زووم..
ئەمڕۆ لوبنانییەکان یادی چوارساڵەی تەقینەوەکەی بەیروتیان کردەوە، کە گەورەترین تەقینەوەی نائەتۆمی سەردەم بوو بەبێ ئەوەی تاوانباری سەرەکی بدۆزرێتەوە و دادگایی بکرێت.
هەر لە یەکەم رۆژی تەقینەوەکەوە دەسەڵاتدارانی لوبنان هۆکاری تەقینەوەکەیان بۆ هەڵگرتنی رێژەیەکی زۆری مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لەنێو بەندەرەکە گەڕاندەوە، بەبێ ئەوەی رێکاری پێویستی خۆپارێزی سەربارەت بە کەوتنەوەی ئاگر لە کۆگاکەدا بگیرێتەبەر
دواتریش لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت، بەشێکی زۆری بەرپرسە لوبنانییەکان ئاگاداربوون لە مەترسییەکانی هەڵگرتنی رێژەیەکی وەها زۆر لەو ماددەیە بەبێ گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی، بەڵام هیچ هەڵوێستێکیان بۆ رێگری کردن لەو کارەساتە نەگرتبووەبەر و بێ ئاگا لێی خەوتبوون.
هەرچەندە بەهۆی تەقینەوەکەوە زیاتر لە 220 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا و سەرەرای تێپەربوونی چوار ساڵی رەبەق، بە هۆکاری سیاسی و دادوەری لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پەکخراوە، و هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکارەکانییەوە ئاشکرا نەکراون.
دوای تەقینەوەکە دەسەڵاتی لوبنان دادوەر فادی سەوان وەک لێکۆڵەری دادوەری کەیسەکە دیاریکرد، بەڵام دوای شەش مانگ لە کەیسەکە دوورخرایەوە بەهۆی ئەوەی حەسان دیاب سەرۆکوەزیران و سێ وەزیری پێشووی بە کەمتەرخەمی و کەموکوڕی لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان و هۆکاری مردنی دەیان کەس و بریندابوونی سەدان کەس تۆمەتبارکرد.
دواتریش دادوەر تارق بەیتار بەهەمان بەربەستی دادوەری پیشو تێپەڕبوو.
بەیتار دەیویست لێپرسینەوە لە حەسان دیاب و چەندین وەزیرێکی پێشوو، ئەندامی پەرلەمان و بەرپرسی ئەمنی و سەبازی بکات، بەڵام پەرلەمانی ئەوکات رەتیکرەوە پارێزبەندی لەسەر ئەندامەکانی هەڵگرێت و وەزارەتی ناوخۆش بەهامنشێوە رەتیکردەوە لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی بکرێت و چەندین گرێکوێرە لە لێکۆڵینەوەکان دروستبوون و تا ئێستا نەکراونەتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، تارق بەیتار بەنیازە لە هەفتەی داهاتووەوە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی هۆکاری روداوەکە دەستپێبکاتەوە، وادەیەک بۆ لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دیاریبکات، کە تا ئێستا لەبەردەمی ئامادە نەبوونە، لەئەگەری ئەوەی رەتیبکەنەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا فەرمانی دەستگیرکردنیان بە ئاماددە نەبوو دەردەکات.
تارق بەیتار دەیەوێت، پێش کۆتایی ئەمساڵ لێکۆلینەوەکان کۆتاییان پێبێت و تۆمەتبارەکانی ئەم کەیسە یەکلابکرێتەوە و بە سزای خۆیانی بگەیەنێت.
جینین بلاسخارت، رێکخەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بەتەنزەوە دەڵێت، پەکخستنی لێکۆڵینەوەکان لە کارەساتێکی لەو شێوەیە و دروسکراوی مرۆڤ کارێکی سەرسوڕهێنەرە.
گوتیشی، پێویستە دەسەڵاتداران کارێکی وا بکەن هیچ بەربەستێکی هەیکەلی و سیاسی لەبەردەم کەیسەکە نەهێلن بەڵام ئەوەی روودەدات بەتەواوی پێچەوانەیە.
تەقینەوەکەی بەیروت بە نەهامەتیی و قوربانییەکانی لە مرۆڤ و دار و بەرد تاکە کارەساتی تەقەینەوەکە نییە، بەڵکو ئەو بەربەستە توند و سەختانەی دروستبوون لەبەردەم لیکۆڵینەوەکان و سزانەدانی ئەو تاوانبارانە دیوێکی دیکەی کارەساتەکەی تاوانی سەددەیە.