زووم..
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، گۆڕانکاری سیاسی لە بادینان و هەولێرەوە دەکرێت و ناکرێت لە سلێمانی دابنیشن و چاوەڕێ بن خەڵکی بادینان گۆڕانکاریی بکات. دەشڵێت، ئێستا کاتیەتی خەڵک ببێتەوە خاوەنی بڕیار.
لاهور شێخ جەنگی سەردانی بادینانی کرد و لەلایەن بەشێک لە خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازی لێکرا، لە لێدوانێکیشدا بۆ زووم رایگەیاند، بادینان گرنگییەکی زۆری هەیە و لە رابردوودا قوربانی زۆری داوە.
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی بادینانیشەوە، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا بە بەرچاوی هەمووانەوە خاکی بادینان داگیرکراوە و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش لە ئاستیدا خۆیان بێدەنگ کردووە.
گوتیشی، وەک چۆن لە رابردوو سامانی ژێر زەویی تاڵانکرا و بە تورکیا و وڵاتانی دیکە فرۆشرا، ئێستاش درەختی گوندەکانی بادینان لە ریشەوە هەڵدەکێشن و دەیبەن لە تورکیا دەیفرۆشن.
راشیگەیاند، ئەرکی بەرەی گەل یەکخستنی ریزەکانی گەلە لە گەرمیانەوە بۆ بادینان، ئەوەش بەئامادەبوونی خۆیان دەکرێت.
لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەش کرد، لە رابردوودا بە مەبەستی حزبی تۆوی رق و کینە لەنێوان رۆڵەکانی بادینان و گەرمیاندا چێنراوە و وایانکردوە خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە رقیان لە یەکتری بێتەوە.