زووم…
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
دادگاى فیدراڵیی عێراق داواى دەرکردنى هێزە بیانیەکانى رەتکردەوە
باسم خەشان و مستەفا سەنەد، هەردووکیان ئەندامى پەرلەمانى عێراقن پێکەوە سکاڵایەکیان لەسەر سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى عێراق لە دادگاى فیدراڵی تۆمارکرد و داوایان کرد بەشێوەیەکى یاسایی دادگا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات لەبارەى دەرکردنى هێزە بیانییەکان لە عێراق، بەڵام دادگاکە بە پاساوى تایبەتمەندنەبوون، سکاڵاکەى رەتکردەوە.
عەلى تەمیمی، پسپۆڕی یاسایی لەوبارەیەوە بە رۆژنامەکەى گوتووە، دواى هێرشەکانى داعش، عێراق، خۆی بە فەرمی داواى لە ئەنجومەنى ئاسایش کردووە هاوکاری بکرێت و هێزى بۆ رەوانە بکرێت، ئەنجومەنى ئاسایش بە بڕیاری 2170 کارەکەى کردووە، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێکى دیکە نەکراوە بۆ کۆتاییهێنان بەو بابەتە، هەرچەندە پەرلەمانى عێراق بڕیاری یەکلایەنەى داوە، بەڵام تائێستا عێراق بە فەرمی داواى لە ئەنجومەنى ئاسایش نەکردووە کۆتایی بە رۆڵی هێزە بیانییەکان بهێنرێت، چونکە دەبێت بە هەمان شێوەى هاتنەکەیان بێت، ئەوەى تائێستا هەیە گفتوگۆکردنە لەبارەى کشانەوە و هیچی دیکە.
سەباح
هەرێمى سونە لە عێراق رۆشنایی نابینێت
د. قاسم بەلشان تەمیمى، شارەزای دەستوور بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، هەرچەندە لە دەستورى 2005ـدا عێراقدا بەڕوونى و ئاشکرا باس لە دروستبوونى هەرێمەکان دەکات، بەڵام پەیوەستى کردووە بە یەکدەنگی نێوان پێکهاتەکانى سێ پارێزگاوە، ئەگەر بە نموونە ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا وەربگیرێت تاوەکو پێکەوە هەرێمێک دروستبکەن، ئەستمە پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانى ئەو سێ پارێزگایە بگەنە یەک بڕیار و پێکەوە هەرێمى سونەکان دروستبکەن، ئەوەش کە جاروبار باس دەکرێت شتێکى ئەوتۆ نییە و لە کارى میدیایی تێپەڕناکات و هەرێمى سونە رۆشنایی نابینێت و ناچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
دەستور
عێراق لە ریزبەندى پێنجەمى وڵاتانى سێدارەدایە
بەگوێرەى ئامارێکى کۆمپانیاى ستاتیستاى ئەڵمانى سەبارەت بە لەسێدارەدانى ساڵی 2023 ئێران لە ریزبەندى یەکەم و عەرەبستانى سعودیە لە ریزبەندى دووەمدایە، عێراقیش لە ریزبەندى پێنجەمدایە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە ساڵی 2023 لە ئێران 853 کەس لە سێدارەدراون، لە سعودیە 172 کەس و سۆماڵ 38 کەس، ئەمریکا 24 و عێراقیش بە لە سێدارەدانى 16 کەس لە ریزبەندى پێنجەمى وڵاتانى جیهاندایە و میسریش هەر لەو ساڵەدا 15 کەسى لە سێدارە داوە و بەنگلادیش و کوەیتیش یەکی شەش کەسیان لە سێدارەداوە.
عەرەبی جەدید
گرووپە چەکدارەکانى عێراق لەسەر سنوورى ئوردن بڵاوبوونەتەوە
دوو بەرپرسی باڵاى عێراق کە یەکێکیان ئەندامى پەرلەمان و ئەوى دیکەیان لە وەزارەتى دەرەوەیە بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدیان راگەیاندوە، ئوردن بەفەرمی لەبارەى بڵاوبوونەوەى گرووپ و هێزە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران لەسەر سنوورەکانى، بەرپرسانى عێراقی ئاگادارکردووەتەوە.
