زووم..
جەنگێک لە بەردەرگایە و شەقامەکانی بەیروت ترسی هاتنی جەنگێکی ماڵوێرانکەریان لێنیشتووە.
دوای کوژرانی فواد شوکر فەرماندەی باڵای حزبوڵای لوبنان لە بەیروت و کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران، ئەگەرەکانی روودانی جەنگێکی مەترسیداری نزیکردووەتەوە و لوبنانییەکان دەترسن بەیروتیش وەکو غەزەی لێ بێت.
بەهۆی ترسی جەنگەوە گەنجانی بەیروت بیر لە کۆچکردن و جێهیشتنی وڵاتەکەیان دەکەنەوە.
بەتەمەنەکانی لوبنان، کە چەندین جار جەنگی ناوخۆییان بینیوە و ئەو رۆژە تاریکانەیان لەبیر ماوە، ئومێدەوارن جەنگ روونەدات، چونکە دەزانن جەنگ چی لەگەڵ خۆی دێبێت.
بەردەوامیی جەنگی غەزە و کوژرانی دەیان هەزار کەس و وێرانبوونی شارەکە، وایکردووە خەڵکی لوبنان زیاتر لەو جەنگە بترسن، کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەیان رووبدات.