زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بانکی ناوەندیى ئەمریکا: ساڵی داهاتوو رێژەى پاشەکشەى ئابووریى دەگاتە 50%
پسپۆڕانى ئابووریی باس لەوە دەکەن لە ساڵی داهاتوودا ئابووریی ئەمریکا رووبەڕووى کێشەى گەورە دەبێتەوە.
بەگوێرەى ئەو ئاماژانەى سەرەتاکانیان دەرکەوتووە و لە مانگەکانى رابردوودا رێژەى بێکارى زیادی کردووە و لە مانگی تەمموزدا گەیشتووەتە 4.3% و لە مێژووى ئەمریکادا بێکارى نەگەیشتووەتە ئەم رێژەیە.
هەرچەندە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی یەدەگى ئەمریکا پێشتر بە میدیاکانى رایگەیاند، سووردەبن لە سەر هێشتنەوەى باج لە شوێنى خۆیدا، بەڵام بەشێوەى کرداریی باج لەسەر هاووڵاتییان زیادکراوە.
بەگوێرەى راپۆرتێکی ۆڵ ستریت جۆرناڵ، کۆمپانیا بچووکەکان تواناى وەرگرتنى کرێکارى نوێیان لەدەستداوە.
رایانگەیاندووە، رێژەى قازانجیان بەشێوەیەکى بەرچاو رووى لە دابەزینە، وەک شارەزایان باسی دەکەن ئەمە سەرەتایەکە بۆ دابەزینى ئابووریى ئەمریکا و بانکی فیدراڵی ئەمریکا لە نیۆرک رایگەیاندووە، پێشبینى دەکرێت ساڵی داهاتوودا رێژەى پاشەکشەى ئابووریی ئەمریکا بگاتە 50%.
عەرەب
لە دەیەمین ساڵڕۆژى جینۆسایدی ئێزدییەکاندا یەکێتى بەچڕیی هێرشیکردە سەر پارتى
رۆژنامەى عەرەب لە بەدواداچوونێکدا باس لەوە دەکات، لە دەیەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدى ئێزدییەکان لە شنگال، لە سەردەستى رێکخراوى داعش، یەکێتى و پارتى کەوتوونەتە جەنگێکی میدیایی و یەکتریی تۆمەتباردەکەن.
نووسیویەتى، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژى یەکێتى رایگەیاندووە، هێزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بەنهێنى لە شنگال کشانەوە و ئێزدییەکانیان رادەستى داعش کرد.
یەکێتیى نیشتمانى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کشانەوەى هێزەکانى پارتى هەلێکی گەورەى دابەدەستى داعشەوە، کە ئەو کارەساتە بخوڵقێنێـت، کە بینرا.
یەکێتى ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە، کە بەهۆی هاوپەیمانێتى ئەوانەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانى کوردستان لە شنگال، تورکیا هێرشەکانى بۆ سەر ئەو ناوچەیە درێژەپێبدات.
لەبارەى رێککەوتنى پارتى و حکومەتى عێراقیش لەسەر ئیدارەدانى ناوچەکە، رۆژنامەکە لە زارى پیرەوە نووسیویەتى، ئەم کارە وەک ئەوە وابوو شوانى مەڕ بە گورگ بسپێردرێت.
سەباح
ئەمریکا دەخوازێت عێراق رۆڵی خۆی ببینێت لە هێورکردنەوەى ناوچەکە
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوزیرانى عێراق، هێورکردنەوەى ناوچەکەى بەندکرد بە رێگرییکردن و وەستاندنى نەتانیاهۆ و حکومەتەکەى لە هێرش و پەلاماردانەکانى بۆ سەر کەرتى غەزە و فراواننەبوونى ئەو جەنگە بەرەو لوبنان و دووبارەنەبوونەوەى دەستدرێژیی و پێشێلکردنى سەروەریی دەوڵەتانى ناوچەکە و هەوڵی فراوانکردنى بازنەکانى جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئەوەش لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا تاوتوێ کرا، سەبارەت بە دوایین بارودۆخى هەرێمیی و ناوچەییەکان.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەى نێوان سودانى و بلینکن، رۆڵی عێراق لە هێورکردنەوەی گرژیی و ململانێکانى ناوچەکە باسکرا، بەتایبەت رۆڵی وڵاتەکە لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین.
