زووم…
شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادش لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستیلەکارکێشایەوە و وڵاتی بەرەو هیندستان بەجێهێشت.
بەگوێرەی هەواڵی هەردوو ئاژانسی فرانس پرێس و رۆیتەرز، بەیانی ئەمڕۆ هەزاران خۆپیشاندەر هەڵیانکوتاوەتەسەر کۆشکی سەرۆکوەزیران لە دەکای پایتەخت و تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتیش دیمەنی چوونەژوورەوە و خۆشحاڵی هاووڵاتیانی گواستەوە کاتێک دەچنە ناو کۆشکەکەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، شێخ حەسینە کە لە ساڵی 2009ـەوە لە دەسەڵاتدایە بە هێلیکۆپتەرێکی سەربازی بەنگلادشی بەرەو هیندستان بەجێهێشتووە.
خۆپیشاندانەکانی بەنگلادش سەرەتا لەلایەن خوێندکارانەوە دژی سیستمی کۆتای هەلی کاری حکومی سەریهەڵدا، بەڵام دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و کوژرانی چەند خۆپیشاندەرێک، خۆپیشاندانەکە پەرەیسەند و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران کرا.
خوێناویترین رۆژی خۆپیشاندانەکە دوێنێ بوو کە تێیدا 94 خۆپیشاندەر و نزیکەی 14 پۆلیسی کوژران، بەوەش کۆی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکەوە کوژران گەیشتە 300کەس.