زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سودانى: سەرژمێری گرنگە بۆ نەخشەى پلانی گەشەکردنێکى سەرکەوتوو
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند، پرۆسەى سەرژمێریی دانیشتوان کە بڕیارە لە مانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، گرنگە بۆ نەخشەى پلانى گەشەکردنێکى ئابوورییانەى سەرکەوتوو بۆ عێراق.
نووسینگەى راگەیاندنى سودانى لە راگەیەنراوێکیدا بە دامەزراوەکانى دەوڵەت دەڵێت، پێویستە سەرجەم فەرمانبەران پابەندبن بەو ئەرکەى سەبارەت بە پرۆسەى سەرژمێری پێیان سپێردراوە.
شەرقلئەوسەت
سینوار بۆ جێگەى هەنیە و فشارەکان بۆ سووککردنى هێرشەکان ئەنجامدەدرێت
لە کاتێکدا جیهان لە چاوەڕوانى بەپەرچدانەوەى ئێراندایە دژی ئیسرائیل، بزووتنەوەى حەماس رایگەیاند، یەحیا سینواری وەک سەرۆکى مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى حەماس، وەک شوێنگرەوەى ئیسماعسل هەنیە دیاریکردووە، کە لەسەر دەستى ئیسرائیل لە تاران کوژرا.
ئەوەش وەبیردەخرێتەوە ناوى سینوار وەک بەرپرسێکی بزووتنەوەکە لە کەرتى غەزە، لەگەڵ ناوى تۆفانى ئەقسا پەیوەستە کە لە 7ـى تشرینى یەکەمى ساڵی پار ئەنجامدرا.
سەرچاوەیەک ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، دەستنیشانکردنى سینوار هاوسەنگی بۆ حەماس دەگێڕێتەوە، سەرەڕای بژاردە هەرێمییەکان.
لەهەمان کاتدا فشارە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان خراونەتە سەر ئێران و ئیسرائیل، کە هێرش و بە پەرچدانەوە چاوەڕوانکراوەکانیان رێکبخەن، بۆئەوەى لە مەترسیی جەنگێکى هەرێمى دووربکەونەوە.
عەرەبی جەدید
بەنگلادیش دوای حسێنە؛ محەمەد یونس ئامادەیە بۆ سەرۆکایەتیى حکومەت
دوای دەستلەکارکیشانەوە و هەڵاتنى شێخە حسێنەی سەرۆکوزیرانى بەنگلادیش، وردەوردە بەرچاورۆشنییەکان لەو وڵاتە دەردەکەون و ناوى پرۆفیسۆر محەمەد یونسی تەمەن 84 ساڵ وەک سەرۆکوەزیران دەردەکەوێت.
ئەو کە ئێستا لە پاریس نیشتەجێیە، هەڵگری خەڵاتى نۆبڵی ئاشتییە، نەیشاردەوە ئامادەیە ببێتە سەرۆکى کاتیی ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا شێخە حسێنە ئێستا لە هندستانە و بە فڕۆکەیەک هەڵاتووە.
عەرەب
ئێران دەیەوێت حەشدى شەعبی بەشدارى لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل بکات
ئێران سوورە لەسەر بەشداریکردنى حەشدى شەعبی لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و مووشەکبارانکردنى بنکەى سەربازیی عەین ئەسەد لە عێراق، کە بنکەیەکى سەربازیی ئەمریکییە، سووربوونى ئێران دەردەخات لە بەشداریکردنى ئەو هێزانە هاوشانى حوسییەکان و حزبوڵا و بزووتنەوەى حەماس.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکگون
لە تورکیا باج لەسەر کڕینی کەلوپەل لە دەرەوە زیادکرا
حکومەتى تورکیا باجی لەسەر هێنان و کڕینی کەلوپەل لە دەرەوەى وڵات بەڕێژەى 66% بۆ 100% زیادکرد. هەروەها سنووردارکرنی بازاری ئۆنڵاین لە دەرەوەى وڵاتەوە لە 150 یۆرۆوە بۆ 60 یۆرۆ کەمکردەوە.
بڕیارەکە لە 15 رۆژى داهاتوودا دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.
یەنیچاخ
تێچوی ژیان لە ئیستەنبوڵ هێندەى چوار مووچەیە
بەگوێرەى راپۆرتێکی ئاژانسی پلاندانان تێچووی ژیانکردن لە ئیستەنبوڵ لە مانگی تەمموزدا 4.7% بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە تێچووی خێزانێکی چوار کەسی لە ئیستەنبوڵ بۆ مانگێک دەکاتە 66 هەزار و 550 لیرەى تورکی. ئەم بڕە دەکاتە چوار هێندەى کەمترین بڕە مووچە لەو وڵاتەدا.