عەرەبی جەدید
دۆسیەى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک دەبێتە پێشەنگ
بەرپرسانى حکومەتى عێراق دەیانەوێت دۆسیەى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک چارەسەربکەن دوای ئەوەى هاوشێوەى ئەو پرسەیان لە پارێزگای دیالە چارەسەرکرد، دوای نۆ مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق.
دوای تێپەربوونى زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، هێشتا دەنگ و بۆچوونى جیاواز هەیە لەسەر پرسی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک، پارێزگا دەوڵەمەندەکە بە نەوت.
ناکۆکییە توندەکەش لەنێوان پێکهاتە کوردى و عەرەبی و تورکمانەکانن، بەوپێیەى هەندێک لایەن و هاوپەیمانیی لە سەنگ و ژمارەى کورسییەکانیانەوە لەیەکەوە نزیکن.
چەند رۆژێک بەر لەئێستا، گرێکوێرەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی لە دیالە چارەسەرکرا و ئێستا کەرکوک وەک دوایین پارێزگای عێراق ماوەتەوە ئەو کێشەیەى چارەسەربکرێت.
لەسەر راسپاردەى سودانى، بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە و لایەنەکان بگەنە ریگەچارەیەک بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
بازرگانی لەگەڵ سێ وڵات دەبێتە شوێنگرەوەى ئیسرائیل
لە مانگی ئایاردا تورکیا تەواوى ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت. لە بەرامبەر ئەمەدا تورکیا لەگەڵ سێ وڵاتی دیکەدا قەبارەى ئاڵوگۆڕی بازرگانییەکانى زیادکرد ئەوانیش هەریەک لە یۆنان بە رێژەى 36% ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادبووە، لەگەڵ قوبروس و فەڵەستینیش بەهەمانشێوە.
مانگانە قەبارەى بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بە قەبارەى 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلارە.
میللییەت
پێویستە منداڵان لە ئامێری تەکنەلۆجی بەدوور بن
بەگوێرەى راپۆرتێکی یونیسێف، بەکارهێنانى ئامێرە تەکنەلۆجییەکان لەلایەن منداڵەوە دەبێتە هۆى خەو زڕاندن و خووگرتن، ئەمەش ئەگەری لاوازی مێشک و تێکچونی خەو، دەرکەوتووە ئەو منداڵانە لە تاقیکردنەوەکاندا نمرەى کەم بەدەستدەهێنن. تەنانەت کێشەى هەڵسوکەوتکردنیان لەگەڵ ژینگەى قوتابخانە بۆ دروست دەبێت.
یونیسێف هۆشداری دەدات بەوەى پێویستە منداڵان لە ئامێرە تەکنەلۆجییەکان بەدوور بێت.
یەنیچاخ
نوێنەرایەتی ژن لەنێو جەهەپە زیاتر دەبێت
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە میانەى پێشکەشکردنی گوتارێک لە 15هەمین کۆنگرەی ئاسایی ژنانی پارتەکەیدا گوتی، دەرفەتدان بە بەشداری ژنان لە پڕۆسەی سیاسییدا یەک لە بنەماکانی رێکخراوی سۆسیال دیموکراتی جیهانییە.
لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەین رێژەی ژن و پیاو لەنێو بەرپرسیارێتی پارتەکەمان یەکسان بکەین. لایەنی کەم لە هەڵبژاردنى داهاتوودا 40% بۆ 50% پەرلەمانتارەکانمان و سەرۆکشارەوانییەکانمان ژن بێت.
