زووم…
نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، هەندێک دەیانەوێت هەرێمی کوردستان تێوەگلێنن لە رووداوی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران.
نازم دەباغ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی ئیرنای ئێرانی دەڵێت: هەندێک کەس و لایەن هەوڵ دەدەن بڵێن ئەو مووشەکە یان درۆنەی هەنیەی پێ تیرۆر کراوە لە هەرێمی کوردستانەوە تەقێنراوە، ئەوانە هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر تێکبدەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ئامانجە بەدی نایەت چونکە بەمدواییە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە هەموو کاتێکی دیکە باشتر بووە.
ناوبراو گوتیشی، ئەم تیرۆرە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژیی زیاتر لە نێوان جیهانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل و بە بۆچوونی نازم دەباغ، وەڵامی ئێران لە کاتی خۆیدا روودەدات, بەتایبەت کە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای تۆڵەکردنەوەی خوێنی هەنیەی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 05-08-2024 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریدا لەوەی ئێران تۆڵە دەکاتەوە و گوتی: وەڵامێکی بەهێزمان بۆ ئیسرائیل دەبێت و هیچ کەس گومانی لە تواناکانمان نەبێت.
هێشتا گومان لەسەر شێوازی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە هەیە کە بەرەبەیانی 31-07-2024 لە میوانخانەیەکی تایبەت بە سوپای پاسداران لە باکوری ئێران بەئامانجگیرا.
سوپای پاسداران رایگەیاندووە، هەنیە بە مووشەکی نزیکمەودا لە دەرەوەی ئەو میوانخانەیەی لێی ماوەتەوە پێکراوە، بەڵام میدیای ئەمریکی دەڵێت: هەنیە بە بۆمبی چێندراو کراوەتە ئامانج کە دوو مانگ لەمەوبەر لە میوانخانەکە دانراوە.