زووم..
سودانى بە فراکسیۆنەکانى یەکێتى و پارتى گوتووە، دەبێت لەماوەى 72 کاتژمێردا ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆببێتەوە، بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی شارەکە.
دوێنێ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەجیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانى یەکێتى و پارتى کۆبووەوە، دوو سەرچاوەى بەشدار لە هەردوو کۆبوونەوەکە بە زوومیان گوت، سودانى گوتوویەتى، نابێت چیدیکە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی کەرکوک دوابکەوێت و دەبێت لەماوەى سێ رۆژدا کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، تاڕادەیەک رێککەوتن بۆ پێکهێنانى حکومەت و هەڵبژاردنى پارێزگار کراوە و دوو ساڵ بە دوو ساڵ دەبێت، دوو ساڵ پۆستى پارێزگار بۆ کورد دەبێت، کە بەگوێرەى رێککەوتنەکە بۆ یەکێتى دەبێت، دوو ساڵى دواتریش بۆ پێکهاتەى عەرەبی دەبێت.
هاوکات سەرچاوەیەکى دیکە بە زوومى گوت، ئەنجومەنى عەرەبی بەسەرۆکایەتیی راکان جبوورى ئەمڕۆ سەردانى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکەن، سەردانەکەش لەبارەى پرسی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی کەرکوکە.