پارێزگارى ئەنبار رایگەیاندووە، هۆکارەکەى ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەیە کە لەم دواییانەدا ناوچەکەى گرتووەتەوە و ئەگەرى فراوانبوونى جەنگەکە لە ئارادایە. بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رۆژنامەکە گرووپەکانى حەشدى شەعبی و هەندێک گرووپى دیکەى نەناسراو لەسەر سنوورەکانى ئوردن و سوریا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکجار رێگری لە رێڕەوى بازرگانى و ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن، کە هاتوچۆی ئوردن دەکەن، بە پاساوى ئەوەى ئەو وڵاتە لە کێشەى نێوان ئیسرائیل و فەلەستین پشتیوانى لە حەماس ناکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
بەریتانیا لە ئیلۆن مەسک تووڕەیە و ستایشی شەڕی ناوخۆی بەریتانیای کردووە
گفتوگۆیەک لەنێوانی ئیلۆن مەسکی ملیاردێر و سەرەکوەزیرانی بەریتانیا روویدا، لەسەرئەوەی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانی مەسک زەمینەی لەباریان بۆ بڵاوکردنەوەی رق و تووڕەیی رەخساندووە.
دوێنێ شەو لەکاتی قسەکردن لەسەر ئەو ئاژاوانەی نێو بەریتانیایان گرتووەتەوە، کیەر ستامەری سەرەکوەزیران و ئیلۆن مەسک تووشی شەڕەقسە هاتن.
داونینگ ستریت رەخنەی ئەوەی لە مەسک گرتووە، لەسەر ماڵپەڕی ئێکسەکەی خۆی گوتوویەتی پێشوازی لە شەڕی ناوخۆی بەریتانیا دەکەین. گوتەبێژی سەرەکوەزیرانیش دەڵێت، قسە و لێدوانێکی لەوشێوەیە هیچ بەهانەیەکی نییە تاوەکو بگوترێت.
تایمز
بیرکردنەوەی زۆر مێشکی خەڵکی رۆژئاوایی ماندوو دەکات
ئەو کەسەی کەم بیردەکاتەوە، زۆر هەڵە دەکات. ئەمە گوتەیەکی لیۆناردۆ ڤینچییە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی نوێ جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەوەی لیۆناردۆ گوتوویەتی راستییەکە دەبێت لێی ئاگاداربن، خەڵکی رۆژئاوایی بە تایبەتی دەبێت وریای ئەو راستییە بن، چونکە بەگوێرەى ئەو لێکۆڵینەوەیە دەرکەوتووە کەسانی پێگەیشتووی نیشتەجێی ئەوروپا و باکووری ئەمریکا بەزوویی لەو مەسەلانەى بێزاردەبن کە پێویستیان بە بیرلێکردنەوەی زۆر هەیە، بەڵام بەراورد لەگەڵ ئەواندا خەڵکی ئاسیا وەها نیین، بەڵکو بە حەوسەڵەترن.
کاتێک خەڵکی رۆژئاوایی بکەونە نێو ئەو هەڵوێستانەوە، کە پێویستیان بەوە هەبێت زۆر بیری لێبکەنەوە، بەزوویی بێزاردەبن.
ئەو توێژینەوەیە دەڵێت، منداڵانی وڵاتانی چین و تایوان توانای بیرکردنەوەیەکی زیاتریان لە منداڵانی ئەمریکا و بەریتانیا هەیە.
ئیندیپێندەنت
پۆلیسەکانی ستامەر سوپایەکی ئامادەن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاژاوەگێڕەکان
سەرۆکوەزیران هێزێکی ئامادە لە پۆلیس دروستدەکات بۆ بەگژداچوونەوە و تێکشکاندنی ئاژاوەگێڕییەکانی راستڕەوە پەڕگیرەکان. هەروەها داوا لە دادگاکانیش دەکات پەلەبکەن و بەخێرایی ناوی پەلاماردەرەکان بناسنەوە.
تائێستا 400 کەس دەستگیرکراون، کەسێکی تەمەن 14 ساڵیش دان بەوەدا دەنێت فیشەکە شێتەی ناوە بە پۆلیسەوە.
سەرۆکوەزیران داوای کرد سوپایەکی ئامادە لە پۆلیس دروستبکرێت، کە هەموویان لە پلەدارە پسپۆرەکان بن بۆئەوەی بتوانن ئەو ئاژاوانە کۆتایی پێبهێنن، تەواوی بەریتانیای گرتووەتەوە.
