زووم..
“ئەو لە هیچ تێناگات و هیچ نازانێت”، “ئەگەر شاشەی خوێندنەوەی لەبەردەم نەبێت، تەنانەت ناشزانێت چۆن قسە بکات”
ئەمە گوتەی دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکانە بەرامبەر کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
ترەمپ سڵ لە بەکارهێنانی زمانی زبر بەرامبەر رکابەرەکانی ناکاتەوە، جۆ بایدنی ئێستای سەرۆکی وڵاتەکە بە خەواڵوو ناودەبات و بە کامالا هاریسی جێگریشی دەڵێت، “کەسێکی ئای کیو نزم”، بە کوردییەکەی خۆمان یەعنی گێلە.
ئەو دەڵێت: ئەو وا دەردەکەوێت کەسێکی ئای کیو نزمە، هەر بەڕاستی ئەو وایە و ئاستی زیرەکییەکەی زۆر نزمە، ئێستا سەرۆکی چین دەڵێت، ئۆ و باشە، کەسێکی دیکەی ئاست نزممان هەیە، کە دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
هەروەها دەڵێت: ئەوان بەڕاستی حەز بە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی ئاست نزم دەکەن
ترەمپ دەشڵێت، ئەو ئەمریکا لە دەستی خراپترین ئیدارەی مێژووی وڵاتەکە وەردەگرێتەوە، چونکە بایدن خراپترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکایە و کامالا هاریسی جێگریشی وەک خراپترین جێگری سەرۆک لە مێژووی وڵاتەکە ناسراوە.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، کە ئەوان وڵاتەکە لە دەستی خراپترین ئیدارە دەردەهێنن، ئەوەش دەڵێت: بایدن خراپترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکایە و کامالا هاریسیش خراپترین جێگری سەرۆکە. ئەو هیچ نازانێت و لە هیچ تێناگات، ئەزانی ئەگەر شاشەی خوێندنەوەی لەبەردەم نەبێت، تەنانەت ناشزانێت قسە بکات.
دۆناڵد ترەمپ پێشتریش هێرشی دیکەی کردووەتە سەر کامالا، کامالاش داوای کردووە ترەمپ دیبەتی لەگەڵ ئەنجامبدات و هەرچییەکی هەیە رووبەڕوو لە دیبەیتەکەدا پێی بڵێت.
ترەمپ رەزامەندی دەربڕیوە لە چواری مانگی ئەیلول دیبەیت لەگەڵ کامالا هاریس ئەنجامبدات بەو مەرجەی دیبەیتەکە لەلایەن کەناڵی فۆکس نیوزی نزیک لە خۆیەوە سەرپەرشتی بکرێت.