زووم..
گرژیی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای کوژرانی چەند سەرکردەیەکی حەماس و حزبوڵا لە ناوجەرگەی پایتەختی دوو وڵاتی جیاواز، نزیکبووەتەوە لە پلەی کوڵان.
هەڕەشەکانی ئێران، ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل، خۆگورجکردنەوەی کەتیبە و میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە لوبنان و سوریا و یەمەن و عێراق بارودۆخەکەی جۆشداوە.
لە ئێستادا چاوی جیهان، لە کەرتی غەزەوە گواستراوەتەوە بۆ تاران، لەکاتێکدا پێنج رۆژ بەسەر کوژرانی گەورەترین سەرکردەی حەماس لەنێو ماڵی ئێرانییەکاندا تێپەڕیوە، بەڵام جگە لە هەڕەشەی توند، هێشتا تاران هەنگاوی کرداری بۆ ئەو تۆڵەیە هەڵنەگرتووە، ئەگەرچی خۆیان دەڵێن، ئەمجارە لە تۆڵە دەردەچێت و ئیسرائیل “تەمبێ” دەکەن.
هێشتا تاران هەنگاوی کرداری بۆ ئەو تۆڵەیە هەڵنەگرتووە
ترس و نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە تێکچوونی دۆخەکە و لەگرێژنەدەرچوون، کۆشکی سپی ناچارکردووە هێز رووە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجووڵێنێت.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆیتەرزی گوتووە، بەم نزیکانە ئەمریکا هێزەکانی لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بڵاوەپێدەکات.
ئەو بەرپرسە بێ ئەوەی ئاژانسەکە ناوی بهێنێت، دەشڵێت، ئامانجی ئەمریکا لەو کارە، هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و روونەدانی جەنگێکی چاوەڕوانکراوە.
هەروەها جۆناسان فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە کەناڵی سی بی ئێسی وڵاتەکەی گوتووە، چەندین فڕۆکەی جەنگی و کەشتیی سەربازیی لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکەین.
دەشڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکارییەکی زۆریان کردووە بۆ هەر روداوێکی نەخوازراو و چاوەڕوانکراو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش لەڕێی وەزیرەکەیەوە، بە تەلەفۆن بەرپرسانی باڵای عێراقی خستووەتە سەر داوای پاراستنی سەقامگیری بە ئاقاری هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
عێراق گرنگە رۆڵێکی ئەرێنی هەبێت بە ئاڕاستەی خاوکردنەوەی گرژییەکان
بلینکن بە سودانی گوتووە، عێراق گرنگە رۆڵێکی ئەرێنی هەبێت بە ئاڕاستەی خاوکردنەوەی گرژییەکان.
ناردنی هێز و پێقایمکردنی زیاتری سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکاتە لەگەڵ پەسەندکردنی ناردنی بارێکی نوێی بۆمبی ئاسمانی وەک هاوکارییەک بۆ ئیسرائیل.
ئەو داواکارییانەی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و لەلایەک و پشتیوانیی سەربازیی ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە و نارنی هێزی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک سیاسەتی بانێک و دوو هەوا وێنا دەکرێت.