زووم..
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەبارەی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانەوە گوتارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:
ئەو پرسیارانەی رۆژانە ئاڕاستەمان دەکرێن، بۆچی رۆژانە رێژەی شێرپەنجە روولەهەڵکشانە، بۆچی ژینگە رۆژ لە دوای رۆژ پیس دەبێت، بۆچی هەوای شارەکان پیسن، بۆچی هەمیشە تەمێکی رەش شارەکانی داگیرکردووە، بۆچی بۆنێکی ناخۆش پایتەخت و شارەکانی تری تەنیوە، و چەندان پرسیاری تر.
دەمەوێ بتانگەڕێنمەوە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئەم ئامارانە هی ساڵی 2018یە، بزانە چی کراوە بەرامبەر ئەم گەلە بەشمەینەتە، بزانن رۆژانە چەندین پاڵاوگەی نایاسایی کاریان کردووە و بوونەتە هۆکاری شێواندنی ژینگەکەمان، ئاخۆ دوای چەندین ساڵ لە سەرپێچی و شێواندنی ژینگە، تازە موژدانە بە هاووڵاتیان دەدەن بڵێن پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەین، لە کاتێکدا هیچ رێکارێکی یاساییان بەرامبەر ئەنجام نەدرێت.
کێ لەبەرامبەر وێرانکردن و تێکدانی خاک و پیسکردنی هەواو مەترسی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و فڕێدانی هەزاران تەن پاشماوەی ئەم پاڵاوگانە بەرپرسیارە، هاووڵاتییەکی بەشمەینەت چی تاوانێکی هەیە لەبەر خاتری بەرژەوەندی چەند سەرمایەدارێکی چاوچنۆک تووشی شێرپەنجە و دەیان نەخۆشی ترببێت.
ئامارەکانی ساڵی 2018 پێمان دەڵێن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 41 پاڵاوگە هەن، هەموویان بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین.
نزیكەی 100 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی 40 پارچە زەویدا دابەشبوونە، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی، هەموو پاڵاوگەكان نایاسایین.
پارێزگای هەولێر زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێن، كێشەكە تەنیا لە سنووری ناوەندی هەولێر نییە، بەڵكو لە سنووری قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش هەیە و پاڵاوگەی نایاسایی زۆری تێدان كە زیاتر لە 300 پاڵاوگەی نایاسایی دەبێت.
دوای زیاد لەشەش ساڵ لەو بەروارە ئەمڕۆ هەواڵی داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاو دەبێتەوە کە بەپێی زانیارییەکان ئەو بڕیارە لە 02/08/2021 دراوە واتە سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوپێش هۆکاری جێبەجێنەکردنی لەڕۆژی دەرچونییەوە چیە، کێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، ئاخۆ ئەو پاڵاوگانەی تر داخراون یاخود ماون دابخرێن، ئاخۆ پاڵاوگەکانی تری سلێمانی و دهۆک داخراون یا ئەوانیش ماون…
من دەمەوێ بپرسم، یاسای ژمارە هەشتی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەڵێ تەنها دایانبخەن و بڕۆنە ماڵەوە، یاخود دەڵێ هەر کەسێ دەبێتە هۆی شێواندن و پیسکردنی ژینگە دەبێ سزابدرێت.
ئایا ئەگەر هاووڵاتییەک سەرپێچییەک، نایاساییەک بەرامبەر ژینگە بکات، لیژنەکانتان دەچنە سەری و پێی دەڵێن کاکە بڕۆ ماڵەوە و تەواو، یاخود بۆ کەمترین سەرپێچی زۆرترین گرفت و سزای بۆ درووست دەکەن.
من لێرەوە داوا لە دەستەی ژینگە دەکەم، چەند ساڵە ئەو پاڵاوگانە نایاسایین بۆ نایاندەن بە دادگا پێشنیار دەکەم بە پێی یاسا سزایەکی باشی مادییان بدەن و پارەکەی نەدەن بە حکومەت راستەوخۆ خۆتان بیکەنە ناو ئەو سندووقە ژینگەیەی بۆتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی پارە بۆ حکومەت و ناشیرینکردنی ژینگە لای هاووڵاتیان.
ئەو پاڵاوگانە پێچەوانەی سەرجەم مادەکانی(22،25،26،28،29،31)لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، ژمارە 8ی ساڵی 2008ی هەرێمی کوردستان، بەپێی مادەی (41، 42، 43)ی ئەو یاسایە، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان سزاکان دەیانگرێتەوە، کە لە 10 ملیۆن دینار تا 200 ملیۆن دینار کۆتایی دێت و زیندانی کردنیش دەیانگرێتەوە.
هەر بۆ زانیاریتان، ئەم ئامارە هی ساڵی 2018یە، ساڵانە بایی 15 ملیار دینار فیول پەمپی ئۆتۆمبێل بەهۆی سووتەمەنی خراپەوە لە هەرسێ پارێزگاكە تێکدەچن.
کێشەکە لەوەدایە، ئەم پاڵاوگانە هی کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمەن، ئەگەرنا ئەگەر راست دەکەن فەرموو بیانهێننە سەر شاشەی تیڤییەکان با خەڵکی بزانن ئەمانە هۆکاری شێواندنی ژینگەی ئەم وڵاتە بوونە و بە پارەیەکی باش سزایان بدەن.