لە راپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکراکراوە نرخی زەیتی زەیتون 112% گران بووە، پەنیری سپی 89% و هێلکە 34% نرخەکانیان گران بووە.
یەنی بیرلیک
ئەمریکا یەپەگە لە کەناراوەکانی فرات جێگیردەکات
ئەمریکا لە رۆژاڤای کوردستان 700 ئەندامی یەپەگەی لە کەناراوەکانى رووباری فرات جێگیرکردووە. هاوکات ئەمریکا 70 ئۆتومبێلی زرپۆشی بە هێزەکانی یەپەگە لەناوچەکە داوە. ئەمریکا ئامانجی ئەوەیە کۆنتڕۆڵی چاڵە نەوتییەکانی ناوچەکە بکات.
میلاد
تورکیا لە بواری بەرگریی سەربازیدا وەبەرهێنانی زیاتر دەکات
کەرتی پیشەسازیی بەرگریی سەربازی لە تورکیا لەماوەى پێنج مانگی ئەمساڵدا، بە بەهاى دوو ملیار و 215 ملیۆن دۆلار فرۆشی بە وڵاتانى دەرەوە هەبووە. تورکیا بە 185 وڵات 230 جۆر کەرەستەى بەرگری دەفرۆشێت.
بەرپرسان رایانگەیاندووە، ئامانجیان ئەوەیە لەمساڵدا فرۆشی کەرەستەى بەرگریی سەربازی بگەیەننە حەوت ملیار دۆلار.
رۆژنامە فارسییەکان
قودس
ئێران هەوڵی داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان دەدات
مەجید شوجاع، فەرماندەی پاسەوانی سنووری خوراسانی ئێران رایگەیاند، ئێران سێیەم وڵاتە زۆرترین دراوسێی هاوسنووری هەیە لە دوای چین و روسیا، هەر بۆیە پاراستنی سنوورەکان گرنگییەکی زۆری هەیە.
ئەو دەڵێت، پاراستنی سنووری ئەفغانستان پێویستیەکی زۆری هەیە بۆ نەهێشتنی قاچاخ و کۆچبەرانی نایاسایی و بۆیە دروستکردنی 18 تاوەری چاودێری و پێوەندی لە سنووری ئەفغانستان پلانی بۆ دانراوە.
ئەو باسی لە هەوڵەکانی داخستنی سنوور لەگەڵ ئەفغانستان کرد، کە بریتییە لە دروستکردنی دیوار و دانانی تەلی دڕکاوی، کە پێویستە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا تەواو بکرێت.
کەیهان
بۆرسەکانی جیهان لە چاوەڕوانی هێرشی ئێراندا تووشیى دابەزینێکى بەرچاو دەبێت
بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانی تووشی دابەزینێکی بەرچاوبوون، کە بووەتە گەورەترین دابەزین لە دوای پەتای کۆرۆناوە.
ئەم قەیرانە کە پەیوەندی بە دابەزینی بەرچاوی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا و دابەزینی پێوەرەکانی دۆلار و نەوتەوە هەیە، بەهۆی کوشتنى ئیسماعیل هەنیە و چاوەڕوانی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل توندتر بووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانی دەبێت.
هەروەها دابەزینی بازاڕەکانی بۆرسە لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهۆی گرژیەکان لە ناوچەکەدا توندتر بووە و دراوی ئیسرائیل بەشێکی زۆری بەهاکەی لەدەستداوە.
ئەبرار
پچڕانی کارەبای نەخۆشخانەکان لە ئێران بووە بە مەترسی
مێهدی فەلاح، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانى ئێران رایگەیاند، پێویستە هەموو نەخۆشخانەکان مۆلیدەی یەدەگیان هەبێت، بەڵام هەندێک لە نەخۆشخانەکان تەنها یەک مۆلیدەیان هەیە و لە ئەگەری لەکارکەوتنی یان پچڕانی کارەبای نەخۆشخانەکە مەترسی دروستدەبێت.
دەڵێت، لەم دواییانەدا هەواڵی پچڕانی کارەبا لە ناوەندە پزیشکییەکان بڵاوبووەتەوە و هۆکاری سەرەکیی پچڕانی کارەبای بە کێشەی ژێرخانی و بەکارهێنانی مۆلیدە کۆنەکان ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرفتانە بەهۆى پشتگوێخستنیەوەیە لە رابردوودا و پێویستی بە نوێکردنەوەی مۆلیدەکان و باشترکردنی ژێرخان هەیە.