ئەڤرەنسەل
زیاتر لە 50 هەزار زیندان کرێکاریی دەکەن
لە تورکیا و باکووری کوردستان 322 هەزار و 780 زیندان لە گرتووخانەکاندا هەن. 50 هەزار و 98 زیندان لە گرتووخانەکاندا کاری جۆراوجۆر دەکەن. وەک کاری دارتاشی، بەرگدوریی و کاری دەستی.
زۆرترین مووچەیان چوار هەزار و 950 لیرەیە، کە دەکاتە نزیکەى 150 دۆلار، ئەمەش مووچەیەکی کەمە لەکاتێکدا هیچ مافێکی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی نایانگرێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ هۆشداری دەدات و دەڵێت لە کوێ پێویست بکات، ئێمە لەوێ دەدەین
وەزیری دەرەوەی ئوردن سەردانێکی نامۆی تاران دەکات و ئەمریکاش ئامادەکاری دەکات پشتگیریی هێزی دژەئاسمانیی ئیسرائیل بکات.
لەکاتێکدا کۆمەڵێک هەوڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستیانپێکردووە، بۆئەوەی رێگری بکەن لە روودانی شەڕی نێوانی ئێران و ئیسرائیل.
رۆژی یەکشەممە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری بە لێدوانێک گوتیان ئیسرائیل ئامادەیە وەڵامى هەر هێرشێک بداتەوە، کە لەلایەن ئێران خۆی یان لایەنگرە دوور و نزیکەکانیەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل، چ لە بەیروت بێت یان یەمەن.
هەر رۆژی یەکشەممە ئەیمەن سەفەدی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئوردن بە سەردانێک گەیشتە تاران بۆئەوەی داوایان لێبکات رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر نەبەن.
عەرەب نیوز
مەترسیی شەڕ لە لوبنان زۆرتر بووە، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلیەوە بۆسەر چەند خوێندنگەیەک زیاد لە سی کەس کوژراون
وڵاتانی جیا جیا داوا لە هاووڵاتیانی خۆیان دەکەن لوبنان جێبهێڵن، فەرەنسا لەم رووەوە هۆشدارییدا و گوتی رەوشی لوبنان زۆر نائارامە، چونکە ئێران و هاوکارەکانی لەنێو لوبنانەوە کەوتوونەتە ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی خۆیان بەرامبەر بە کوشتنی کەسایەتییەکی سیاسیی گەورە و مەبەستیشیان ئەوەیە رووی ئاگری تۆڵەسەندنەوەکەیان بکەنە ئیسرائیل.
سعودیە دوایین وڵات بوو داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کرد لوبنان جێبهێڵن.
مۆرنینگ ستار
ئاستی ئاژاوەگێڕییەکان بەرزتربوونەتەوە کەسانی رەگەزپەرست ئاگریان لە ئوتێلێک بەرداوە
دوێنێ ئاژاوەگێڕییەکان توندتر بوونەوە و هێرشبەران لە ناوچەی رۆزەرهام ئاگریان لە ئوتێلێک بەردا، کە بۆ نیشتەجێکردنی پەناخوازان بەکارهێنراوە. هەوڵی سوتاندنی ئەم ئوتێلە دوایین کاری توندوتیژیی رەگەزپەرستەکانەیە، کە رژاونەتە سەرشەقام.
لەپاش پەلاماردانی ناوەندێکی مەشق و سەمای منداڵان و کوشتنی سێ کچی منداڵ بە چەقۆ ئاستی توندوتیژی لە بەریتانیا هەڵکشانێکی زۆری بەخۆیەوە دەبینێت.
دەیلی تەلەگراف
دەرمانخانەکان هۆشداری بەخەڵک دەدەن و دەڵێن تکایە بە ئۆنلاین دەرمانی خۆلاوازکردن مەکڕن
ئەو دەرمانەی بۆ خۆلاوازکردن باوە ناوی ئۆزەمپیکە، لە ئۆنلاین بەشێوەی نایاسایی دەفرۆشرێت و بەکاردێت، بۆیە رێبەرانی کاری دەرمانخانەیی لە بەریتانیا هۆشداری دەدەن بە خەڵک و دەڵێن، دەرمانە رێگەپێدراوەکەی دابەزاندنی کێش لە دەرمانخانەکاندا نەماون، چاوەڕواندەکرێت ساڵی ئایندە زۆربن، بۆیە ئێستا ئەوەی لەسەر ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت بە ئۆنلاین دەفرۆشرێت رەسەن نییە و خۆتانی لێ لابدەن.
