زووم..
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، ناکرێت ئەو زوڵم و زۆرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەردەوام بێت و قبوڵ بکرێت.
لە دوای بەشداریکردنی لە ساڵیادی کۆچی دوایی کاروان عەلی شامار، لاهور شێخ جەنگی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و لەبارەی رووداوەکانی سلێمانییەوە گووتی، کوشتنی ئاری چایچی دۆخە ئەمنییەکەی لای خەڵک روونکردەوە، کە نابێت بەم جۆرە قبوڵ بکرێت.
رۆژنامەنووسان لەبارەی دۆخی ئەمنی سلێمانی و لێدوانێکی هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە پرسیاریان کرد، لاهور شێخ جەنگی گوتی، پارێزگاری سلێمانی باش دەزانێت کە دۆخەکە ئارام نییە، بەڵام ڕەنگە تەنها لە بیناکەی ئەودا دۆخەکە ئارام بێت.
مانگی رابردوو سێ حاڵەتی تەقەکردن لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی کۆماندۆوە تۆمارکران، کە بەهۆیانەوە دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکە برینداربوون، رووداوەکان دوانیان لە سلێمانی و یەکێکیان لە چەمچەماڵ بوو.
سەرباری ئەم رووداوانە، هەفتەی رابردوو پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوانیدا رایگەیاند، دۆخی ئەمنی سلێمانی ئارامە، ئەم لێدوانە کاردانەوەی هاوڵاتیانی لێکەوە دژی گوتەکانی پارێزگار دەڵێن، شار ئارام نییە.