زووم..
لە تورکیا گەنجێک بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش خولیای کۆکردنەویەی تەسبیحی هەیە و دەڵێت تەسبیحەکانم بۆ فرۆشتن نییە و بەنیازم وەک یادەوەرییەک بۆ مناڵەکانم بەجێبهێڵم.
ئەکرەم شەن دوکاندارێکی شاری ئەنتاڵیایە لە تورکیا، ساڵانێکە خولیای کۆکردنەوەی تەسبیحی هەیە، هەرچەندە خولیاکەی لە پیشەکەیەوە دوورە.
ئەو تەسبیحانەی کۆیاندەکاتەوە، بەشێوەیەک لە نێو سندوقی تایبەت لە دوکانەکەیدا ریزیان دەکات، ئەمەش سەرنجی گەشتیارانی راکێشاوە.
ئەکرەم شەن، سەرقاڵی فرۆشتنی رادیۆ و تەسجیلی ئۆتۆمبێلە، بەڵام زیاتر تەسبیح سەرنجی رادەکێشێت، بۆیە بەردەوام دەچێتە بازاڕی تەسبیحفرۆشان و کۆیان دەکاتەوە.
ئەو گەنجە ئەوەندە خولیای کۆکردنەوەیانە دەڵێت، بۆ ئەو نرخی تەسبیحەکان گرنگ نین، تەسبیحێکی ١٠٠ هەزار لیرەیی و تەسبیحێکی یەک لیرەیی بۆ ئەو وەکو یەکەن.
ئەکرەم سەرەتا لەو تەسبیحانەوە دەستیپێکردووە وەک دیاری لەلایەن هاوڕێکانییەوە بۆیان هێناوە، دواتر بووەتە خولیایەک و بەو هۆیەشەوە لە ماوەی ١٠ ساڵدا سێ هەزار و ٦٠٠ تەسبیحی کۆکردووەتەوە.
هەرچەندە ئەم ژمارە زۆرە لە تەسبیحی هەیە، بەڵام بازرگانی بە تەسبیحەوە ناکات، بە وردی ئەو تەسبیحانە هەڵدەبژێرێت و دەیانپارێزێت.
ئەو دەڵێت: تەسبیح ئێستا بووەتە خولیایەک بۆ من، تا لە ژیاندا بم بەردەوام دەبم لە کۆکردنەوەی تەسبیح، نیازی فرۆشتنی تەسبیحم نییە، چونکە بەهای تەسبیح بەگوێرەی تەمەن و کوالیتی دەگۆڕێت، تەسبیحی دەستی عوسمانی، ئۆلتو، ئاگر، چەقۆ، دڵۆپ کەهەب، زولتانیت، کاتالین، مەرجانی، فیروزە و جۆری دیکەم کۆکردۆتەوە.
ئەم گەنجە ئێستا شارەزاییەکی زۆری لەبارەی تەسبیحەوە پەیداکردووە، لە کاتێکدا پێشتر هیچ زانیارییەکی لەسەی نەبووە، بەڵام بە تێپەڕبونی کات شارەزایی لەسەر بەرد و موروی تەسبیح پەیداکردووە.
هەروەها دەڵێت: دەستمکردووە بە دروستکردنی شوێنێکی تایبەت لە شوێنی کارەکەم بۆ نمایشکردنی تەسبیحەکانم، دوو کچ و کوڕێکم هەیە، وەک یادەوەرییەک و دەستکەوتێک، ئەگەر لە بەهاکەی بزانن، بەنیازم تەواوی تەسبیحەکانم بۆ ئەوان بەجێبهێڵم.