زووم..
گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، شاخی گۆیژە شوێنێکی گەشتیارییە و ناکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەگوێرەی بەرنامەیەکی گەشتوگوزاری سلێمانی و شارەوانیی سلێمانی، ساڵانی رابردوو لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێندراوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەی گەشتیاریی شاخی گۆیژە، بۆ ئەوەی بکرێتە چەند زۆنێکی گەشتیاری.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو زۆنە گەشتیارییانە چەندین چالاکیی گەشتیاریی مۆدێرن و هەمەجۆر لەخۆ دەگرن، بۆ ئەو مەبەستە نەخشەکە پێشنیاز کراوە و نێردراوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان تا پەسەندی بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەى رابردوودا چەند جارێک لە چەند کاتێکى جیاوازدا چەند بەشێکى چیاى گۆیژە و ئەزمەڕ سووتان، کە ئەو زنجیرە ئاگرکەوتنەوەیە کاردانەوەى دروست کرد و دەنگۆى ئەوەش بڵاوبووەوە، کە “بۆ دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون ئەو بەشانەى چیاکان بە مەبەست دەسووتێنرێن”.
هەر لەوبارەیەوە، دوێنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، هیچ پلان و بڕیارێک لەئارادا نییە بۆ دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لە شاخی گۆیژە.