زووم..
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە، کە تایبەت بوو بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عێراق.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی دادگاکە، سکاڵاکە بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندییەوە رەتکراوەتەوە.
سکاڵاکە رۆژی ٢٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن هەریەکە لە پەرلەمانتاران باسم خەشان و مستەفا سەنەد دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوزیرانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە، بەو نیازەی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پابەندبکەن بە دەرکردنی ئەو هێزانە.
سکاڵاکە داوای ئەوەشی کردبوو ئەو هێزانە پابەندبکرێن بە گێڕانەوەی هەموو ئەو ناوچە و دامەزراوەکان، کە ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنامەکەی لەگەڵ عێراق بەکاریهێنابوون، لەگەڵیشیدا مانەوەی ئەو هێزانە لە عێراق بە نایاسایی بزانێت.
بەشێکی دیکەی سکاڵاکەش تایبەتە بە قەربووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانەی لە یەکەم رۆژی ساڵی ٢٠٠٩ــوە بەهۆی هیزەکانی ئەمریکاوە بەر عێراق کەوتوون.