زووم…
ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوتاکانی لە کۆمەڵەی حەوت ئاگادارکردووەتەوە لەوەی هێرشەکانی ئێران و حزبوڵا بۆسەر ئیسرائیل رۆژی دووشەممە، واتە ئەمڕۆ، دەستپێدەکات.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئاکسیۆس، بلینکن جەختی لەوە کردووەتەوە، ئێران و حزبوڵا تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە و هێرشەکە لەماوەی 24-48 کاتژمێری داهاتوو روودەدات.
لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و فوئاد شوکر، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵا لە بەیروت، ئێران و حزبوڵا تۆمەتی رووداوەکانیان خستەپاڵ ئیسرائیل و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیان دا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، بلینکن لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکا هەوڵیداوە فشاری دیپلۆماسی لەسەر ئێران و حزبوڵا دروستبکات بۆ ئەوەی بتوانێت تاڕادەیەک رێگری لە وەڵامدانەوەیان بکات و باسی لەوەش کردووە، سنووردانان بۆ هێرشەکانیان باشترین دەرفەتە بۆ رێگریکردن لە جەنگی گشتگیر لە ناوچەکە.