فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئەگەر مۆسکۆ و واشنتۆن هەڵوێستی جدییان نەبێت، پێدەچێت تورکیا هێرشى زەمینى بکاتەسەر رۆژئاڤاى کوردستان وەکو ئەوەی لە دوو لەشکرکێشی جیاوازدا لە ساڵی 2018 و 2019دا کردی.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەرى ئەلمۆنیتۆر، مەزڵوم عەبدی فەرماندەى گشتى هەسەدە، نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە بەرامبەر وەڵامی لاوازی روسیا و ئەمریکا بەرامبەر بە دەیان هێرشی ئاسمانی تورکیا کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کردوویەتییە سەر ناوچەکانى رۆژئاڤا و بووەتەهۆی کوژرانى لانیکەم 11 کەسی مەدەنی.
دەقی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ مالپەری ئەلمۆنیتۆر
مەزڵوم عەبدی، لە چاوپێکەوتنەکەدا بە تایبەت باسى کۆبانێى کردووە و گوتویەتى پێدەچێت کۆبانی ببێتە ئامانجی هێرشە زەمینیەکانی تورکیا.
پێدەچێت کۆبانی ببێتە ئامانجی هێرشە زەمینیەکانی تورکیا
فەرماندەى گشتى هەسەدە دەشڵێت، ئەم هەڕەشانەی تورکیا ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر دەکات و هەوڵەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە پاشماوەکانی داعش لاواز دەکات.
عەبدى رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەى ئەستەنبوڵەوە هەبێت و رایگەیاندووە، دەیانەوێت پەیوەندییەکی ئاشتیانە و دراوسێیانەیان لەگەڵ ئەنقەرەدا هەبێت.
لەبارەى ئەو ژنەى کە بە تۆمەتى ئەنجامدانى تەقینەوەکەى ئەستەنبوڵ دەستگیرکراوە و تورکیا دەڵێت لەلایەن هێزە کوردییەکانى رۆژئاڤاوە نێردراوە، مەزڵوم عەبدی ئەو بانگەشەیە رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو ژنە لە خێزانێکەوە هاتووە کە پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.
دەشڵێت، ئەو ژنە سێ برای لە شەڕی داعشدا کوژراون، یەکێکیان لە رەقە کوژراوە و یەکێکی دیکە لە منبج و سێیەمیش لە عێراق کوژراوە، ئێستاش برایەکی فەرماندەی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە کە تورکیا لە عەفرین پشتیوانی دەکات.
هەر لەبارەى ئەو ژنەوە فەرماندەى گشتى هەسەدە دەڵێت، ئەحلام پێشتر هاوسەرگیریی لەگەڵ سێ چەکداری جیاوازی داعش کردووە و خێزانەکەی خەڵکی شاری حەلەبن لە سوریا.
ئەحلام بەشیر لە خێزانێکەوە هاتووە کە پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە