زووم..
وەزارەتی کاری عێراق رایگەیاند، کرێکاری نایاسایی لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
کازم عەتوانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاری عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، وەزارەتەکەیان بەرامبەر کرێکارانی بیانی سەرجەم رێوشوێنە فەرمی و یاساییەکانی گرتووەتەبەر تا ژمارەکەیان لەگەڵ قەبارەی داواکاری بازاڕی کاری عێراقی بگونجێت.
دەشڵێت، کرێکارانی بیانی بە نایاسایی دزە دەکەنە ناو خاکی عێراقەوە، بەتایبەت کرێکارە سورییەکان لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەندێک ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و بەبێ بوونی رێوشوێنە یاساییەکان و بێ مافی مانەوە دەگەیەندرێنە ناوچەکانی عێراق.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، تا سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوو دەرفەتیان داوەتە ئەو خاوەنکارانەی کرێکاری بیانی لەلایان کاردەکات و مۆڵەتی رێگەپێدانیان نییە یەکلایان بکەنەوە، دوای ئەوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
رۆژنامەکە، لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە، ژمارەی ئەو کرێکارە بیانیانەی مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە دەگاتە ٥١ هەزار کرێکار، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بە نایاسایی کاردەکەن زۆر زیاترە و بە سەدان هەزار دەخەمڵێندرێن.