زووم..
هۆشیار زێباری دەڵێت، بڕیاری رێگریکردن لە بەشداری سێ پارتی کوردی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیارێکی دروست و ژیرانەیە.
هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، بڕیاری دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ رێگریکردن لە بەشداریکردنی سێ پارتی کوردی نزیک لە پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بڕیارێکی دروست و ژیرانەیە.
گوتیشی ئەو پارتانە بوونەتە خانەی شێرپەنجەیی لە جەستەی هەرێمی کوردستان و عێراق و هۆکاری پشێوی و ناسەقامگیری ناوچەکەن.
ئەم قسانەی هۆشیار زێبازی دوای ئەوە دێت، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیاریدا پارتەکانی ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی هەڵبوەشێندرێنەوە و بارەگاکانیان دابخرێن.