان بۆ ئەو سەنتەرانە دروستکردووە کە یارمەتی پەناخوازانی وڵاتەکە دەدەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت پۆلیسی وڵاتەکە هۆشداریی لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە دا، بەهۆی بەڕێوەچوونی زیاتر لە 100 گردبوونەوە، کە لەلایەن راستڕەوە توندڕەوەکانەوە رێکخرابوون.
لە خۆپیشاندانەکاندا خەڵکی دروشمەکانی “کۆچبەران بەخێربێن” و “رەگەزپەرستی رەتدەکەینەوە” یان بەرزکردبووەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ناتانیاهۆ دەڵێت وڵاتەکەم دەتوانێت بەشێوەیەکی چالاکانە وەڵامی ئێران بداتەوە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشدارییدا لەوەی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان هێرشی چالاک ئەنجامبدەن. لەکاتێکدا تاران باس لە لەناوبردنی دەوڵەتی جووەکان دەکات، ناوچەکە خۆی بۆ دووەم پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئەو دوو وڵاتە دووژمنە ئامادە دەکات. بەڵام دەگوترێت سەرۆککۆماری تازەی ئێران داوای لە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی کردووە، بوستێت و هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل.
ژاپۆن تایمز
نێردەی هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا بەشداریی یادی ناکازاکی ناکەن
باڵیۆزانی هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا بەشداریی رێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵانەی بۆمبی ئەتۆمیی بۆسەر شاری ناکازاکی ناکەن، کە بڕیارە رۆژى هەینی بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت بەرپرسانی ئەو شارە بڕیاریاندا بانگهێشتی باڵیۆزی ئیسرائیل نەکەن بۆ بۆنەکە.
ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی شاری ناکازاکی دوای ئەوە دێت لەلایەن چەندین گرووپ و چالاکەوە لەدژی ئیسرائیل فشاری خرایەسەر و بە بیانووی دۆخی ئەمنییەوە ئەو بڕیارەی دەرکرد.