زووم.
ئەمڕۆ محەمەد عەلی تەمین، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری حزبەکان لە کەرکوک کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی کەرکوک، کۆبوونەوەکە لە بەغداد دەبێت و فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و نوێنەری سەرجەم ئەو حزبانەی کورسییان هەیە، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.
زوومی کەرکوک دەشڵێت، چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەکە یەکلاکەرەوە بێت سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە کوردی و تورکمانی و عەرەبییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەجیا کۆبووەوە، بە ئامانجی ئەوەی بگەن بە رێککەوتن بۆ دانانی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
پێشتر زووم ئاشکرایکردبوو، سودانی بە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی گوتووە، دەبێت لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە، ئەمڕۆش ئەو وادەیە کۆتاییهات.