رێکخراوی نیشتمانیی دەرمانسازیی بەریتانی، کە بە ئێن پی ئەی ناسراوە هۆشدارییدا لەوەی رەنگە ئەوەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێت خەڵەتاندنی تێدابێت.
رۆژنامە فارسییەکان
جەوان
تۆڵەسەندنەوەی ئێران چاوەڕواننەکراو و لەدەرەوەی سیناریۆکانی ئیسرائیلە
حسێن تائیب، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران رایگەیاند، تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داڕێژراوە و لەسەر بنەمای ئەو سیناریۆیانە دەبێت، کە ئیسرائیل پێشبینی نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکییەکان پلانیان داناوە بۆ دزەکردنە نێو ئێران و زاڵبوون بەسەر ناوچەکەدا، ئێرانیش دەبێت لە سێ میحوەری نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆدا ئامادەبێت بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەو مەترسیانەدا بکات.
تائیب دەڵێت، ئیسرائیل لە داڕمان نزیک دەبێتەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران دەتوانێت بە تەقاندنی موشەکەکانی بۆ ئیسرائیل ناچاری بکات بە ستراتیژییەکانی خۆیدا بچێتەوە.
تەجارەت
ناچارین ئۆتۆمبێلەکان بگۆڕین بۆ کارەبایی
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری پیشەسازی ئێران ئاماژەی بە گرنگی کارەباکردنی ئۆتۆمبێلەکان کرد بەهۆی کێشەی ژینگە و پیسبوونی هەوا و گوتی، ئەم گۆڕانکارییە بووەتە پێویستییەکی حەتمی، چونکە شارەکانی ئێران توانای بەرگەگرتنی ئاستی بەرزی پیسبوونیان نەماوە و تێچووی سووتەمەنی وەک بەنزین و گازۆیل بارگرانییەکی دارایی گەورە بەسەر وڵاتدا دەسەپێنێت.
عەلی ئابادی دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر پیشەسازییەکانی دیکە هەبێت و هەلی کاری نوێ دروستبکات و رێ بە بەکارهێنانی سووتەمەنی نوێبووەوە بدات.
ئەبرار
ئیسرائیلییەکان لەناوخۆی ئێراندا تۆڕێکی سیخوڕییان هەیە!
ئەبولفەزل زوهرەوەند، ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل تۆڕی سیخوڕی لە ئێران هەیە و ئەم تۆڕانە لە ناوخۆی تارانیشدا چالاکن.
ئەو کوشتنی ئیسماعیل هەنیەى بە پێشێلکردنی یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی وەسف کرد و گوتی، کوشتنی هەنیە و هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی و حزبوڵا پێویستیان بە وەڵامدانەوەی گونجاو هەیە.
جەهانی سەنعەت
دوو کۆڵبەر لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە کوژران
ئومێد کەریمیان، نوێنەری مەریوان لە پەرلەمان رایگەیاند، هەفتەی رابردوو پاسەوانی سنوور تەقەی لە کۆڵبەران کردووە و دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان و سەوڵاوا گیانیان لەدەستدا.
دەڵێت، داوای لە وەزیری ناوخۆ کرد روونکردنەوە بدات بۆچی پاسەوانی سنوور ئەم کارە دەکات.
کەریمیان جەختی کردەوە داواکاری ناوچە سنوورییەکان لە رووی ئاو و نان و نیشتەجێبوون و ئاسایشەوە رۆژانە لە زیادبووندایە و داوای لە سەرۆککۆمار کرد گوێ لە دەنگی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بگرێت.