عەرەب نیوز
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئەگەرەکانی شەڕ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دراون بە نەخۆشخانەکانی لوبنان
رۆژی دووشەممە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی 32 تۆن دەرمان و کەرەستەی فریاگوزاریی سەرەتایی گەیاند بە لوبنان.
هۆکاری ئەم هەنگاوە بریتییە لە بەرزبوونەوەی ترس و ئەگەرەکانی شەڕ لە نێوانی حزبوڵا و ئیسرائیلدا.
ئەم یارمەتییانە بەزۆری دەنێردرێن بۆ ئەو نەخۆشخانانەی لە ناوچەی مەترسیی روودانی شەڕەکانەوە نزیکن، بابەتەکانی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی برین و تراوماکانی جەنگن.
فیراس ئابیاد، وەزیری تەندروستیی لوبنان دەڵێت، مەبەست لە دابینکردنی ئەم یارمەتییانە ئەوەیە هەر بارێکی نەخوازراوی جەنگ روویدا، نەخۆشخانەکان بابەتی چارەسەرکردنیان لەبەردەستدابێت.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ئێران رەحم بە ئیسرائیل ناکات
شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتی پێیانوایە ئەگەری کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل زۆر توندتر دەبێت لە رابردوو.
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە سزادانی ئیسرائیل کردووەتەوە و دەڵێت، “تاوانەکان”ـی نەتانیاهۆ بووەتە هۆی ئەوەی ئێران و بەرەی مقاومەت هیچ هێڵێکی سووریان بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل نەبێت.
هەروەها باقری کەنی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی یەکلاکەرەوەی ئێرانی بۆ ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە.
سەردانەکەی سێرگی شۆیگۆ، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا بۆ تاران، رەنگە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبێت.
کار و کارگەر
بەهۆى پچڕانى کارەبا ساڵانە زیانی پێنج ملیار دۆلار بەر پیشەسازیی ئێران دەکەوێت
بەردەوامی پچڕانی کارەبا بووەتە هۆی ئەوەی پیشەسازییەکانی ئێران ساڵانە پێنج ملیار دۆلار زیانیان پێ بگات و ئەم کێشەیە بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی خاوەن یەکە پیشەسازییەکان.
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی پەرلەمان رایگەیاند، ئەو زیانانەی بەهۆی پچڕانی بەردەوامی کارەباوە کاریگەری زۆری لەسەر پیشەسازی وڵات دروستکردووە.
هەروەها لە ئێستادا ئێران بەرەوڕووی کەمیی رۆژانە 10 ملیۆن لیتر بەنزین بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی تێکڕای بەکارهێنانی بەنزین لە وڵاتانی جیهان بە تێکڕا شەش لیترە، لە کاتێکدا لە ئێران ئەم رێژەیە دەگاتە 10 لیتر، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی بەربڵاوی ئۆتۆمبێل بە ستانداردی یۆرۆ دوو لە شارەکاندا.
قودس
ئامادەکاریی دیپلۆماسی بۆ تۆڵەسەندنەوە دەکرێت
عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی رازیکردنى جیهان لە وەڵامی ئێران بۆ ئیسرائیل، سەرجەم باڵوێز و نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوەی لە ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد.
لەم دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە بێدەنگی بەرامبەر بە تاوانەکانی ئیسرائیل بەسە و دەبێتە هۆی ئاساییبوونەوەی تاوان، باسی لە تیرۆرکردنی هەنیە کرد وەک بەشێک لەم تاوانە.
ئەو لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سلۆڤینیا و هەنگاریا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە بێدەنگی لایەنە ئەوروپییەکان و جەختی لە مافی رەوای ئێران بۆ وەڵامی هەڕەشەکان کردەوە و رایگەیاند، ئەم مافە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بەکاردەهێنرێت.
باختەر
فەرمانگەکانی کرماشان دەبێت بەکارهێنانی کارەبا 60% کەم بکەنەوە
محەممەد مورادی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کرماشان رایگەیاند، فەرمانگەکانی پارێزگاکە بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە پچڕانی کارەبا پێویستە بە رێژەی 60% بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێی پێوەرە زیرەکەکانەوە بەشێوەی ئۆنلاین چاودێری دۆخی بەکارھێنانی کارەبا دەکرێت، لە ئەگەری پابەندنەبوونیشدا کارەبای فەرمانگەکان دەبڕدرێت.
