زووم..
پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، شەش کەسیان بە تۆمەتی سەرپێچیی ژینگەیی دەستگیر کردووە، دووانیان بە تۆمەتی بیرلێدان، دووانی دیکە بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە، کەسێک بە تۆمەتی راوکردنی باڵندەی کێوی و کەسێکی دیکەش بە تۆمەتی خەڵوزکردن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە سنووری قەزای ماوەت دەست بەسەر ٣٦ فەردە خەڵوزدا گیرا و کەسێکیش بەتۆمەتی خەڵوزکردن دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، دەستیان بەسەر ئامێرێکی بیرلێدان و دوو چەکی جۆری تاپڕ و ١١ فیشەک و دوو تۆڕدا گرتووە و دوو کەسیش دەستگیر کراون.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە سنووری شارباژێر هاووڵاتییەک دەستگیرکرا، کە سەرقاڵی راوکردنی باڵندەی کێوی بووە و دەست بەسەر تاپڕەکەیدا گیراوە.
دەشڵێت، بە تۆمەتی ئاگرکەوتنەوەکی دوێنێی سنوری پێنجوێن، دوو کەسیان دەستگیر کردووە.