زووم..
ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل راگیراون بەهۆی داواکاریی نوێی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە.
ماڵپەڕەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی و ئەمریکییەوە دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە شاندێکی باڵای دەزگای مۆساد و شین بێتی ئیسرائیل گەیشتووەنەتە قاهیرە و لەگەڵ هاوتا میسرییەکانیان گفتوگۆیان کردووە لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن.
دەشڵێت، گەیشتن بە رێککەوتن هێشتا دوورە، چونکە ناتانیاهۆ چەند مەرج و داواکارییەکی نوێی هەیە بۆ دانانی میکانیزمێکی نێودەوڵەتیی نوێ بۆ رێگری لە گواستنەوەی چەک لە باشوورەوە بۆ باکووری غەزە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس رەتیکردووەتەوە، هەر ئەوەش بووەتەهۆی راگرتنی دانوستانەکان.
ئەوە یەکەم دانوستانە لەبارەی ئاگربەستی غەزە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران، ئاکسیۆس دەڵێت، شاندی قەتەری لە دانوستانەکاندا ئامادەنەبوون بەهۆی هەستیارییان بەرامبەر کوشتنی هەنیە.
دەشڵێت، دانوستانەکانی ئەمڕۆ لەسەر چەند کێشەیەکی ئەمنی بووە بەتایبەت بە لایەنی ئەمنیی رێڕەوی فیلادلفیا لەنێوان میسر و ئیسرائیل لەسەر سنووری غەزە.