زووم..
مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمریکا دەڵێت، مانگی رابردوو کەسێکی پاکستانی لە ئەمریکا دەستگیرکراوە، کە کاری بۆ ئێران کردووە و پلانی کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکای داناوە.
مێریک گارلاند لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیرکراوەکە پیاوێکی ٤٦ ساڵی پاکستانییە بە ناوی ئاسف میرشانت و لەلایەن چەند ئەندامێکی نهێنی ئێف بی ئایەوە دەستگیرکراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەندامەکانی ئێف بی ئای وەک بکوژی پیشەگەر خۆیان بە ئاسف میرشانت ناساندووە و ئەویش هەوڵیداوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی بە کرێیان بگرێت.
وەزیری دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، پەیوەندی لەنێوان ئاسف میرشانت و ئێران هەیە چونکە هاوسەر و منداڵەکانی لە ئێران دەژین.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە پلانی هەبووە وەک تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و بە فەرمانی ئێران چەند بەرپرسێکی ئەمریکی تیرۆر بکات.
وەزیری داد رەتیکردووەتەوە، تۆمەتبارەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵی تیرۆری دۆناڵد ترەمپەوە هەبێت