زووم..
کاتێک لە سەر شاخەکانی دەوروبەری گوندەکەی گۆرانی دەگوت، گشت خەڵکی ناوچەکە دەیانبیست، عەباسی کەمەندی لە کتێبەکی “سەید عەلی ئەسغەر کوردستانیدا” وادەڵێت.
دەگێڕنەوە کاتێک ئەو دەنگی هەڵدەبڕی و گۆرانی دەگوت، روویداوە شووشەی پەنجەرەی ماڵان بشکێن.
لەژێر کاریگەریی دەنگیدا، یەک سەدەیە چەندین چیرۆکی ئەفسانەئاسا دەماودەم لەبارەیەوە دەگێڕدرێنەوە.
ئەو نازناوی بولبولی کوردستانیشی لێنراوە، چونکە کاتێک بولبل دەخوێنێت گیان و دەروونی مرۆڤ ئارام دەبێت و بارودۆخێکی نائاسایی بۆ دەسازێت، گۆرانیگوتنی ئەو رێک ئاوایە.
پیاوێک، بە کڵاو و جامانە و بە عەبا و جلی کوردییەوە، سەد ساڵ پێش ئێستا لەڕێی چەند گۆرانییەکەوە توانی سنوورەکانی کوردستان ببڕێت و بۆ هەمیشە وەک داهێنەر و دەنگێکی ئەفسوناوی بمێنێتەوە.
سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، ئەمڕۆ ٨٧ ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا تێدەپەڕێت و هێشتا چریکەی دەنگی ئەو لە قووڵایی رۆحی نەک تەنها تاکی کورد، بەڵکو لەنێو عاشقانی گۆرانیی ناوچەکەدا، وەک فارس و تورک و ئازەری دەزرینگێتەوە.
تەنانەت گۆرانیبێژێکی وەک شەجەریان بە مامۆستای خۆی ناوی دەبات و ئاوازەکانی دەڵێتەوە.
ئەو یەکەم جار لە حوجرەی مزگەوتەکان و بە خوێندنی قورئان دەستی پێکرد، هەر لەو رێگەیەشەوە شارەزای سەرجەم جۆرەکانی مەقامی کوردی و فارسی بوو، ئەمە وایکرد بتوانێت بەئاسانی ئەو مەودا فراوانەی لە دەنگیدا هەیە بۆ گۆرانی بەکاری بهێنێت و هەمووان تووشی سەرسامی بکات.
دەڵێن سەیدی گۆرانیی کوردی، جارێک دەچێتە تاران و لە مەجلیسێکی موزیسیانان و گۆرانیبێژانی بەناوبانگی ئەوکاتەی ئێران وەک “قەمەر المەلوک” بەشدار دەبێت.
بەڵام، کەس ئاوڕ لە سەید ناداتەوە و بۆیان گرنگ نییە، ئەویش بە هۆی ئەم هەڵسوکەوتەیانەوە هەست بە سوکایەتی دەکات و دڵی دەشکێت، هەر بۆیە لەجێی خۆیەوە دەکەوێتە گۆرانیگوتن. لەوێوە تەواوی ئەو موزیسزیانانەی لەوێن شوێن دەنگی دەکەون و موزیکی بۆ دەژەنن، سەرنجی هەمووان دەچێتە سەر ئەو، لێرەشەوە ناوبانگی سەید و سیحری دەنگی بە ئێراندا بڵاودەبێتەوە.