زووم…
کوژارنى ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیی حەماس لە یەکێک لە پارێزراوترین ناوچەکانی تارانی پایتەخت.. ئێرانی تووشی ئیحراجییەکی بێوێنە کردەوە، نەک تەنها لەبەرئەوەی میوانێکی هاوپەیمان و بەنرخی لەنێو خاکەکەیدا لەدەستداوە، بەڵکو شکست و شەرمەزارییەکی بێوێنەی هەواڵگریی و ئەمنی تووشی ئەو وڵاتە کردووە.
ئەوەتا دوای تێپەڕبوونی سێ رۆژ، ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار زانیاری لەسەر شێوازی کوشتنەکە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، لەڕێگەی مووشەکێکی کورتمەوداوە ئەنجامدراوە.
سوپای پاسداران ئەمڕۆ سێیەم راگەیەنراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کارەکە بە مووشەکێکی کورتمەودا لە دەرەوەی میوانخانەکەوە ئەنجامدراوە کە هەنیەی تێدابووە و کڵاوەیەکی تەقەمەنیی حەوت کیلۆیی پێوەبووە و تەقینەوەیەکی بەهێزی لێکەوتووەتەوە.
دەشڵێت، ئەو شوێنەی هەنیەی تێدابوو بارەگای مانەوەی میوانە بیانییەکانە و لەژێر رێکارێکی توندی ئەمنیدا بووە، دووپاتیشی دەکاتەوە، سەرەڕای بێدەنگیی ئیسرائیل، گومان لەوەدا نییە لەپشت پلاندانان و جێبەجێکردنی کارەکەیە و ئەمریکاش پشتیوانی کردووە.
سوپای پاسداران بەم راگەیەنراوە، دەیەوێت زانیارییەکانی پێشتری رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بەدرۆ بخاتەوە کە هەنیە بە بۆمبێکی چێنراو لە ژوورەکەیدا کوژرابێت کە پێشتر لەلایەن ئەندامانی ئەو هێزە ئەمنییەی کە ئەرکی پاراستنی شوێنەکەیان لەئەستۆگرتووە چێنراوە و لە دوورەوە تەقێنراوەتەوە.
هەرچەندە سوپای پاسداران لایەنێکی پەیوەندیدارە بۆ روونکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام پێویستە زانیاری و بەڵگەی زیاتر بخاتەڕوو بۆ سەلماندنی گێڕانەوەکەی بۆ رای گشتی، بۆ نمونە گرتەی کامێراکانی چاودێری کە بە دڵنیاییەوە دەیان و سەدان دانەی تێدا جێگیرکراون بەوپێیەی جێگەی حەوانەوەی میوانە بیانییەکان بووە.
نیۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، تەنانەت شووشەی پەنجەرەکانی میوانخانەکەش گوللـەنەبڕ بوون و شوێنەکە سیستمى بەرگریی و راداریشی لێ بووە.
هاوکات رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیایش گێڕانەوەیەکی دیکەی هەیە کە پاڵپشتی لە گێڕانەوەکەی نیویۆرک تایمز دەکات و دەڵێت، مۆساد لەڕێی دوو بەكرێگیراوی سوپای پاسدارانەوە هەنیەی كوشتووە.
دەشڵێت، پلانە سەرەكییەكە ئەوەبووە لە رێورەسمی بەخاكسپاردنی رەئیسیدا هەنیە بكوژرێت، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی باڵەخانەكەوە نەتوانراوە كارەكە ئەنجامبدرێت.
تەلەگراف باسی لەوەشکردووە، بەكرێگیراوەكان لە یەكەی پاراستنی بەرپرسە باڵاكان بوون و بۆمبیان لە سێ ژووری میوانخانەكە چاندبوو.
ئەمڕۆش رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی دیکەی بڵاوکردەوە لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانیی نزیک لە لێکۆڵینەوەکان و دەڵێت، زیاتر لە 20 ئەفسەری باڵای ئیتڵاعات و سەربازی و فەرمانبەری میوانخانەکە دەستگیرکراون.