ساڵی رابردوو بەهۆی پابەندنەبوون بەشێوازی بەکاربردن کارەبای 102 فەرمانگە پچڕا و ئەمساڵ زیاتر لە 64 فەرمانگە هۆشداری پچڕانی کارەبایان بۆ دەرچووە.
بەمەبەستی بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی کارەبا، رۆژانی پێنجشەممە فەرمانگەکان دادەخرێن و دەوامی ئەم هەفتەیە لە کاتژمێر شەش بۆ 11ـى پێشنیوەڕۆ دەبێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
تورکیا رووبەرووی فاشیزمی دیجیتاڵی بووەتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رێوڕەسمى پرۆگرامی مەشقی مافی مرۆڤ قسەی کردووە، بە توندی وەڵامی جیهانی سیاسەت و رۆژئاوای داوەتەوە لەسەر پرسی فەلەستین و غەزە.
رۆژنامەی سەباح ئاماژەی بە گووتەیەکی ئەردۆغان کردووە، کە لەهەمبەر رێگرییەکانی ئینستاگرام بۆ دانانی وێنەی ئیسماعیل هەنیە ئاماژەی پێکردبوو، دەڵێت، کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، لەبەرامبەر ئەو پرسانەی دەستوەردەداتە بەرژوەندیانەوە، وەک مافیا مامەڵە دەکەن، رووبەرووی فاشیزمی دیجیتاڵی بووینەتەوە.
دەڵێت، ئەم کۆمپانیایانە هانی هەموو جۆرە بێڕەوشتیەک دەدەن، بەڵام کاتێک دێتە سەر بەرەنگاری و خەباتی فەلەستینیەکان، هەر بە ئاشکرا جەنگیان راگەیاندووە بەرامبەریان.
ئەوان تەحەمولی وێنەی شەهیدەکانیش ناکەن، لەهەمان رۆژ و ساتدا قەدەغيیان خستەسەری.
دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانە هێندەی گوێ بە یاساکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەدەن، کاتێک دێتە سەر پرسی تورکیا، بەشێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو پشتگوێی دەخەن.
سۆزجو
نرخی هەموو شتێکیان گران کردووە، بەڵام دێن و دەڵێن هەڵاوسان کەمبووەتەوە
هەڵاوسان کە لە ئایاری رابردوودا گەیشتە لوتکە، بەگوێرەی دەزگای ئامار لە مانگى تەمموزدا دابەزیوە. ئەمە لەکاتێکدایە نرخی هەریەک لە کارەبا و غازی ماڵان یەک لەدوای یەک بەرزکرایەوە.
دەزگای ئامار (تویک) دەڵێت، لە تەمموزدا هەڵاوسان 3.23% یە، بەمەش رێژەی هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵ بۆ 61.78% دابەزیوە، لەکاتێکدا بەگوێرەى دامەزراوەی ENAG کە کۆمەڵێک پسپۆڕ پێکیان هێناوە، لە تەمموزدا هەڵاوسان 5.91 بووە و لەسەر ئاستی ساڵیش 100.88%ـى تێپەڕاندووە. بۆیە ئەو زانیاریانەی دەزگای ئامار چیدیکە مایەی بڕوا پێکردن نیە.
تورکیا
دەست بە پەیوەندیەکانتانەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا بگرن
رۆژنامەی تورکیا ئاماژەی بەسەردانەکەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە لە زاری ناوبراوەوە لەسەر پرسی پەیوەندی ئیسرائیل و ئەمریکا و پشتگیریەکانی دەڵێت، ”هەوڵ دەدەن هەموو ئەو کارە قێزەونانەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات لە ناوچەکە، بۆی پاک بکەنەوە”.
ئەو داواى لە ئەمریکا کردووە، کە دەبێت ئاگاداری ئەو خاوەندارێتیەیان بن، چیدیکە ناوچەکە توانای تەحەمولی ئەو کارە تێکدەرانەی ئیسرائیلی نیە.
قەرار
لە تورکیا 729 هەزار سوری لە شوێنى دیاریکراویاندا ناژین
عەلی یەرلیقایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەو سێ ملیۆن ئاوارە سوورییەکەی لە تورکیا تۆمارکراون، 729 هەزاریان لەو ئادرەسانە ناژین کە تۆمارکراون، بۆیە ئەو سورییانەی لە ماوەی 90 رۆژدا ناگەڕێنەوە بۆ ئادرەسەکانی خۆیان بێبەش دەکرێن لە هەموو خزمەتگوزارییەکی گشتی.