زووم..
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەبێ “هیچ دوودڵییەک” وەڵامی سەختی ئیسرائیل دەدەنەوە لە بەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و دەڵێت، “هەموو رێکارە یاسایی و سیاسییە پێویستییەکانیان بۆ ئەو وەڵامە تەواوکراوە.”
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتەکە لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی هەفتانەی خۆیدا گوتی: هەموو بەڵگەکان دەریدەخەن ئیسرائیل بەرپرسیارە لە تیرۆرکردنی هەنیە، ئیسرائیل بەبێ هەماهەنگی و هاوکاری ئەمریکا ناتوانێت ئەو سەرکەشیانە لە ناوچەکە بکات.
تائێستا ئیسرائیل دانی نەناوە بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، بەڵام رەتیشینەکردووەتەوە. بۆچوونەکان لەسەر کوشتنی هەنیە دژبەیەکن. سوپای پاسداران رایگەیاندووە، هەنیە بە مووشەکی نزیکمەودا لە دەرەوەی ئەو میوانخانەیەی لێی ماوەتەوە پێکراوە، بەڵام میدیای ئەمریکی دەڵێت: هەنیە بە بۆمبی چێندراو کراوەتە ئامانج کە دوو مانگ لەمەوبەر لە میوانخانەکە دانراوە.
ئیسرائیل چەند رۆژێکە ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی ئێران و بەرپرسانی ئەمریکاش نەیانشاردووەتەوە، تاران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل. بەگوێرەی گوتەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، تاران ئەمڕۆ یان سبەی هێرشەکەی دەستپێدەکات.
لەبارەی ئامادەکاری هێرشەکە ناسر کەنعانی دەڵێت، “پەیوەندیمان بە زۆرێک لە وڵاتانەوە کردووە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، بۆیە هیچ وڵاتێک ناتوانێت رێگری لە ئێران بکات بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل.”