باختەر
کرماشان پێویستی بە دەرمانخانە نییە
محەممەد باقر محەمەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری کرماشان دەڵێت، ئیدارەی خۆراک و دەرمان بە ئاشکرا رایگەیاندووە، کرماشان پێویستی بە دەرمانخانەی مانگی سوور نییە و هیچ مۆڵەتێک بۆ دامەزراندنی دەرناکات.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزیری تەندروستی، لە سەردانى ئەم دواییەیدا بۆ کرماشان، فەرمانی دامەزراندنی دەرمانخانەی مانگی سووری دەرکرد.
محەممەدی باس لە هەوڵی 28 ساڵەی دامەزراندنی ئەم دەرمانخانەیە دەکات و پێیوایە بوونی مافیای دەرمان لە کرماشان و ئێراندا رێگری لە دامەزراندنی ئەم دەرمانخانەیە کردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گەڵف نیوز
یونسی براوەی خەڵاتی نۆبڵ ئامادەیە سەرۆکایەتیی حکومەتە کاتییەکەی بەنگلادیش بکات
داوایەکی سەرەکیی خوێندکاران ئەوەیە سەرۆکی حکومەت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
محەمەد یونس، براوەی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت، ئامادەم سەرۆکایەتیی حکومەتە کاتییەکەی بەنگلادیش بگرمەدەست، پاش ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوامی خوێندکارانی بەنگلادیشی وایکرد شێخە حەسینەی سەرەکوەزیران هەڵبێت و وڵاتەکەش بەجێبهێڵێت.
یونس گوتی، من شەرەفمەندم خۆپیشاندەران ئەو متمانەیەیان بە من هەیە، کە بتوانم سەرۆکایەتیی حکومەتێکی کاتی بکەم، یونس ئەم پەیامەی خۆیی بە نووسراوی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی فەرەنسی ناردوە.
دەیلی تەلەگراف
نوێنەرایەتیی گشتی هۆشداری دەدات؛ ئاژاوەگێڕەکان تۆمەتی تیرۆریان دەدرێتەپاڵ
دەزگای پۆلیس چاوەڕوان دەکات ئەمڕۆ ئاستی توندوتیژییەکان زیاتر هەڵبکشێن، بۆیە 6000 کارمەندی پۆلیسیان خستووەتە باری ئامادەباشییەوە.
دەسەڵاتی باڵای پۆلیس هۆشدارییدا لەوەی ئاژاوەگێڕەکان بە تاوانی تیرۆر تۆمەتبار دەکرێن.
ستێفن پارکنسن، نوێنەری باڵای پۆلیس، کە بە دی پی پی ناسراوە گوتی، تیمەکەی ئەوان دەستەڵاتی یاسایی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ زیندانیکردنی ئەو کەسانەی ئاژاوەکان دروستدەکەن و هەر لە ئێستاشەوە کەسێکیان بەگوێرەى یاسای تیرۆر بەندکردووە.
نیویۆرک تایمز
کیسەڵە بچکۆلەکە بە شێوازی خۆی مێژووی دروستکرد
“کیسەڵە بچکۆلەکە” نازناوێکە دراوە بە کچە یاریزانی جیمناستیکی ناسراو سایمن بایڵز، ئەم کچە چالاکە لە پاریس توانیی لە بواری جیمناستیکی سەرزەویدا چوار مەدالیا بباتەوە. ئەوەی روویدا، شتێک بوو بایڵز خۆشی چاوەڕوانی نەدەکرد، سایمن بایڵز بە کۆمەڵێک جوڵەی زۆر جوانە وە لەسەر زەوی چەند نمایشێکی بەهێزی کرد، هەرجارە و بەشێوازێکی جوانتر و متمانەدارتر لە جاری پێشوو دەردەکەوت. هەموو جوڵەکانی ئەم کچە وەرزشەوانە جوان و تایبەت بوون، بۆیە بە مێژوویی ناوبران، لەم یارییانەدا بە نازناوی کیسەڵە بچکۆلەکەوە ناوبانگی دەرکرد.
دەیلی ئێکسپرێس
فاراج هۆشداری دەدات و دەڵێت رەوشی بەریتانیا گەشتووە بە ئاستێکی مەترسیدار
نایجڵ فاراج، کەسایەتیی سیاسیی ریفۆرمخوازی بەریتانیی هۆشداریی دایە کیەر ستامەری سەرەکوەزیرانى بەریتانیا و گوتی وڵاتەکە کەوتووەتە ئامادەکارى بۆ هەڵمەتێکی دیکەى نوێی ئاژاوەگێڕی و ئەمەش بەریتانیا دەباتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.
نایجڵ فاراج سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کرد و گوتی، ئەو رەوشانە هەن، کەچی سەرەکوەزیران هەست بە ئاستی کارەساتباریی روداوەکان ناکات.